430 كەس گیانیان لە دەست دا
بوومەلەرزەی كرماشان كارەساتبارترین بوومەلەرزەی ئەمساڵی دنیایە

:: AM:09:57:14/11/2017 ‌


بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم لە سنووری نێوان رۆژهەڵات و باشووری كوردستان رووی دا، لە دیوی رۆژهەڵات زۆرترین قوربانی لێ كەوتەوە و ئەمەش بە كارەساتبارترین بوومەلەرزە لەمساڵی دنیادا هەژمار كرا.

بەگوێرەی "بی بی سی" لە پارێزگای كرماشان بەهۆی بوومەلەرزەكە سەرووی ٤٣٠ كەس گیانیان لە دەست دا و سەرووی حەوت هەزار كەسیش بریندار بوون.

تیمەكانی فریاكەوتن هێشتا بە بەدوای ئەو كەسانە دەكەون كە ئەگەری ئەوەیان هەیە لە ژێر باڵەخانە رووخاوەكان بە زیندوویی مابن و رێی دەربازبوونیان لێ گیرابێت.

بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەكان، ١٥٠ ملیۆن كەس لە ناوچەكە هەستیان بە بوومەلەرزەكە كردووە. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەوەی خەمڵاندووە كە لە بازنەیەكی شوێنی بوومەلەرزەكە بە نیوەی تیرەی ١٠٠ كیلۆمەتر، ملیۆنێك و ٨٠٠ هەزار كەس دەژین.

لە سەرپێل زەهاو زۆرێك لە باڵەخانەكان وێران بوون و زۆربەی ئەو باڵەخانانەش كە زیانیان پێ گەیشتووە، هی ئەو پڕۆژە نیشتەجێبوونەیە كە بە مێهر ناسراوە و لە سەردەمی مەحموود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران بنیات نراون.

زۆر لە باڵەخانە و خانووەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كەرپووچ دروست دەكرێن و ئەمەش لە بەرامبەر بوومەلەرزەدا بەهێز نییە.

شەوی رابردووش بە هەزاران كەس لە ترسی دووبارە هاتنەوەی بوومەلەرزە لە دەرەوە نوستن.





وشە - سلێمان تاشان