ئێران رێگە بە رووی كۆمەكی مرۆیی هەرێمی كوردستان بۆ رۆژهەڵات ناكاتەوە

:: PM:08:42:14/11/2017 ‌
 
پاش ئەو بوومەلەرزە بەهێزەی ئەم دواییە كە بەتایبەت كوردستانی رۆژهەڵاتی گرتەوە و زیانێگی گەورەی گیانی و ماڵی پێ گەیاندن، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان كۆمەك كۆ دەكەنەوە بۆ لێقەوماوانی ئەو كارەساتە سروشتییە، بەڵام ئێران رێگەنادات بە گەیاندنی كۆمەكەكان.
 
ئەحمەد حەمید، یەكێك لە ئەندامانی كەمپینی كۆكردنەوەی هاوكاری بۆ كوردانی رۆژهەڵات لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، دەستمان كردووە بە ئامادەكاری و راگەیاندنی كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ كوردانی سەرپێڵ زەهاو لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
 
زیاتر گوتی، كۆمەكەكان خۆیان لە كۆكردنەوەی جلوبەرگ و پێخەف خۆراك دەبینێتەوە، بەڵام رەزامەندی ئێرانمان پێویستە بۆ واڵاكردنی مەرزی نێودەوڵەتی  پەروێزخان بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان، كە هێشتە هیچ رەزامەندییەك بۆ ئەو مەبەستە وەرنەگیراوە.
 
لای خۆیەوە سالار حەسەن، هاووڵاتییەكی نیشتەجێی شارۆكەی كەلار بۆ"وشە" ئاماژەی دا كە هەوڵی زۆریان داوە بچن بۆ هاوكاریكردن خزمانیان، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی رێگەیان پێ نەداون.
 
زیاتر گوتی، كەسانی نزیكمان لەو كارەساتە سروشتییە لە سەرپێڵ زەهاو گیانیان لەدەست داو و رێگەمان نەدرا بچین بۆ پرسەشیان نەك گەیاندنی هاوكاری.
 
لای خۆیەوە بێستون ژاڵەیی، بەرپرسی كاروباری مرۆیی ئیدارەی گەرمیان بە"وشە"ی راگەیاند، بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان هەوڵەكانیان چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی وڵاتی دراوسێ دەرگەی سنوورەكانی لەگەڵ گەرمیان واڵا بكات بۆ گەیاندنی كۆمەكی هاووڵاتییانی گەرمیان بۆ لێقەوماوانی كرماشان و سەرپێڵ زەهاو.
 
شەوی 12ی ئەم مانگە زنجیرەیەك زەمین لەرزە رۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستانی گرتەوە زیانی گیانی و مادی بەرچاوی بە كوردانی سەرپێڵ زەهاو كرمشان گەیاندووە كە سەرباری ئەوەی هاوسنووری گەرمیانن، لە رێگەی ژن و ژنخوازی و خزمایەتییەوە لەگەڵ گەرمیان زۆر تێكەڵن.
 
گەرمیان/ سەبری هۆرینی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل