مه‌سروور بارزانی: هیوادارم ترامپ پشتیوانی بۆ گه‌لی كورد و پێشمه‌رگه‌ زیاتر بكات

:: PM:02:34:09/11/2016 ‌

ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، هیوای خواست كه‌ سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، پشتیوانییه‌كانی بۆ گه‌لی كورد وپێشمه‌رگه‌ زیاتر بكات.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م، مەسروور بارزانی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە لاپه‌ڕه‌ی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تویتەر" به‌بۆنه‌ی هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا، پیرۆزبایی نارد و نووسیویه‌تی: پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترامپ دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆکی داهاتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
هه‌روه‌ها له‌ پیرۆزباییه‌كه‌یدا، هیوای خواست كه‌ سەرۆکی نوێی ئه‌و وڵاته‌، پشتیوانییەکانی بۆ پێشمەرگە و گەلی کورد زیاتر بکات کە کاریگەرترین و باوەڕپێکراوترین هاوپەیمانن لە شەڕی دژ بە تیرۆر، وەک ئاماژەی پێ داوە.

دوای هەڵبژاردنی دوێنێ سێشەم هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر، ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجامە بەرایییەكانی هەڵبژاردن ڕاگەیەنران، بەگوێرەی ئەنجامەكانیش دۆناڵد ترامپ كاندیدی كۆمارییەكان توانی سەركەوتن بە دەست بهێنێ و 57 ملیۆن لە دەنگدەرانی ئەمەریكا دەنگیان لە بەرژەوەندی دۆناڵد ترامپ دا، بەوهۆیەوە لە كۆی 538 نوێنەر توانی 276 نوێنەر لە سەرجەم ویلایەتەكانی ئەمەریكا بباتەوە و توانی ببێتە 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.




وشە - كوردۆ شابان