حزبوڵا: شكستی كوردەكان سەركەوتنە بەسەر ئەمەریكا

:: AM:10:52:23/10/2017 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجكردنی حزبوڵای لبنانی ئاشكرای كرد، كۆنتڕۆڵكردنەوەی كەركووك و ناوچەكانی تر لەلایەن هێزەكانی عێراقی سەر بە ئێران، بە سەركەوتنێكی گەورە بەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ناو برد.

شێخ نەبیل قاعوك جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكردنی حزبوڵای لبنانی كە بە حزبێكی شیعەی چەكداری سەر بە ئێران دادەنرێ و لەلایەن ئێرانەوە چەك و هاوكاری سەربازیی پێ دەدرێ، لەمیانەی بۆنەیەكی ئاینی لە شارەدێی بازورییەی باشووری لبنان گوتی، سەركەوتنمان لە كەركووك، بریتییە لە سەركەوتن بەسەر ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل، هاوكات وەڵامێكی ڕوونیشە بۆ هەڕەشەكانی ترەمپ بەرامبەر ئێران.

هەروەها گوتی،  ناوچەكە چووەتە نێو قۆناغێكی نوێوە و هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی سەر بە ئێران، بە ئاسانی توانییان پێشمەرگە لە كەركووك دوور بخەنەوە لە هەفتەی ڕابردوو، ئەمەش دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ بەرەی بەرگریكردن و شكستێكی گەورەیشە بە ڕووی ترەمپ و ئەمەریكا و ئیسرائیل و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە. دووپاتیشی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا ئەو توانایەی نییە بە سەپاندنی سزا بەسەر حزبوڵا كارەكانمان بوەستێنێت، ئەمڕۆ و سبەیش ناتوانێ ئەم كارە بكات و ئێمە بەردەوامین لەسەر ڕێگەكەمان و بەرەو سەركەوتنی زیاتر دەڕۆین.

سینگ سانگنیگ هاوئاهەنگكاری پرۆگرامی توێژینەوە لەبارەی كورد لە ناوەندی موشیەدایان بۆ توێژینەوە لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە تەلئەبیب لەوبارەوە گوتی، بەهۆی ئەو جموجۆڵانەی ئەم دواییە، ئێران ڕێیەكی نزیك و نوێ دەست كەوتووە تا بگات بە باكوری سووریا، ئەمەیش فشاری زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل دەهێنێت، تەلئەبیب هەست بە نیگەرانی تەواو دەكات، چونكە لەو ڕێیەوە چەكی پێشكەوتوو دزەی پێ دەكرێ و تاران دەیگەیەنێتە دەستی چەكدارەكانی حزبوڵا لە ڕێی گەیشتنە سووریا و لەوێوەیش بۆ لبنان.

هەروەها گوتی، ئێستە ئێران بە تەواوی ئەو ڕێیە ستراتیجییەی كۆنتڕۆڵ كردووە و ئارامی و ئاسایشی لێ دەچەسپێنێت تا دەگات بە سنووری سووریا،  لەوێوەش دەگات بە سێگۆشەی سنووری لبنان-سووریا-ئیسرائیل لە باشووری ڕۆژئاوای سووریاوە، لە پێناوی زیادكردنی فشارەكان بۆ سەر ئیسرائیل و بەدوای ئەلتەرناتیڤ و جێگرەوەی زیاتری بۆ جموجۆڵەكانی پێشووی حزبوڵا دەگەڕێ و بە تەواوی چەكی زیاتریان بۆ ڕەوانە دەكات، چونكە ئێستە زۆرینەی ڕەهای سنووری نێوان عێراق و سووریا بە دەست ئێرانەوەیە و ئەمەریكایش زیانمەندی یەكەمی ئەو دۆخە دەبێ و ئێران بە تەواوی بنكەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانی لە عێراق و سووریا گەمارۆ داوە.

ئاماژەی داوە، ئێستە ئێران بەهۆی بێدەنگی بە تەواوی نزیك دەبێتەوە لە كۆنتڕۆڵكردنی عێراق، لە داهاتوویەكی نزیكیشدا فشاری گەورە بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات و كوردەكانی باكوری سووریا دەهێنێت، تا بە تەواوی سەر بە ئێران و پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئەوان بن، بەپێچەوانەوە زیانی گەورەیان لێ دەدا.




وشە - باز ئه‌حمه‌د