ئاواره‌كانی خورماتوو ژیانی ئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری ناگۆڕنه‌وه به ژێرده‌سته‌یی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی، به‌شێك له خۆبه‌خشانی شارۆكه‌كه‌یش له‌لایه‌ن باڵێكی یه‌كێتییه‌وه خراونه‌ته ژێر چاودێری و په‌لاماردانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی زیان له میلیشیاكان نه‌ده‌ن. قایمقامی شارۆكه‌كه ده‌ڵێ، "ناتوانین به هیچ كه‌سێك بڵێین بگه‌ڕێته‌وه".
نه‌وزاد حه‌سه‌ن یه‌كێك له نوێنه‌رانی ئاواره‌كانی شارۆكه‌ی خورماتوو كه به‌هۆی ناپاكی ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی یه‌كێتی شارۆكه‌كه‌یان به ده‌سته‌وه دراوه و میلیشیا حوكمی ئاگر و ئاسنی ده‌كات، له‌رێی "وشه"وه سه‌رسوڕمانی خۆی پیشان دا له‌وه‌ی هه‌ندێك له به‌رپرسانی یه‌كێتی و عه‌ره‌ب و توركمان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی خورماتوو ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌كانی خۆیان، له كاتێكدا به‌گوته‌ی خۆی، "باش ده‌زانن گه‌ڕانه‌وه بۆ خورماتوو واته گه‌ڕانه‌وه بۆ ژێر سته‌م و سته‌مكاری حه‌شدی شه‌عبی".
حه‌سه‌ن ده‌ڵێ "هه‌ڵبژاردنی ژیانی ده‌شتوده‌ر له‌لایه‌ك و كۆبوونه‌وه‌ی چه‌ندان خێزان له ته‌نیا ماڵێك له‌لایه‌كی تر، ئه‌وپه‌ڕی نامه‌یه‌كی روونه كه هاووڵاتییانی خورماتوو جارێكی تر ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ قبووڵكردنی سته‌می حه‌شدی شه‌عبی".
خورماتوو له 16ی ئۆكتۆبه‌ر به پیلانێك درایه ده‌ست حه‌شدی شه‌عبی و به‌راورد به‌و ناوچانه‌ی تر كه هه‌مان پیلان گرتنییه‌وه، زۆرترین زیانی به‌ركه‌وتووه، ئه‌گه‌رچی سێ ساڵ بوو دانیشتوانه‌كه‌ی خۆیان به‌رگرییان له خۆیان ده‌كرد له‌ناو شارۆكه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر سته‌مه‌كانی میلیشیاكانی حه‌شد.
نه‌عیمه حه‌سه‌ن ژنێكی نابینای خورماتووه و ئاواره‌ی گه‌رمیان بووه، ئه‌و به قوڕگی پڕ له گریانه‌وه بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا، "به ئه‌سته‌م هێنرامه كه‌لار، كاتێك ده‌نگی ته‌قه‌م ده‌بیست و خه‌ڵك رای ده‌كرد، سه‌رده‌می به‌عسم بیر كه‌وته‌وه، چونكه ئه‌و كاتیش وه‌ك ئێسته نابینا بووم و ده‌ستیان ده‌گرتم له كاتی هه‌ڵاتن".
"وشه" له زاری ئاسایشی شارۆكه‌ی خورماتوو و خۆبه‌خشانی شارۆكه‌كه‌وه ئه‌وه ئاشكرا ده‌كات كه خۆبه‌خشان له‌لایه‌ن باڵێكی یه‌كێتییه‌وه كه‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لامار و هه‌ڕه‌شه‌كردن.
خۆبه‌خشان ئه‌و گه‌نجانه‌ی خورماتوون كه له سێ ساڵی رابردوودا به چه‌كی خۆیان رێگرییان له ده‌ستدرێژییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كرد بۆ سه‌ر نامووس و ماڵی كورد و هه‌ندێك جاریش شه‌ڕی چه‌ند رۆژی له نێوانیان رووی ده‌دا.
عه‌قید كاوه مه‌لا په‌روێز به‌رپرسی ئاسایشی شارۆكه‌ی خورماتوو به"وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و خۆبه‌خشانه‌ی چه‌كیان فڕێ نه‌داوه و ده‌یانه‌وێ خورماتوو ئازاد بكه‌نه‌وه، له‌لایه‌ن هه‌ندێك له به‌رپرسانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه خراونه‌ته ژێر چاودێری و هه‌وڵی گرتنیان ده‌درێ، بۆیه له بازگه‌یه‌كی سنووری سلێمانی یه‌كێك له نوێنه‌رانی خۆبه‌خشانی خورماتوو به‌ناوی (سه‌باح نه‌دیم) له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تری خۆبه‌خش گیراون.
زیاتر گوتی "ئامانج له‌و كاره ته‌نیا ئه‌وه‌یه هیچ كه‌سێك بیر له‌وه نه‌كاته‌وه شارۆكه‌ی خورماتوو ئازاد بكات یاخۆ له ده‌ره‌وه‌ی ده‌زگه ته‌ناهییه‌كانی یه‌كێتی بیر له تۆڵه‌ی خه‌ڵك بكاته‌وه، هه‌رچه‌نده خۆبه‌خشه‌كان هه‌ندێكیان پێوه‌ندییان به یه‌كێتییه‌وه هه‌بووه و ئێسته له هه‌ڵوێستی باڵێكی حزبه‌كه‌یان نیگه‌رانن".
میلیشیاكانی حه‌شد له خورماتوو ژنی كورد ئه‌تك ده‌كه‌ن و ماڵ و دووكانی كورد تاڵان ده‌كه‌ن و دواتر ده‌یسووتێنن، ئه‌وه‌یش داخی گه‌وره‌ی له هه‌ستی ئاواره‌كاندا دروست كردووه كه كه‌سوكاریان له‌و دۆخه‌دا ده‌ژین به‌هۆی كوردبوونه‌وه و به ناپاكی چه‌ند كوردێك دووچاری ئه‌و چاره‌نووسه كراونه‌ته‌وه.
هادی حه‌سه‌ن یه‌كێك له خۆبه‌خشانی خورماتوو بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، به‌شێك له خۆبه‌خشانی خورماتوو بێ ترس له دژی باڵێكی یه‌كێتی وه‌ستانه‌وه له پاش به‌ده‌سته‌وه‌دانی شارۆكه‌كه‌یان، بۆیه ده‌گیرێن. دووپاتی كرده‌وه "ژماره‌یه‌ك له هاوڕێ خۆبه‌خشه‌كانی خۆم له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه گیران و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه و پێیان گوتوون، نابێ بیر له‌وه بكه‌نه‌وه له خۆتانه‌وه ژێر به‌ژێر بچنه ناو خورماتووه‌وه نه‌ك دۆخه‌كه زیاتر ئاڵۆز بێت".
ئه‌و خۆبه‌خشه باسی له‌وه‌ش كرد كه ئه‌وان چه‌ندان جار به به‌رپرسانی باڵایان گوتبوو له خورماتوو كه ئه‌گه‌ر نیازی پاشه‌كشه و رێككه‌وتنیان هه‌بوو، ئاگادارمان بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان پارێزگاری له شارۆكه‌كه‌مان بكه‌ین، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، "به‌داخه‌وه ئه‌و خیانه‌ته زۆر ژێر به‌ژێر كرابوو".
هێمن حه‌سه‌ن چالاكی مه‌ده‌نیی خورماتوو كه پێوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ چه‌ند گه‌نجێكی توركماندا هه‌یه به‌هۆی كاری رێكخراوه‌یییه‌وه، به‌پشتبه‌ستن به به‌ڵگه‌ی فه‌رمی، هاوڕێ توركمانه‌كانی كه ئێسته له شارۆكه‌ی خورماتوو ماونه‌ته‌وه، بۆ "وشه" دووپاتی ده‌كاته‌وه كه عه‌ره‌بی شیعه و سونه ده‌هێنرێنه شارۆكه‌ی خورماتوو و جێگیر ده‌كرێن. به‌گوته‌ی ئه‌و چالاكه مه‌ده‌نییه "ئه‌وه‌ی له خورماتوو روو ده‌دات، سڕینه‌وه‌ی كورده له ناوچه‌كه به‌ته‌واوه‌تی، چونكه شه‌و نییه هه‌ڵمه‌تی سووتاندنی ماڵ و دووكانی هاووڵاتییانی كورد ئه‌نجام نه‌درێ، به‌پێی پلانی نه‌خشه بۆ كێشراو".
ئه‌ركان حه‌سه‌ن سه‌رۆكی شاره‌وانی خورماتوو، سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی گه‌رمیان بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، له خورماتوو حه‌وت گه‌ڕه‌كی كوردنشین هه‌بوون، به‌ڵام به‌ره‌و نه‌مان ده‌چن و كارێكی وای پێ ده‌كه‌ن بۆ نیشته‌جێبوون نه‌شێنه‌وه.
دووپاتی كرده‌وه "ئێسته شارۆكه‌ی خورماتوو به‌شێكی وێران بووه، ئه‌و به‌شه‌ی شوێنی ژیانی كوردانی ناوچه‌كه بوو، بۆیه نازانین زیانه‌كانیش چه‌ندن، چونكه هێشتا زووه بۆ باسكردنی، له كاتێكدا تاڵانی و ته‌ختكردنی ماڵ و سووتاندنی خانوو و دووكان به‌رده‌وامی هه‌یه".
لای خۆیانه‌وه به‌شێك له به‌رپرسانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌دۆخی ناوچه‌كه‌یان ناڕازین و له‌گه‌ڵ ئه‌و باڵه‌ن كه خیانه‌تكاران به كاڵفام ناو ده‌به‌ن. كه‌ریم شكور به‌رپرسی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتی به"وشه"ی راگه‌یاند، ئێمه له سته‌مكاری و كاره قێزه‌ونه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی زۆر نیگه‌رانین، هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بووین شارۆكه‌كه‌مان وا به ئاسانی بكه‌وێته ژێر ركێفی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه. شكور پێداگری له‌وه كرد كه "هه‌رچی زووه سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌بێت فریای خورماتوو بكه‌وێت، چونكه ته‌عریب كراوه‌ته‌وه".
له‌باره‌ی دوا هه‌ڵوێستی یه‌كه‌ی كارگێڕیی شارۆكه‌كه، شه‌لال عه‌بدول قایمقامی خورماتوو هۆشداری دا، ژیانی هه‌شت هه‌زار خێزانی ئاواره كه خۆی له 35 هه‌زار كه‌سدا ده‌بینێته‌وه، له مه‌ترسیدایه به‌هۆی هاتنی وه‌رزی زستانه‌وه.
عه‌بدول به"وشه"ی راگه‌یاند، "ئێمه ناتوانین به كه‌س بڵێین بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی خۆتان، چونكه ناتوانین ژیانیان بپارێزین و كه خۆمان نه‌توانین بگه‌ڕێینه‌وه، چۆن به خه‌ڵكی بڵێین بگه‌ڕێنه‌وه.
وشه/ گه‌رمیان-سه‌بری هۆرینی