یەکەم وتاری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا" />

"چیتر ئەمریکا لەو چەقبەستووییەدا نامێنێتەوە"
یەکەم وتاری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا

:: AM:11:36:09/11/2016 ‌

دۆناڵد ترامپ پاڵێوراوی کۆماریخوازەکان دواجار سەرکەوتنی بەدەست هێنا  و سەعات ٣ بە کاتی نیۆیۆرک  و سەعات ١١ بە کاتی هەولێر لە نێو ئاپۆرای جەماوەرەکەی سەرکەوتنی خۆی راگەیاند، یەکەم گوتەی ترامپ سپاسکردنی خەڵکی ئەمریکا بوو و دواتر باسی لەوە کرد کە هیلاری کلینتن پێوەندی پێوە گرتووە و پیرۆزبایی لێ کردووە و ترامپیش سپاسی کلینتنی و کرد و گوتی "منیش سپاسی هیلاری کلینتن دەکەم و پیرۆزبایی لە خۆی و بنەماڵەکەی دەکەم، کلینتن بۆ ماوەیەکی درێژ ماندوونەناسانە کاری کردووە."

ئەو گوتیشی کاتی ئەوەیە لە ئەمریکا ناکۆکییەکان وەلاوە بنرێت، دیموکرات و کۆماریخواز وەک و یەک کەس و یەک نەتەوە هەنگاو بنێن. من دەبمە خزمەتکاری هەموو خەڵکی ئەمریکا و پێیان دەڵێم دەبێت بەیەکەوە کار بکەین، بە بێ جیاوازی رەگەزی و رەنگ و ئایین و بیرکردنەوەی جیاواز.

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دۆناڵد ترامپ ئەوەی خستەڕوو "من کە زیاتر بە بازرگانی خەریک بووم خەڵکی زۆرم لە سەرانسەری جیهان ناسیوە و بۆیە دەمەوێت ئێستە وزەی خۆم لە پێناو وڵاتەکەم بەکار بێنم و ئێستە کاتی ئەوەیە ئەمریکا جارێکی تر وزەی پێ ببەخشرێتەوە. هەموو فڕۆکەخانەکان و نەخۆشخانەکان و دامەزراوەکانی تر نۆژەن بکەینەوە و دەمانەوێت ملیۆنان کەس بۆ بنیاتنانەوەی وڵات بەیەکەوە کار بکەن. چاودێری ئەوانە بکەین خزمەتی سەربازییان هەیە و خەڵکی زۆر دەناسم کە جێگەی شانازین بۆ من."
 
سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە کاریان لەسەر پڕۆژەیەک کردووە بۆ بەرەوپیش بردنی نیشتیمان و دەیانەوێت هەموو بەهرەکان کۆبکەنەوە  و لە خزمەتی ئەمریکادا بەکاریان بهێنن.

سەبارەت بە ئابووری و پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان ترامپ گوتی "دەمانەوێت بەهیزترین ئابووری جیهانمان هەبێت و پەرە بە پێوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بدەین. چیتر ئەمریکا لەو چەقبەستووییەدا نامێنێتەوە و دەبێت پێکەوە جارێکی تر چارەنووسی وڵات دیاری بکەین. دەمەوێت بە جیهان بڵێم بەرژەوەندی ئەمریکا لە پیش هەموو شتێک و دەمانەوێت خاڵە هاوبەش  و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان لە گەڵ جیهان بدۆزینەوە. دەمەوێت سپاسی خیزانەکەم بکەم، شتیان لێ فێر بووم و سوپاسی خوشکەکەم بکەم و برام و هاوڕێ نزیکەکەم ئێمە ستاڤێکی بەهێز و گەورەین و پێکەوە کارمان کردووە و خەڵکی زۆر بەرهرەمەندمان لەگەڵدا بووە."
لە بەشێکی تری وتارەکەیدا دۆناڵد ترامپ یەک لەدوای یەک ناوی ئەو جەنەراڵ و هاوڕێ و خزم و هاوکارانەی هێنا کە یارمەتییان داوە و بوونەتە هۆی سەرکەوتنی ترامپ. ئەو دواتر چووە نێو جەماوەرەکەی تا دڵخۆشی و سەرکەوتنەکەی لەگەڵ خەڵکدا دابەش بکات و دواجار گوتی "کارەکەمان تازە لێرە دەست پێدەکات."


وشە - سلێمان تاشان