میلیشیا و پاسدار ماون و بە فارسی قسە دەكەن
"وشە" وێنەی ئێستەی ناو كەركووك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:03:16:22/10/2017 ‌
دوای شەش ڕۆژ لە داگیركردنی كەركووك لەلایەن پاسداران و میلیشیاكانی شیعە بە دەستكێشی گرووپێكی ناپاكی ناو لایەنێكی سیاسی، هەرچەندە گرووپە ناپاكەكە دەیانەوێ ئەوە لە هزری خەڵك بچەسپێنن كە میلیشیاكان و هێز لەناو كەركووك نەماوە، بەڵام "وشە" وێنەی ئەمڕۆی هەمەڕ و ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی میلیشیاكان و سوپای پاسداران لەناو كەركووك بڵاو دەكاتەوە.

كامێرای "وشە" بە نێو شەقامی كەركووك سووڕایەوە و چەندان وێنەی هێزەكانی میلیشیای شیعە و پاسدارانی ئێرانی گرت، كە ئێستە بێ ئاڵای حەشدی شەعبی لە كەركووك ماونەتەوە و لەسەر هەر كۆڵان و شەقامێكی گەڕەكەكانی كەركووك بە گشتی و گەڕەكە كوردییەكان بە تایبەتی بڵاوەیان پێ كراوە و سووكایەتی بە خەڵكی كەركووك و كوردانی كەركووك دەكەن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی خەڵكی كەركووك بە پەیامنێری "وشە"یان داوە، میلیشیاكان وەك پیلانێك بۆ كەمكردنەوەی ناڕەزایی و گرژییەكان دژ بە بوونی ئەوان و هێزەكانی پاسداران، ئێستە بە ئاشكرا ئاڵای میلیشیاكان لەسەر ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵناكەن، بەڵام سەرجەمیان میلیشیای حەشدی شەعبی و پاسدارانن كە دەیانەوێ لە بەرگی سەربازانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی لە شارەكە بمێننەوە.

چەند هاووڵاتییەكی شاری كەركووك كە ئێستە لە ناو شارەكەن بۆ "وشە" دووپاتیان لەوە كردەوە، كە ئەو چەكدارانەی لەگەڵ هەمەڕەكانن عەرەبی و توركمانی و كوردی نازانن و بەشێكی زۆریان تەنیا بە فارسی قسە دەكەن و سەر بە هێزەكانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانن.

بڵاوكردنەوەی وێنەی بوونی میلیشیاكان لە ناو كەركووك و گەڕەكەكان، لە كاتێكدایە بەرپرسە ناپاكەكان بەردەوام لە بەشێكی میدیا كوردییەكان دووپات لەوە دەكەنەوە، كە هیچ هێزێكی چەكداری لەناو كەركووك نەماون جگەلە پۆلیسی فیدراڵی، بەڵام ئەو چەكدارانەی لە تەك هەمەڕ و ئۆتۆمبێلە سەربازییەكان دەبینرێن، جلی ڕەشیان لەبەردایە كە ئەمەیش لەلایەن میلیشیاكانی شیعە و پاسدارانەوە دەپۆشرێن.

كەركووك/دلۆڤان مەجید كاكەیی.

















وشە - باز ئه‌حمه‌د