له وتارێكدا كه ئیلیاس حه‌رفووش نووسه‌ری ناسراوی عه‌ره‌بی، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م له ڕۆژنامه‌ی "ئه‌لحه‌یات"ی له‌نده‌نی بڵاوی كردووه‌ته‌وه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه وا بزانین به گرتنه‌وه‌ی شاری كه‌ركووك، خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی كورد كۆتای پێ هاتووه، ئاهه‌نگی عێراق و شیوه‌نی هه‌رێمی كوردستان زێده‌ڕۆیییان تێدایه.
ئه‌و نووسه‌ره ئاماژه به‌وه ده‌كات، ته‌نگژه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، ئه‌مڕۆ نییه دروست بووه و شتێكی بێ وێنه‌ش نییه، چونكه نزیكی هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی وه‌ك عێراق به شێوه‌ی فیدراڵی نه‌ته‌وه و پێكهاته جیاكان به‌یه‌كه‌وه به‌ستراونه‌ته‌وه، له ته‌نگژه‌دان و له ماوه‌ی ساڵانی دواییش، زۆربه‌یان حه‌زی جیابوونه‌وه‌یان له وڵاته ناوه‌نده‌ی پێوه‌ی لكاون نه‌شاردووه‌ته‌وه و هه‌ندێكیشیان وه‌ك هه‌رێمی كوردستان ڕوویان له سندووقه‌كان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێی ڕیفراندۆمه‌وه ئه‌و بڕیاره بده‌ن، بۆ نموونه سكۆتله‌ندا له به‌ریتانیا، كه‌ته‌لۆنیا له ئیسپانیا و ڤینیسیا له ئیتاڵیا.
خه‌باتی كورد له‌پێناو ناسنامه‌كه‌یان نوێ نییه، ته‌نانه‌ت هه‌وڵیشیان بۆ دروستبوونی قه‌واره‌یه‌كی له ژێر پڕۆژه‌یه‌كی سیاسیی ئاینده‌دا ده‌مێكه هه‌یه، بۆیه ئه‌وه زێده‌ڕۆیییه بڵێین ئه‌م پڕۆژه‌یه به گرتنی شاری كه‌ركووك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه ئیتر دۆڕا و ڕووخا، بیرمان نه‌چێ تا داعش نه‌هاتبوو واته تا ساڵی 2014 حكوومه‌تی عێراق شاره‌كه‌ی ده‌پاراست، به‌ڵام كاتێك ئه‌و سوپایه نه‌یانتوانی به‌رگری له مووسڵ بكه‌ن و له كه‌ركووكیش كشانه‌وه، پێشمه‌رگه بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌مان ده‌ردی مووسڵی لێ نه‌یه‌ت، چوونه شاره‌كه‌وه و پاراستیان.
گرتنه‌وه‌ی كه‌ركووك له‌لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه، به تایبه‌تی به‌م شێوه‌یه كه میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی خۆیان پێدا كرد و له دۆخێكی ئاهه‌نگگێڕاندا، سووكایه‌تییان به ناسنامه‌ی كوردی شاره‌كه ده‌كرد و سنووریان به‌زاندن، زیاتر هه‌ستی كورد ده‌گه‌یه‌نێته ئه‌و بڕیاره‌ی ئینتیمای بۆ عێراق نه‌مێنێ و بۆی ده‌ركه‌وێ ئه‌وه وڵاتی ئه‌و نییه، ئه‌ی ئه‌وه نییه به چوونی ئه‌و هێزانه بۆ شاره‌كه، به ده‌یان هه‌زار خانه‌واده‌ی كورد چۆڵیان كرد! ئه‌مانه به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد عێراقی ناوێ و عێراقیش به سووكایه‌تی ته‌ماشای كورد ده‌كات، باشترین به‌ڵگه‌ش په‌یامی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه بوو، داوای كرد پارێزگاری له دۆخی ته‌ناهیی كورده‌كان بكه‌ن.
زۆر كه‌س پێی وایه، ماده‌م سوپای عێراق و میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ركووكیان گرت، ئیتر مه‌سعوود بارزانی دۆڕاوه، چونكه به هه‌ڵه شاره‌كه‌ی خسته ناو پرۆسه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش زێده‌ڕۆیییه و خوێندنه‌وه‌یه‌كی ته‌واو نییه، چونكه له سه‌رده‌می سه‌دامه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت به چه‌ندان ڕێ وه‌ك ته‌عریبكردنی شاره‌كه، ده‌ستكاری دیمۆگرافیای بكرێ، به‌ڵام ئه‌وان هه‌ر به‌ره‌و ئه‌و خه‌ونه ده‌ڕۆن كه بارزانی هه‌وڵی بۆ دا. ئێسته‌یش ئه‌و شاره ناگاته سه‌قامگیری تا به بڕیاری خه‌ڵكه‌كه‌ی خۆی نه‌بێ.
ڕه‌نگه دوای كه‌ركووك، ئه‌م جاره به شێوه‌یه‌كی لۆجیكیانه‌تر و سیاسه‌تێكی ژیرانه‌تر كورد هه‌وڵ بۆ ئامانجه‌كانی بدات و خوێندنه‌وه‌ی هه‌ڵه بۆ پێشبینییه‌كان نه‌كات، به‌ڵام هه‌رگیز له خه‌ونه‌كه‌ی ڕای ناگرێ. به‌لای منه‌وه ئه‌م گرتنه‌وه‌یه‌ی كه‌ركووك، پێویسته زیاتر حكوومه‌تی ناوه‌ند هۆشیار بكاته‌وه، ئه‌و خه‌ونه‌ی هه‌یه‌تی كه له ڕێی هێزه‌وه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو عێراقدا بسه‌پێنێ، ئه‌وا سه‌ر ناگرێ، چونكه ئینتیمای خه‌ڵك بۆ وڵاته‌كه‌یان به زۆر دروست ناكرێ، كوردیش هیچ ئینتیمایه‌كی بۆ عێراق نییه.
پێویستیشه ئه‌وه بزانین عێراق له ڕێی سوپایه‌كی نیشتمانییه‌وه هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و خاكانه‌ی بۆ ژێر ڕكێفی خۆی نه‌داوه، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی كردووه، هێزێكی میلیشیای مه‌زه‌وییه و به ئاڵا ئاینییه مه‌زه‌وییه‌كانییه‌وه خۆی به‌و ناوچانه‌دا كردووه و له شه‌قامه‌كانی كه‌ركووكدا به‌رزی كردوونه‌ته‌وه. هێزێكی له‌م شێوه‌یه هه‌رگیز هیوا و دڵدانه‌وه به هاووڵاتییان نابه‌خشێ، به‌ڵكو تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێیان ده‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌شه وای لێ كردن شاره‌كه‌یان جێ بهێڵن.
خستنه‌وه كه‌ركووك بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراق، خه‌ونی كورد له‌بار نابات. ئه‌و كاته ئه‌و خه‌ونه له‌ناو ده‌چێ، كاتێك كورده‌كان هه‌ست بكه‌ن له‌و وڵاته‌ی تێیدان، هی خۆیانه و ئینتیمایان بۆی هه‌یه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌پارێزێ و جیاوازیی له نێوان نه‌ته‌وه و ئاین و توێژه‌كان ناكات. به‌ڵام كاتێك گرتنی شاره‌كه به سه‌رپه‌رشیی قاسم سلێمانی ده‌بێ، ئه‌وه‌نده‌ی تر هه‌ستی كورد به‌رز ده‌كاته‌وه و له‌سه‌ر دۆزه‌كه‌ی توندتری ده‌كات، وه‌ك چۆن هه‌ستی هه‌موو خه‌ڵكی دنیای بۆ ئه‌وه ڕ‌اكێشا كه تاران هاوبه‌شێكی كاریگه‌ره له سه‌ركردایه‌تیكردنی به‌غدا و هه‌رگیز به‌بێ ئه‌وان بڕیاری پێ نادرێ.
كوردۆ
ئیلیاس حه‌رفووش، نووسه‌رێكی ناسراوی عه‌ره‌به، ماوه‌ی چه‌ندان ساڵه وه‌ك وتارنووسێكی به‌رده‌وامی ڕۆژنامه‌ی "ئه‌لحه‌یات"ی له‌نده‌نی وتاره‌كانی بڵاو ده‌كاته‌وه و جێی بایه‌خی میدیاكانه، به تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری بابه‌ته‌كانی له ڕوویه‌كی ستراتیژییه‌وه ده‌ڕوانێته دۆخه‌كان.