نەوتی سپی بەسەر كەمپی ئاوارەكان دابەش دەكرێت

:: PM:02:47:12/11/2016 ‌

دەزگەی خێرخوازیی بارزانی و رێكخراوی UNHCR و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ‌نەوتی سپی بەسەر دوو هەزار و 351 خێزان لە كەمپی ئاوارەكان دابەش دەكەن.

ئەمڕۆ شەموو، 12ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەری 2016 لە درێژەی دابەشكردنی كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییەكان بەسەر پەنابەر و ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە كەمپەكانی (دیبەگە، دیبەگە2، ترانزێت، یاریگە)‌ بەردەوامە لە دابینكردنی پەناگە و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان و پێدانی دوو ژەمەخۆراكی گەرم بە ئاوارەی تازە هەڵهاتووی ژێر دەستی داعش.

لەو هەڵمەتەدا هەر خێزانێك 60 لیتر نەوتیان پێ دەدرێت، هەروەها هەڵدەستن بە دابەشكردنی جلوبەرگ بەسەر 90 كەس و دۆشەك و بەتانی بۆ 366 كەس و خاولی و سەلەی تەندروستی بۆ 62 خێزان و دابینكردنی پەناگە و پێدانی ژەمەخواردنی گەرم بەسەر 161 كەسی ئاوارە كە تازە ڕوویان لە كەمپەكە كردبوو.

ئۆفیسی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی دیبەگە، بەشێوەیەكی بەردەوام هاوكاری و پێداویستی بەسەر خێزانە ئاوارەكاندا دابەش دەكات.


وشە - موحسین شابان