فرۆكە و مووشەكەكانی رووسیا روو لە حەلەبن

:: PM:02:13:11/11/2016 ‌
سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی رووسیایی ئاشكرای كرد كە فڕۆكەكانی سەر فڕۆكە هەڵگری رووسیایی "ئەمیرال كۆزنیتسۆڤ" دەستیان كردووە بە فڕین بە ئاسمانی سووریا و ئەوان ئامادەن بۆ لێدانی نەیارانی ئەسەد، هاوكات جەنگی زەوینی لە رۆژهەڵاتی حەلەب لە سەختی بۆ سەختتر بەردەوامە.

ناوچەكانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب كە لەلایەن سوپای سووریا و لایەنگرانی لە چەكدارانی حزبوڵا و نوجەبای عێراقی و ئەوانیتر گەمارۆ دراوە و ماویەكە هێرشێكی فرەوانی سەربازی لەسەرە، بووەتە ئامانجی سەرەكی رووسیا، ئەو پێشتر هاووڵاتییانی ناوچەكە و چەكدارانیشی ئاگەدار كردەوە بەوەی پێویستە چۆڵی بكەن، ئەگینا چارەنووسیان لەناوچوونە، وەك ئاماژەیەك بۆ سەختی ئەو بۆردمانەی رووسیا بە نیازە بیكاتە سەر ناوچەكەوە.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ هەینی رای گەیاند كە فڕۆكەی سەربازی رووسیایی لە جۆری مێك 29 و سیخۆ33 كە لەسەر فڕۆكەهەڵگری "كۆزنیتسۆڤ" بار كراون، لە چەند رۆژی دواییدا دەرچوونی ئاسمانیان بەسەر سووریا چڕ كردووەتەوە و خەریكی چاودێری و رووپێوی و دیاریكردنی ئامانجەكانیانن.

زیاتر گوتی، ئەو كەشتیگەلەی رووسیا ئامادەی كردووە و بۆ سورویای رەوانە كردوون لە فڕۆكەهەڵگری "ئەمیرال كۆزنیتسۆڤ" و كەشتی زەبەلاحی ئەتۆمی "بوترسی ئەكبەر" و كەشتی سەربازی "ئەمیرال گریگۆرۆفیچ" لەوپەڕی ئامادەباشین بۆ لێدانی تیرۆریستان و چاوەڕوانی سعاتی سەفری دەستكردنن بە كردەی سەربازی چاوەڕوانكراو لەهەر ساتێكدا. 

زیاتر گوتی، ئێستە كەشتییەكانی تری سەربازی رووسیایی كە هاوەڵی ئەو كەشتیانە دەكەن لە كەناراوەكانی سووریا بەردەوامن لە چاودێریكردنی ئامانجەكان لەسەر خاكی سووریا هەر لە كەناراوەكان تا قۆوڵایی خاكەكەی.

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، ئێستە ئەو كەشتییانە چەندان لیستیان بە ئامانجی تیرۆریستان لەسەر خاكی سووریا ئامادە كردووە بەر لە دانی بە هێزە ئاسمانییەكان و كەشتیگەلە جەنگییەكە بۆ كردنە ئامانجیان كە هەروەها لە رێگەی مووشەكی "كالیبەر"ی ئامانجێكی ورد دەكرێنە ئامانج.

لەو ناوەدا هێزە زەوینییەكانی حكوومەتی سووریا و لایەنگرانی لە هێرشكردن بۆسەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب لە ناو بۆردمانی ئاسمانی فڕۆكە سەربازییەكانی سووریا و رووسیا بەردەوامە، ئەوان دوای ئەوەی توانیان چەند ناوچەیەك كۆنترۆل بكەن، بەڵام نەیاتوانی دوای جەنگێكی سەخت گەڕەكی ئەسەدی رۆژئاوا كۆنترۆل بكەنەوە و ئەوەش ئاماژەیە بۆ پێویستی دەستوەردانی رووسیا.

بەپێی سەرچاوە پزیشكییەكان لەو جەنگانەدا 20 سەربازی سووریا و 14ی میایشیاكانی پاڵپشت بۆیان كوژراون، هاوكات بەهۆی بۆردمانی سەختی رووسیا بۆ حەلەب دەیان كەس كوژراون و بریندار بوونە.

لەو ناوەدا هێرشی هێزەكانی سوپای سووریای دیموكرات كە شەڕوانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل زۆرینەی پێك دێنن و چەند رۆژێكە كردەوەگەلی سەربازی ئازادكردنەوەی رەقەیان لە داعش بەناوی "غەزەبی فورات" دەست پێ كردووە، ئەوان لە هەردوو گوندی هیشە و خنیز لە دەشتی باكوری رەقە لەگەڵ چەكدارانی داعش لە جەنگدان.

پێشڕەوییەكانی سوپای سووریا دیموكرات بە پاڵپشتی فڕۆكە سەر بازییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بە ڕێوە دەچێت كە ئامانجی ئێستەی جەنگەكە گەمارۆدانی شاری رەقەیە بە هاوشێوەی مووسڵ و دواتر ئازادكردنەوەیەتی لە داعش.

چاودێران بۆ دۆخی سووریا چڕكردنەوەی هێرشەكانی سوپای سووریا و هێزە ئاسمانی و مووشەكییەكانی رووسیا بۆسەر رۆژهەڵاتی شاری حەلەب كە زیاتر لە 300 هەزار هاووڵاتی تیادا گەمارۆ دراوە، بە مەبەستی یەكلاكردنەوەی جەنگ لەو ناوچەیە و وەشاندی گورزێكی كوشندە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەگەڕێننەوە كە تەرازووی هێز تا رادەیەكی زۆر بۆ بەرژەوەندی ئەسەد دەشكێنێتەوە. 

سەرچاوە: رووسیا ئەلیەوم، سكای نیوز




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل