لەسەر میلیشیاكان
بەغدا وەڵامی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەداتەوە

:: PM:12:07:23/10/2017 ‌
سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ دووشەم وەڵامی لێدوانەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای دایەوە، كە دوێنێ گوتی دەبێ میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق بچنە دەرەوە و بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان، سەرچاوەكە دژی ئەو دەستوەردانانەی ئەمەریكا دەوەستێتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە، حەشدی شەعبی خەڵكی عێراقن.

ئەو سەرچاوەیە لە لێدوانێكی كە بەناوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەبادی بڵاو كراوەتەوە و دەڵێ، چەكدارانی ڕیزەكانی حەشدی شەعبی عێراقین و نیشتمانپەروەرن و قوربانی زۆریان داوە بۆ بەرگریكردن لە وڵاتەكە و گەلی عێراق و بەگوێرەی یاسا لە ژێر فەرماندەی سەركردایەتیی عێراقن، بۆیە مافی هیچ لایەك نییە دەستوەردان لە كاروباری عێراق بكات.

ئەو لێدوانەی سەرچاوەكەی نزیك لە عەبادی لە كاتێكدایە لە ڕۆژانی پێشوو بەرپرسانی ئێران دووپاتیان لەوە كردەوە، ئەوان هیچ كات ڕێ نادەن نەوتی كەركووك بكەوێتە دەستی هیچ دوژمنێكی ئێران و سەركەوتنی كەركووكیش بەهاوكاری و پشتیوانی ئەوان بووە، هاوكات قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و بەشێكی هێزەكانی پاسداران لەگەڵ میلیشیاكان دەستیان بە پێشڕەوی كرد بۆ كەركووك، بەڵام بەغدا ئەمە دەشارێتەوە و دەیەوێ لە ژێر دەستەیی ئێران بمێنێتەوە.

هاوكات دوێنێ یەكشەم وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ریكس تیلرسەن دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل جوبێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئاشكرای كرد، ئەوان پشتیوانی عێراق و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی بەغدا و ڕیازن، لەبارەی هەژموونی ئێران و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە عێراق، تیلرسەن گوتی، پێویستە ئیتر میلیشیاكانی سەر بە ئێران بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و عێراق جێ بهێڵن.

سەرچاوە/شەفەق نیوز.




وشە - باز ئه‌حمه‌د