گەورەترین قاتوقڕی هەڕەشە لە یەمەن دەكات

:: AM:10:28:09/11/2017 ‌

بەرپرسێكی باڵای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشكرای كرد، ئەگەر رەوتی گەیاندنی یارمەتییە مرۆیییەكان بۆ یەمەن دەست پێ نەكاتەوە، ئەوا ئەو وڵاتە تووشی گەورەترین قاتوقڕی لە دەیەی رابردووی دنیا دەبێت و بە هۆیەوە ملیۆنان كەس دەبنە قوربانی.

مۆرك لوكاك جێگری سكرتێری گشتیی رێكخراوەكە بۆ بواری مرۆیی، داوای لە سعوودیە كرد نەبێتە بەربەست لە بەردەم گەیاندنی یارمەتییەكان بۆ یەمەن.

هاوپەیمانی دژی یەمەن بە سەرۆكایەتیی سعوودیە، رۆژی دووشەم رێگەكانی ئاسمانی، دەریایی و وشكایی بەڕووی یەمەندا بەست و ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە هات كە حووسییەكان بە مووشەكی بالیستیك هێرشیان كردە سەر سعوودیە.

سعوودیە دەڵێت بۆیە رێیەكانی بەستووە تا هیچ جۆرە چەكێك لە ئێرانەوە بۆ حووسییەكان نەنێردرێت. حووسییەكان لە ٢٠١٥ەوە دژی هاوپەیمانی سعوودیە لە جەنگدان و ئێرانیش یارمەتییان دەدات.

بەرپرسەكەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوەش كردووە ئەگەر بەربەستەكانی بەردەم گەیاندنی یارمەتی بە خەڵكی یەمەن بەلاوە نەنرێن، ئەوا قاتوقڕی هەموو یەمەن دەگرێتەوە و بە هۆیەوە ملیۆنان كەس دەبنە قوربانی.

بەگوێرەی "بی بی سی" پێشتریش رێكخراوی تر لەو رووەوە هۆشدارییان دابوو و داوایان كردبوو هەرچی زووە بیر لە یارمەتیدانی خەڵكی یەمەن بكرێتەوە.


بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەر ئێستە لە یەمەن قاتی و قڕی هەڕەشە لە حەوت ملیۆن كەس دەكات.


لەو كاتەوە جەنگ بە هاوپەیمانیەتی سعوودیە دژی حووسییەكان دەستی پێ كردووە، سەرووی هەشت هەزار و ٦٧٠ كەس كوژراون و سەرووی ٥٠ هەزاریش بریندار بوون و سەرووی ٦٠%ی ئەوانەش خەڵكی سڤیلن.



وشە - سلێمان تاشان