دوای سێ‌ هەفتە لە بایكۆت
مامۆستایانی ناڕازی لە پێنجوێن دەگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن

:: PM:09:46:13/11/2017 ‌
مامۆستایانی ناڕازی لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن بایكۆت دەشكێنن و دەگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام داوا دەكەن كە كێشەی ئابووریان بۆ چارەسەر بكرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی تشرینی یەكەم، مامۆستا عەزیز بلیكانی بەڕێوەبەری قوتابخانەی شلێری بنەڕەتی لەناو شارۆكەی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، سێ‌ هەفتە دەبێت مامۆستایانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن بەهۆی دواكەوتن و چارەسەرنەكردنی كێشەی مووچە و لانەبردنی سیستمی پاشەكەوت، بایكۆتیان راگەیاندووە و نەهاتونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن.

زیاتر گوتی، بڕیارە سبەی مامۆستایان بایكۆت بشكێن و بگەڕێنەوە ناوەندەكانی خوێندن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستایان دۆخی ئابووریان خراپە و پێویستە دۆخی ئابووریان باش بكرێت، چونكە دۆخی خوێندن و مامۆستایانی پێنجوێن و ناوچەكانی تر جیاوازی هەیە.

هاوكات فازیل محەمەد، لێپرسراوی لقی پێنجوێنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، سبەی مامۆستایانی سنوورەكە دوای ماوەیەك بایكۆت كردن دەگەڕێنەوە هۆڵەكان خوێندن و بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو مامۆستایانەی كە خەڵكی دەرەوەی پێنجوێنن، لەگەڵ یەكەی سەرپەرشتیاری پەروەردە لەسەر هێڵین و بڕیاری چارەسەری كێشەكانمان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن، سەر بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیە و زیاتر لە(900) مامۆستای قۆناغەكانی باخچەی ساوایان و بنەڕەتی و ئامادەیی بوونی هەیە، كە زیاتر لە90%یان خەڵكی دەرەوەی سنووری شارۆكەی پێنجوێنن.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی






وشە - سه‌رخێڵ هاشم