ترەمپ داوای هاوكاری لە كلینتن دەكات

:: AM:08:50:12/11/2016 ‌

سەرۆكی نوێی ئەمەریكا دۆناڵد ترامپ لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی ئاشكرای كردووە، ئەو داوای هاوكاری و ئامۆژگاری لە سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا "بیل كلینتن" دەكات، ئەمەش دوای ئەوەی بیل كلینتن پێوەندیی تەلەفۆنی بە دۆناڵد ترەمپ كرد و بەشێوەیەكی زۆر گەرم و دۆستانە قسەی لەگەڵ كردووە، هەرچەندە ترەمپ بووە هۆی شكستهێنانی هاوسەرەكەی و لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیش زۆرترین قسەی نەشیاویان بەیەكتر گوت.

دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و بردنەوەی، دۆناڵد ترەمپ هەوڵی ئارام كردنەوەی دۆخەكە دەدا، چونكە لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بە قسە توندەكانی زۆر خەڵكی لەخۆی تۆراندبوو.

ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمەریكایی لەبارەی بێل كلینتنەوە گوتی، ئەو كەسێكی تەواو بەهرەدارە و خانەوادەیەكی لێهاتوون، بێگومان بیر لەوە دەكەمەوە سوود لە ئامۆژگارییەكانی وەرگرم.

لەبارەی هیلاری كلینتنیشەوە سەرۆكی نوێی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا، لەو كاتەی ئێمە سەركەوتین هیلاری كلینتن پێوەندی پێوە كردم، ئەوە پێوەندییەكی یەكجار قورس بوو بۆ ئەو، چونكە دانی بە شكستی خۆی دەنا، بەڵام ئەو لوتفەوە پێی گوتم "پیرۆزە دۆناڵد، كارێكی سەركەوتوو بوو".

ترەمپ دەڵێ، من دەمەوێ لەناخەوە سوپاسی بكەم، بەڕاستی ئەو ڕكابەرێكی گەورە و سەخت بوو، ئەو كەسێكی یەكجار بەهێز و زۆر زیرەكە.

رۆژی هەشتی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، هاووڵاتییانی ئەمەریكا چوونە بنكەكانی دەنگدان و 45ەمین سەرۆكی وڵاتەكەیان هەڵبژاردن، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەدا دۆناڵد ترەمپ كاندیدی پارتی كۆمارییەكان توانی بەسەر هیلاری كلینتنی كاندیدی دیموكراتەكان سەر بكەوێ و ببێتە 45ەمین سەرۆكی ئەمەریكا.

سەرچاوە/ سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د