مێردەكەی ژنی بەسەردا دێنێت و كچەكەشی نازانێت باوكی كێیە

:: PM:10:55:25/10/2017 ‌

ژنێكی ٣٢ ساڵ، پێنج ساڵە لە داڵدەی ئافرەتان لەگەڵ كچە چوار ساڵەكەیدا دەژیت و دەڵێت ئەگەر بێتە دەرەوە ماڵی باوكی و هاوسەری پێشوی دەیكوژن، ئەو كە دوای ئەوەی مێردەكەی ژنی دووەم دێنێت و جێی دێڵێت و هیچ پێوەندییەكی لەگەڵدا نامێنیت، پێوەندی لەگەڵ پیاوێكی تردا دروست دەكات و لێی دووگیان دەبێت، كاتێك بابەتی دووگیانییەكەی ئاشكرا دەبێت، دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی كوشتن، بۆیە لە داڵدەدا دەمێنێتەوە.

(ڕوخسار)، ئەو ژنەیە كە ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ كچەكەی لە چاوەڕوانی ئەوەدایە كێشەكەی چارەسەر بكرێت، بەڵام ماڵی باوكی بە هیچ چارەیەك ڕازی نین و تەنیا ڕێگەچارە كوشتنی كچەكەیانە، ئەو ژنە كە جگە لە خۆی خەمی كچەكەشی لە كۆڵ هەڵگرتووە، ئەو كچەی كە تا ئێستە ناسنامەی نییە و نازانێت باوكی كێیە و هەموو چوار ساڵی ژیانی لەناو ماڵێكی داخراودا دوور لە ژیانی دەرەوە بەسەر بردووە.

(ڕوخسار) چیڕۆكی ژیانی خۆی بۆ "وشە" باس دەكات و دەڵێت، ماڵی باوكم و مێردەكەم ژیانیان تێكدام و ئێستەش بە كوشتنی خۆم و  كچەكەم  دەیانەوێت چارەسەری هەموو شتێك بكەن.

 تەمەنم ١٩ ساڵ بوو بە ڕەزامەندی ماڵی باوكم شووم بە كوڕی خاڵم كرد، ماوەی دوو ساڵ لەگەڵ ماڵی خەسووم ژیاین، نوستنی شەوانیشمان بەدەست دایكی بوو، هەموو خەرجی و كاری ناوماڵ لەسەر من و مێردەكەم بوو، وەك لەناو دۆزەخ بێت ئاوا ژیام لەگەڵیاندا، لێدان و سووكایەتی پێكردنی دنیایان پێ دەكردم، ماڵی باوكیشم دەیانگوت دەبێت قبووڵی بكەیت.

زیاتر دەڵێت، دوای ئەوەی ماڵمان جیا كردەوە و لە نزیك ماڵی خەسووم خانوومان كرد، گۆڕانێكی زۆر ڕووی نەدا و ژیانم بە هەموو شێوەیەكی ناخۆش بەردەوام بوو، دوای ئەوەی دوو منداڵمان بوو، ژیانمان هیچ نەگۆڕا، مێردەكەم هەموو كات دەیگوت دەبێت ژنت بەسەر بێنم و قسەكەشی بردە سەر و ژنی هێنا، ماڵی جیای بۆ كرد و من  و منداڵەكانی جێهێشت، مێردەكەم زۆر زمان لووس بوو هەموانی باوەڕ پێ هێنابوو كە من خەتابارم، بۆیە هەموویان پشتی ئەویان گرت بە مالی باوكیشمەوە.

(شازاد)ی مێردی (ڕوخسار) لەگەڵ ژنە تازەكەیدا دەژیت و بە ماڵی باوكی هەردووكیشیان دەڵێت، هەموو خەرجییەكی (ڕوخسار) و منداڵەكانی دابین دەكات، بەڵام وەك (ڕوخسار) باسی دەكات پێچەوانەكەی ڕووی داوە و خەڵك یارمەتی و خێری پێداون.

(ڕوخسار) نای شارێتەوە كە دوای ئەوەی زۆر لە بێكەسی بێچارەییدا ژیاوە، هانای بۆ كەسێكی تر بردووە كە بەناوی خۆشەویستی لێی نزیك بووەتەوە، ئەو دەڵێت (زاهیر)، ناسیاوی ماڵی خەسووی بووە و خاوەن خێزان و منداڵ بووە، بەڵام بەڵێنی ئەوەی پێ داوە كە بیپارێزێت و هەموو خەرجییەكیشیان بۆ فەراهەم بكات.

نزیكەی دوو ساڵ ئەو پێوەندییە بەردوام دەبێت، ئەو دەڵێت لە هەموو ڕوویەكەوە (زاهیر) جێگەی مێردەكەی بۆ گرتووەتەوە، دەشڵێت مێردەكەی بە هیچ شێوەیەك هیچ پێوەندییەكی لەگەڵیاندا نەماوە، بەڵام لە هەموو دەرفەتێكدا لەگەڵ (زاهیر) بووە، تا ئەوكاتەی دووگیان دەبێت و سكی دەبێت بە شەش مانگ.

(ڕوخسار) باسی ئەو كاتە دەكات كە پێوەندییە نهێنییەكەی و دووگیانییەكەی ئاشكرا بووە دەڵێت، كاتێك سكم بوو بە شەش مانگ و ئیدی هەستی پێ كرا، من حاشام لێ كرد، سەرەتا چونكە هەر دەمویست لەباری ببەم، بەڵام نەكراو هەمووان پێیان زانی، جگە لەوەش هەمووان دەیانزانی كە مێردەكەم لەو كاتەی ژنی هێنابوو هیچ پێوەندییەكی لەگەڵ مندا نەمابوو.

زیاتر دەڵیت، من دوای ئاشكرابوونم دەمزانی دەكوژرێم، بۆیە هانام بۆ داڵدەی ئافرەتان هێنا، ماڵی مێردەكەم و ماڵی باوكم زۆریان لێ كردم تا ئەو كەسە ئاشكرا بكەم كە پێوەندیم لەگەڵیدا هەبووە، بەڵام من ئاشكرام نەكرد و ئامادەش نیم ئاشكرای بكەم، چونكە ئەو پیاوە ژیانی من و منداڵەكانمی بۆ ماوەی دوو ساڵ پاراست و نەیهێشت بێ كەم و كوڕی بین، هەرچەندە دوای هاتنم بۆ ئێرە هەر ئەوەندە ئاگەدارم كە پێش سێ ساڵ لەگەڵ ماڵ و منداڵەكەیدا چوونەتە دەرەوەی وڵات.

(ڕوخسار) لەناو داڵدەدا منداڵی سێیەمی دەبێت، منداڵێك كە تا ئێستە ناسنەمەی نییە و نازانێت باوكی كێیە و تا ئێستە ڕوخساری باوكی نەبینیوە، لەگەڵ دایكیدا لەودیو دەرگە قایمكراوەكانی شەڵتەرەوە باجی تاوانێك دەدات كە نە ئەنجامی داوە و نە ئاگەداریشیەتی.

سەرپەرشتیارانی داڵدەكە، كە ماوەی چەند ساڵێكە بەدوای چارەسەركردنی كێشەكەیدان، بەڵام ماڵی باوكی و مێردەكەی تەنیا بە كوشتنی ئەو دووانە دەست لەو بابەتە هەڵدەگرن، بۆیە هێشتنەوەی ئەویان لە داڵدە وەك چارەسەر هەڵبژاردووە، بڕیاریشە بۆ ساڵی داهاتو كچەكەی (ڕوخسار) ببرێت بۆ خانەی بێسەرپەرشتان تا بخرێتە باخچەی ساوایان و دواتریش بتوانێت بخرێتە بەر خوێندن.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل