لە سلێمانی بەچەند سەعاتێك چەندان ڕووداوی كوشتن تۆمار كراوە

:: PM:03:52:23/10/2017 ‌
لە ماوەی تەنیا چەند سەعاتێكدا چەند ڕووداوێكی كوشتن لە شاری سلێمانی ڕوویان داوە و كەمێك لەمەوبەریش هاووڵاتییەك بە فیشەك خۆی كوشت.

ئەمڕۆ دووشەم 23ی تشرینی یەكەم، بەهۆی دەستدڕێژی فیشەكەوە لە بازاڕی خانەقای شاری سلێمانی، دوو هاووڵاتیی كوژران و دووی تریش بریندار بوون، كەمتر لە سێ‌ سەعات دوای ئەوەش هاووڵاتییەك لە كۆتای بە ژیانی خۆی هێنا.

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، هاووڵاتییەك كە خێزاندار بووە و ناوی (ه ، ف ، م) و لە دایكبووی ساڵی ١٩٧٦ ە و دانیشتوی گەڕەكی بەختیاری بووە لە شاری سلێمانی، بە فیشەكێك كۆتای بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و تیمە فریاگوزارییەكانی تر، تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا و بەپێی زانیارییەكان هاووڵاتییەكە بە فیشەكێك كۆتای بەژیانی خۆی هێناوە.

لەبارەی ڕووداوەكەی بازاڕی خانەقای شاری سلێمانیش، پۆلیس ئاشكرای كردووە كە دوو كەس بەو هۆیەوە گیانیان لە دەست داوە و دووانی تریش بریندار بوون، ئێستە چەند كەسێك بەو هۆیەوە گیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم