وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رێوشوێنی یارمەتیدانی خەڵكی كرماشانی راگەیاند

:: AM:10:47:15/11/2017 ‌

 

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا رێوشوێنی ناردنی پارە، شتومەك و یارمەتییەكانی تری مرۆیی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانی ئاشكرا كرد كە بە هۆی بوومەلەرزەی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەمی رابردوو زیانێكی زۆریان بەركەوتووە.

 

بەگوێرەی ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، ناردنی دەرمان و پارە و چەندان كەلوپەلی تر قەدەغە كراوە، بەڵام وەزارتی گەنجینەی ئەمەریكا رێوشوێنێكی نوێی بۆ یارمەتیدانی خەڵكی زیانمەند بەهۆی بوومەلەرزە گرتووەتە بەر و ئاسانكاری نوێی راگەیاندووە تا یارمەتی خەڵك بدرێت.

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو وەزارەتە، گواستنەوەی پارە بۆ ئێران تا ٥٠٠ هەزار دۆلار لە ماوەی ١٢ مانگدا بۆ پشتیوانی لەو خەڵكەی زیانیان بەركەوتووە رێ پێدراوە.

 

هەروەها باسی لەوەش كردووە كە ناردنی خۆراك و جلوبەرگ و دەرمان ئەگەر بەمەبەستی یارمەتیدانی خەڵكی زیان لێكەوتوو بێت، ئەوا رێی پێ دەدرێت و لەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر ئێرانیدا سەپاندووە، ئەو بەشە ناگرێتەوە.

 

هەڵبەت مەرجێكیشی داناوە كە بریتییە لەوەی ئەو شتومەكانە نەگاتە دەستی ئەو دامەزراوانەی سزای ئەمەریكایان بەسەردا سەپێنراوە.

 

هەروەها هاتووە دامەزراوە ناحكوومییەكان بۆیان هەیە كەلوپەل و پێداویستی مرۆیی بۆ پاڵپشتی لەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە، بۆ ئێران بگوازنەوە.

 

پێویستە بگوترێت بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٣ بە پێوانەی ریختەر باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستانی هەژاند و بە هۆیەوە لە رۆژهەڵات سەرووی ٥٠٠ كەس گیانیان لە دەست دا و بە هەزاران كەسیش بریندار بوون.


 

 



وشە - سلێمان تاشان