رێكەوتنەكانی نێوان ئەنەكەسە و پەیەدە جێبەجێ نەكراون

:: PM:08:55:13/11/2017 ‌
بەڕێوەبەری ئەنەكەسە ئاشكرای دەكات، تا ئێستە سێ‌ ڕێكەوتن بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە، بەڵام جێ‌ بەجێنەكراون.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تشرینی دووەم، ئیبراهیم برۆ  سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرەتای دروست بوونی بەهاری عەرەبی ئێمە داوای یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی گەلی كوردمان لە ڕۆژئاوای كوردستان كردووە. 

سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا دەڵێت، لە كاتی دروست بوونی بەهاری عەرەبییەوە سێ ڕێكەوتن لە نێوان (پەیەدە) و (ئەنەكەسە) بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە، بەڵام تا ئێستە هیچ یەكێك لەو خاڵانەی ڕێكەوتنەكە نەچووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە.
 
بڕۆ زیاتر گوتی، دەبوو بە پێی ڕێكەوتنەكان ئێمە بارەگامان لە ڕۆژئاوای كوردستان هەبووایە، بەڵام تا ئێستە ئێمە بارەگەكانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان نەكردووەتەوە ئەمەش بە بیانوی جۆراوجۆر و ڕێگری كردن و دروست كردنی بەربەست بۆمان نەمان توانیوە بارەگە بكەینەوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ئەنەكەسە) ئاشكرای دەكات ڕەوشی رۆژئاوا بەرەو باشتر دەڕوات و پیویستە لایەنە كوردییەكانی رۆژاوا یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بن بۆ ئەوەی بەهۆی ململانێ ناوخۆیییەكانەوە زیان بە كورد نەگات.

وشە/ سەلام هانەدنی



وشە - رامیار جەواد