هۆشداری لەبارەی ژینگەی هەولێر دەدرێت

:: PM:04:27:22/10/2017 ‌
بەپێی راپۆرتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، ژینگەی پارێزگای هەولێر لەبەردەم مەترسییەكی راستەقینەدایە و دەبێ بەپەلە چارەسەر بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چەند چارەسەرێك دەخرێتە ڕوو، ئەندامێكی ئەنجوومەنەكە دەڵێت، ڕەنگە بڕیاری كۆتا لەسەر چەند بابەتێك بدرێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 22ـی تشرینی یەكەم، خانزاد یوسف ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سێ‌ لیژنەی تەندروستی و ژینگە و شارەوانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەرقاڵی ئامادەكردنی ڕاپۆرتێكین لەسەر ژینگەی هەولێر، ئەوەی ئەمڕۆی رێباز بێركۆتی لەبارەی ژینگەی پارێزگای هەولێر پێشكەشی كرد، بەمشێوەیە بڕوات لە ساڵی 2020دا ژینگەكە دەچێتە حاڵەتێكی زۆر ناخۆش، ئەویش بەهۆی ئەوەی پاڵاوگەی نایاسایی لە دەوری هەولێر هەیە، ئێمە ڕاپۆرتێكمان هەیە بیخەینە ڕوو ڕەنگە چەند بڕیارێكی بدرێت بەداخستنی چەند كارگەیەك.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر زیاتر گوتی، چارەسەری ئەو دۆخە ئەوەیە رێژەی سەوزایی لە هەولێر وەك ستاندەری جیهانی لە نێوان 18 بۆ 20%بێت و بتوانین چارەسەری بابەتەكانی تر بكەین، ڕەنگە بڕیار  لەسەر فڕێدانی زبڵ و خاشاكیش بدرێت كەچیتر نابێت لەو گۆڕەپانە فرێ بدرێت، هەروەها چەند كارگەیەك ئیتر دابخرێن.

ئەنجوومەنی پارێزگەی هەولێر ماوەی شەش مانگە لەسەر پیسبوونی ژینگەی هەولێر خەریكی پڕۆژە یاسایەكە بۆ ئەوەی ژینگەی هەولێر بپارێزێت لەپیسبوون.



وشە - رامیار جەواد