ره‌تكردنه‌وه‌ى پێشوازی له ئایه‌توڵا مه‌حموود هاشمی شاهرودی له‌لایه‌ن مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف له دوا سه‌ردانیدا بۆ عێراق، سه‌ره‌تای ململانێی نێوان شیعه‌ى عێراق و شیعه‌ى ئێرانه له‌سه‌ر جێگره‌وه‌ى سیستانى كه ئێران به هه‌ڕه‌شه‌ى ده‌زانێت بۆ سه‌ر پلانى داهاتووی له عێراق كه پشتگیری له شاهرودی ده‌كات بۆ بوونى به مه‌رجه‌عی باڵاى شیعه له عێراق و شوێنگرتنه‌وه‌ى ئایه‌توڵا عه‌لى سیستانى.
له‌گه‌ڵ به ته‌مه‌نداچوونى ئایه‌توڵا عه‌لى سیستانى مه‌رجه‌عی باڵاى شیعه‌كانى عێراق، ئێران له هه‌وڵدایه ئایه‌توڵا مه‌حموود هاشمى شاهرودی بكاته شوێنگره‌وه‌ى سیستانى به ئامانجی یه‌كخستنى مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف و مه‌رجه‌عیه‌تى قوم تا بكه‌ونه ژێر ركێفی ویلایه‌تى فقهی.
شاهرودی تاكه بژارده‌ى په‌سندكراوی ئێرانه بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى سیستانى، كه ئه‌وه‌ى دووه‌م به‌م دواییه باری ته‌ندروستى تێك چووه به‌هۆى شێرپه‌نجه‌ى پڕۆستات، له‌م پێناوه‌شدا ئێران هه‌موو هه‌وڵێكى دارایی و سیاسی له عێراق خستووه‌ته گه‌ڕ كه رێ به شاهرودی بدرێت بكرێته مه‌رجه‌عی باڵاى نه‌جه‌ف، له‌مه‌شدا پرسه‌كه ته‌نیا دیوه ئاینییه‌كه نییه، به‌ڵكو گره‌نتى پاراستنى پاوانخوازی سیاسه‌تى ئێران به‌سه‌ر عێراق ده‌سه‌پێنێت.
شاهرودی سه‌ردانى عێراق ده‌كات
شاهرودى (69 ساڵ) یه‌كێك له گه‌وره به‌رپرسانى ئاینى له ئێران، له مانگى ئه‌یلوولی رابردوو سه‌ردانى عێراقی كرد، له نه‌جه‌ف له نووسینگه‌كه‌ى خۆی له نزیك گومه‌زی ئیمام عه‌لی، پێشوازی له زۆرێك له به‌رپرسانى ئێسته و پێشووى عێراق كرد. ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ى شاهرودی پێ جێگیركردنى خۆی بوو بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى سیستانى (87 ساڵ) كه ئێسته به‌هۆی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ى پڕۆستات جه‌سته‌ى لاواز بووه و تواناى جارانى نه‌ماوه.
ئه‌گه‌رچی داهاتووى عێراق چه‌ندێك پێوه‌سته به سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش، به‌ڵام به‌لاى ئێران هێنده‌ش پێوه‌سته به مه‌رجه‌عی باڵاى نه‌جه‌ف و شوێنگرتنه‌وه‌ى سیستانى كه ناوبراو له‌گه‌ڵ خامه‌نه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیى ئێران و مه‌رجه‌عی باڵاى قوم نێوانیان خۆش نییه.
پێ ده‌چێ شاهرودی ئه‌ركه‌كه‌ى ئاسان نه‌بێت، به تایبه‌ت كاتێك له‌لایه‌ن سیستانى پێشوازی لێ نه‌كرا, هاوكات نێوانى سیستانى و خامه‌نه‌یی باش نییه، جگه له‌مه‌ش سیستانى نایه‌وێت كه‌سێك جێى بگرێته‌وه كه نزیك بێت له ئێران، ئه‌مه‌شه وای كردووه پیاوانى ئاینى نه‌جه‌ف ترسیان له‌وه هه‌بێت كه ئێران هه‌روه‌ك چۆن له رووى سیاسییه‌وه هه‌ژموونى به‌سه‌ر بڕیاری سیاسی عێراق سه‌پاندووه، ئاواش له رووه ئاینییه‌كه‌ى هه‌ژموونى به‌سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف بسه‌پێنێت.
یه‌كێك له قوتابییه‌كانى حه‌وزه‌ى نه‌جه‌ف ده‌ڵێ، ململانێی نێوان مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف به سه‌ركردایه‌تیى سیستانى، له‌گه‌ڵ مه‌رجه‌عیه‌تى قوم به سه‌ركردایه‌تیى خامه‌نه‌یی، ململانێیه‌كى ئه‌زه‌لییه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كامیان ده‌بێته تاكه مه‌رجه‌عی شیعه‌كان له هه‌موو دنیا، وه‌ك چۆن مه‌سیحییه‌كان ئه‌وه‌یان ئه‌نجام دا و ڤاتیكان بووه مه‌رجه‌عی باڵای مه‌سیحییه‌كان.
ئه‌گه‌رچی به‌رپرسانى باڵاى ئایینى له نه‌جه‌ف له‌به‌ر هه‌ستیاریی بابه‌ته‌كه نایانه‌وێت قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسێكى باڵاى پێشووی حكوومه‌تى عێراق دووپاتى كرده‌وه كه ئێرانییه‌كان هه‌موو هه‌وڵێكیان ده‌ده‌ن بۆ سه‌رخستنى شاهرودی، له‌مه‌شدا پرسه‌كه ته‌نیا ئاینى نییه، به‌ڵكو سیاسیشه و چاره‌نووسی عێراق به یه‌كجاری دیاری ده‌كات.
خامه‌نه‌یی لاى شیعه‌ى عێراق هه‌واداری نییه، به‌ڵام له رێى گرووپه چه‌كدارییه‌كان كۆنتڕۆڵی عێراق ده‌كات
لاى زۆرینه‌ى شیعه‌ى عێراق، خامه‌نه‌یی هه‌واداری زۆر كه‌مه، ئه‌مه‌ش وای كرد له رێى فه‌یله‌قی قودس و قاسم سلێمانى هاوكاری حكوومه‌تى عێراق بكات بۆ ده‌رهێنانى ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان له ژێر ده‌ستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.
له‌مه‌شدا قاسم سلێمانى خۆی به‌و كرده‌وه‌گه‌له هه‌ڵستاوه و توانی به‌شێك له سه‌ركرده كورده‌كان رازی بكات كه ده‌ست هه‌ڵگرن له داواكارییه‌كانیان له ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى كوردستان به تایبه‌ت شارى كه‌ركووك كه به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده.
له داهاتوودا ئه‌گه‌ر ئێران بتوانێت پاوانخوازی خۆی به‌سه‌ر مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف بسه‌پێنێت و شاهرودی بكاته شوێنگره‌وه‌ی سیستانى، ئه‌وا بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ ده‌توانێت كۆنتڕۆڵی ده‌سه‌ڵات له عێراق بكات و به‌مه‌ش خامه‌نه‌یی ئه‌و ئاواته‌ى دێته دی و ده‌بێته سه‌ركرده و مه‌رجه‌عی باڵاى هه‌موو شیعه‌كانى دنیا.
دواى گیان له‌ده‌ستدانى ئایه‌توڵا حوسێن بروجردی له شاری قوم له ساڵى (1962) بۆ ماوه‌ى 15 ساڵ شیعه‌كان بێ مه‌رجه‌ع بوون. ئه‌مه‌ش وای كرد دابه‌شی سه‌ر دوو حزبی شیعی ببن، یه‌كێكیان پێڕه‌وی له ئایه‌توڵا موحسین حه‌كیم بكات له نه‌جه‌ف، ئه‌وه‌ى تریشیان پێڕه‌وى له پیاوێكی ئاینى ئێرانى بكات كه تازه ناوى ده‌ركردبوو، ئه‌میش ئایه‌توڵا خومه‌ینى بوو.
دواى مردنى برودجردی، خومه‌ینى ناوبانگی ده‌ركرد به‌تایبه‌ت به گوتاره سیاسییه‌كانى و هه‌ڵگیرساندنى شۆڕش دژى شای ئێران كه ساڵى 1979 شۆڕشه‌كه‌ى سه‌ركه‌وت و پۆستى ویلایه‌تى فقهی پێ درا.
هه‌رچى ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانى و ئایه‌توڵا عه‌لى خامنه‌یی، هه‌ردووكیان جێگره‌وه‌ی حه‌كیم و خومه‌ینین، ئه‌گه‌رچى له هه‌ندێك پرسدا هاوكاری یه‌كترن وه‌ك لابردنى مالیكى له پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران له ساڵى 2014، به‌ڵام هه‌ردووكیشیان پێڕه‌وی له دوو فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی جیاواز ده‌كه‌ن و له‌مه‌شدا رۆڵی جیاوازییان بینیوه، خامه‌نه‌یی سه‌ركرده‌ى وڵاتی ئێرانه و گرنگی به كاروباری ده‌وڵه‌ت ده‌دات و بڕیاریش بۆ هێزه چه‌كداره‌كان ده‌دات، به‌ڵام سیستانى خۆى له به‌شداری له پرسه سیاسییه‌كان دوور خستووه‌ته‌وه.
سیستانى تاكه كه‌سایه‌تیی شیعه‌ى عێراقه بتوانێ ئاڵنگاری خامه‌نه‌یی بكات
له ماوه‌ى ساڵانى رابردوودا، سیستانى توانیویه‌تى له‌سه‌ر رێچكه‌یه‌ك هه‌نگاو هه‌ڵگرێت كه رێچكه‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆیه و له ژێر ركێفی ئێران نییه چ له رووى سیاسی یان ئاینى، به‌مه‌ش بووه‌ته گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تیى شیعه‌ى عێراق كه ئاڵنگاری خامه‌نه‌یی بكات له‌سه‌ر ئاستى شیعه‌ى هه‌موو دنیا.
له‌م نێوه‌نده‌دا چه‌ندان دۆسیه‌ى سیاسی و ته‌ناهی هه‌یه كه روانگه‌ى سیستانى له‌گه‌ڵ خامه‌نه‌یی جیاوازن له‌سه‌ری، ئه‌وه‌شی وای كردووه ئه‌و جیاوازییانه ده‌رنه‌كه‌ون هۆكاره سیاسییه‌كه‌یه.
ناكۆكى گه‌وره له نێوان ئایه‌توڵا گه‌وره‌كانى شیعه له‌و كاته‌دا سه‌ری هه‌ڵدا كه ئایه‌توڵا خومه‌ینى دواى سه‌ركه‌وتنى شۆڕشی كۆماری ئیسلامیى ئێران بڕیاری دامه‌زراندنى ویلایه‌تى فقهی راگه‌یاند بۆ حوكمكردنى ئێران، به‌ڵام مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف به سه‌ركردایه‌تى ئایه‌توڵا ئه‌بی قاسم خوئی وه‌ڵامى نه‌دایه‌وه و پێداگیر بوون له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ى ئاین له سیاسه‌ت.
دواى خوئی كه ساڵى 1992 گیانى له ده‌ست دا، ئایه‌توڵا عه‌بدولئه‌علا سبزواری هات، پاشانیش سیستانى، هه‌موویشیان پابه‌ند بوون به ئاراسته‌ى مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف كه نابێت پیاوانى ئاینى تێكه‌ڵی سیاسه‌ت ببن، ئه‌مه‌ش رێدانه به ده‌وڵه‌تى مه‌ده‌نی.
به‌ڵام دواى 2003، مه‌رجه‌عیه‌تى نه‌جه‌ف ناچار بوو له هه‌ندێك پرسی سیاسی‌دا ته‌داخول بكات، دیارترینیان فتواى سیستانى بۆ هه‌ڵگرتنى چه‌ك دژى داعش به‌مه‌ش توانى رێگری بكات له هاتنى داعش بۆ به‌غدا.
هاوكات له هه‌ندێك پرسی تر‌ى هێوركردنه‌وه‌ى توندڕۆیی مه‌زه‌وی و تایفی و جیابوونه‌وه‌ى كوردستان له عێراق بڕیاری داوه.
به‌رپرسانى سیاسی و چاودێران كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر سیستانى نه‌بووایه، تا ئێسته ده‌مێك بوو شه‌ڕی تائیفی له عێراق سه‌ری هه‌ڵدابوو، ته‌نانه‌ت له نێوان گرووپه جیاوازه‌كانى شیعه‌ش.
شاهرودی تاكه كه‌سایه‌تیى دڵسۆزی ئێرانه كه خامه‌نه‌یی ده‌یه‌وێت جێى سیستانى بگرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى سیستانى له پێگه‌كه‌ى ده‌مێنێته‌وه تا ئه‌و كاته‌ى گیان له ده‌ست ده‌دات، تا ئێسته‌ش روون نییه كێ جێى ده‌گرێته‌وه، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت هه‌وڵی ئێران ئاشكرایه كه ده‌یه‌وێت شاهرودی جێى سیستانى بگرێته‌وه، به‌ڵام پێویستى به پشتگیری زۆرێك له شیعه‌كان و قوتابییانى خوێندنگه ئاینییه‌كان و پیاوانى ئاینى تر هه‌یه.
شاهرودی خۆى له شارى كه‌ربه‌لا له دایك و باوكێكى ئێرانى له دایك بووه، دواى شۆڕشی ئیسلامیى ئێران گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئێران و پله پۆستى باڵای وه‌رگرتووه، به تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ی خامه‌نه‌یی بووه‌ته رێبه‌ری كۆماری ئیسلامیى ئێران له ساڵى 1989.
شاهرودی پۆستى سه‌رۆكی دادگای باڵاى ئێرانى بۆ ماوه‌ى 10 ساڵ وه‌رگرتووه، ئێسته سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى دیاریكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى رژێمى كۆماری ئیسلامیى ئێران ده‌كات و له زۆر له بۆنه و ده‌ركه‌وتنه‌كاندا به ته‌نیشت خامه‌نه‌یی ده‌بینرێت.
ئێران ملیۆنان دۆلار بۆ جێگرتنه‌وه‌ى سیستانى خه‌رج ده‌كات
له رێى شاهرودی، ئێران ملیۆنان دۆلار له عێراق خه‌رج ده‌كات وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ جێگرتنه‌وه‌ى سیستانى، بۆ ئه‌مه‌ش بڕی 300 ملیۆن دۆلاری بۆ به‌رفراوانكردنى هه‌ژموونى خۆی له عێراق به ناوى فراوانكردنى مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌لی كه دووه‌م گه‌وره‌ترین پێگه‌ى ئاینى پیرۆزه لاى مسوڵمانان به گشتى و شیعه‌كان به تایبه‌تى خه‌رج كردووه.
هه‌روه‌ها شاهرودی ساڵى 2011 قوتابخانه‌یه‌كی ئاینى له نه‌جه‌ف كردووه‌ته‌وه و هاوكاری سه‌تان قوتابی ده‌كات، دواتریش قوتابخانه‌ى هاوشێوه‌ى له كه‌ربه‌لا و به‌غدا كردووه‌ته‌وه كه ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌و قوتابییانه رۆڵیان هه‌بێت له ده‌نگدان بۆ جێگرتنه‌وه‌ى سیستانى.
به‌ڵام له‌م پرسه‌دا هێشتا نه‌یانتوانیوه كێبه‌ركێى سیستانى بكه‌ن كه ساڵانه ملیۆنان دۆلار خه‌رج ده‌كات بۆ هاوكاری قوتابییان كه محه‌مه‌د عه‌لى سیستانى كوڕی سیستانى سه‌رپه‌رشتى ده‌كات، ئه‌مه‌ش وای كردووه ئه‌گه‌ر به ده‌نگدانى قوتابییه‌كان بێت، چانسی جێگرتنه‌وه‌ى باوكی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش روو بدات ئه‌وه ده‌بێته رووداوێكى گه‌وره له دانانى مه‌رجه‌ع له ناو شیعه‌كاندا كه تا ئێسته كوڕ جێى باوكى نه‌گرتووه‌ته‌وه.
به‌ڵام به‌هۆى دیار نه‌بوونى رێچاره‌یه‌ك بۆ جێگرتنه‌وه‌ى سیستانى، پێ ده‌چێ پرسی جێگره‌وه‌كه‌ى كاتى زۆر بخایه‌نێت تا ده‌گات به ساڵیش، به‌ڵام ئه‌و پرسه بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ى خامه‌نه‌یی له ئێران یه‌كلا كراوه‌ته‌وه كه ئه‌نجوومه‌نێكى 88 كه‌سی له پیاوانى ئاینى به ده‌نگدانى نهێنى شوێنگره‌وه بۆ خامه‌نه‌یی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.
پێ ده‌چێ هه‌ریه‌ك له ئایه‌توڵا محه‌مه‌د سه‌عید ئه‌لحه‌كیم یان ئایه‌توڵا محه‌مه‌د ئیسحاق ئه‌لفه‌یاز یانیش ئایه‌توڵا به‌شیر حوسێن ئه‌لنه‌جه‌فی كه هه‌رسێكیان له نه‌جه‌فیش داده‌نیشن كێبه‌ركێ بكه‌ن له‌سه‌ر جێگره‌وه‌ى سیستانى، به‌ڵام ره‌نگه پرسی ته‌مه‌ن به‌ربه‌ست بێت له‌به‌رده‌میاندا، بۆیه تا ئێره هیچ دیار نییه كێ جێى سیستانى ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام كێبه‌ركێ و ململانێى توندیش هه‌یه به تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانى خامه‌نه‌یی بۆ دانانى شاهرودی له جێى سیستانى و یه‌كخستنى هه‌ردوو مه‌رجه‌عی نه‌جه‌ف و قوم تا خۆی ببێته مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه‌كانى دنیا و ئێرانیش له رووى سیاسی و ئاینییه‌وه هه‌ژموونى خۆى به ته‌واوه‌تى به‌سه‌ر عێراقدا بسه‌پێنێت.