كۆبوونه‌وه‌ى شه‌مووی ڕابردووى یه‌كێتى كه بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى ئه‌و حزبه‌ى تێدا درا، به ته‌واوه‌تى ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتى قووڵتر كرده‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و بڕیاره ئێسته یه‌كێتى كردووه به سێ باڵى فه‌رمی و ئاماژه به‌وه ده‌كرێت ئه‌گه‌ر به‌بێ ڕێككه‌وتنى ئه‌و باڵانه كۆبوونه‌وه‌ى داهاتوو و كۆنگره بكرێت، بۆ یه‌كێتى خۆكوژى سیاسییه.
كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى شه‌مووى ڕابردووى یه‌كێتى جگه له بڕیارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مه‌كته‌بی سیاسیی، بڕیارى به‌ستنى كۆنگره‌ى له مانگى ئادارى داهاتوودا داوه و هاوكات تا ئه‌وكاته بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیدا كه بڕیار بوو ڕۆژى دووشه‌م بكرێت و بۆ كاتێكى نادیار دواخرا، 10 كه‌س بۆ بڕیاردان و سه‌رپه‌رشتیكردنى یه‌كێتى به سه‌رۆكایه‌تیى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ بێنه هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام قووڵیى ناكۆكییه‌كان ئه‌و كرده‌یه‌ى ئه‌سته‌م كردووه، چونكه هه‌ریه‌ك له مه‌لا به‌ختیار، شێخ جه‌عفه‌ر و عومه‌ر فه‌تاح به هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى مه‌كته‌ب سیاسى ڕ‌ازى نه‌بوون و كۆبوونه‌وه‌ى شه‌مووی ڕابردوویشیان به ده‌مه‌قاڵه و بۆڵه‌بۆڵه‌وه جێ هێشتووه.
سامان گه‌رمیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى بۆ "وشه"ـى ئاشكرا كرد، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى گرنگ بوو بۆ ئه‌م قۆناغه‌ى یه‌كێتى، له كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووشدا دوو لیژنه بۆ چاكسازى له‌ناو یه‌كێتى و هه‌ڵبژاردنى 10 كه‌سه‌كه پێك ده‌هێنرێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى تا كاتى كۆنگره.
هه‌ندێك له سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانى ناو مه‌كته‌ب سیاسیى یه‌كێتى وه‌ك شێخ جه‌عفه‌ر و مه‌حموود سه‌نگاوى، له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار و عومه‌ر فه‌تاح، نیگه‌رانن له‌و كاره‌ى كراوه. به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، جگه له‌وه‌ى ئه‌وه به پیلانی ده‌زانن، هاوكات ترسیان هه‌یه له كۆنگره‌ى داهاتووى یه‌كێتى رێ نه‌درێت ده‌نگى پێویست بۆ گه‌یشتن به پێگه‌ى بڕیاردانى یه‌كێتى به‌ده‌ست بهێننه‌وه و سه‌ركردایه‌تییه‌ك به ده‌نگی ساخته و ئاره‌زووی بافڵ تاڵه‌بانی دروست بكرێ.
گه‌رمیانى ده‌ڵێ، "ئه‌و بڕیاره‌ى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پێوه‌ندى به پیلان و دژایه‌تیكردنى هیچ كه‌سێكه‌وه نییه، به‌ڵكو ده‌مێك بوو پێویست بوو ئه‌و بڕیاره بدرێت، بێگومان له‌ناو كۆبوونه‌وه‌كه و دواتریش ناكۆكى تر دروست ده‌بێت، به‌ڵام هه‌مووان به یه‌كێتیى ناو یه‌كێتى كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین".
له كۆبوونه‌وه‌ى ڕۆژى شه‌موودا، 47 ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسى و سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئاماده‌ى بوون و 24 ده‌نگ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى دراوه، به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه"، جگه له باڵى كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و به‌رهه‌م ساڵح، له‌ناو بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانیشدا ئێسته بافڵ تاڵه‌بانى و لاهوور شێخ جه‌نگى باڵێكن و هێرۆ برایم و قوباد تاڵه‌بانی كوڕیشی باڵێكى ترن.
سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى كه نه‌یویست ناوى ئاشكرا بكرێ بۆ "وشه"ـى ڕوون كرده‌وه، كێشه‌كانى یه‌كێتى له دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى شه‌موو، به ته‌واوه‌تى قووڵ و ئاڵۆز بوونه‌ته‌وه و ئێسته واى لێ هاتووه سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى به ته‌له‌فۆن هه‌ڕه‌شه له یه‌ك ده‌كه‌ن و قسه به یه‌كتر ده‌ڵێن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه گوتى، "دواكه‌وتنى كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌مى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى گرنگ بوو، چونكه به‌بێ ڕێككه‌وتن كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌م بكرێت، بارودۆخى یه‌كێتى به هیچ كه‌سێك كۆنتڕۆڵ ناكرێت و هه‌موو كێشه‌كان به یه‌كجارى ده‌ته‌قنه‌وه".
دوای مردنی مام جه‌لال، دۆخی یه‌كێتی گرژی و دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری به‌خۆیه‌وه بینیوه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی گرووپێكی ناو ئه‌و حزبه ناپاكییه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ریان ئه‌نجام دا و بێ ته‌قه كه‌ركووك و خورماتوویان ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و سوپای پاسداران كرد، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی جه‌ماوه‌ری ناوچه كوردستانییه‌كان و باشووری كوردستانی به گشتی لێ كه‌وته‌وه.
له‌ناو یه‌كێتیدا دوو بۆچوون بۆ به‌ستنى كۆنگره و كاته‌كه‌ى هه‌یه، به‌شێك پێیان باشه كۆنگره 31ى 1ى 2018 ئه‌نجام بدرێت و به ڕێككه‌وتنى باڵه‌كانى ناو یه‌كێتى بێت، به‌شێكى تریش ده‌ڵێن پێویسته كۆنگره بكه‌وێته 1ى 3ى هه‌مان ساڵه‌وه و به‌بێ ڕێككه‌وتن بكرێ و كۆنگره كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌وه به خۆكوژى سیاسى ده‌زانرێت.
عه‌بد ئه‌مین مامۆستاى زانكۆى سلێمانى و چاودێرى سیاسى، پێى وایه یه‌كێتى له ئاڵۆزترین قۆناغى ژیانى سیاسیى خۆیدا ده‌ژى و ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانى وشیار نه‌بن، حزبه‌كه‌یان له ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئه‌و به"وشه"ـى گوت، "به دڵنیایییه‌وه نه‌ك به‌ستنى كۆنگره، به‌ڵكو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى كه چاوه‌ڕوانكراوه بكرێت، به‌بێ ڕێككه‌وتنى باڵه‌كان بكرێت و كۆنگره‌ش هه‌روه‌ها، ئه‌وا یه‌كێتى خۆكوژى سیاسى به حزب و مێژوو و خه‌باتى خۆی ده‌كات".
وشه/ سلێمانى- تایبه‌ت