دادگا و پۆلیسی ئامێدی بەدوای ئەم كەسە دەگەڕێن

:: PM:01:17:15/11/2017 ‌
گەنجێكی خێزانداری سنووری شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی، ماوەی پێنج مانگە ون بووە و هیچ سۆراخێكی نییە، دادگا و دامەزراوە كارگێڕی و پۆلیسی شارۆكەی ئامێدیش بەردەوامن لە بەدوادا گەڕان و دەسكەوتنی زانیاری لەبارەی ئەو گەنجە و دۆزینەوەی.

مەحموود نهێلی بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شارەدێی دێرەلووكی سەر بە شارۆكەی ئامێدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو گەنجە ناوی "محەمەد ڕەشید"ە و ماوەی پێنج مانگە ون بووە و دادگا داوای كردووە و پۆلیس و دامەزراوە كارگێڕییەكانی ڕاسپاردووە تا سۆراخی ئەو گەنجە بكەن و بیدۆزنەوە.

هەروەها گوتی، داواكارین هەر كەسێك زانیاری لەسەر ئەو گەنجە هەبێ، بە زووترین كات پێوەندیمان پێوە بكەن و ئاگەدارمان بكەنەوە، چونكە گەنجەكە لە ڕووی دەروونییەوە تەواو نییە، ئەگەر زیندوو مابێ، خۆی نازانێ شوێنی نیشتەجێبوونی پێ بزانێتەوە.

دادگای لێكۆڵینەوەی بەرایی دێرەلووك لەوبارەوە فەرمانێكی بە ژمارە 225 دەركردووە و داوا لە دامەزراوە كارگێڕییەكان و پۆلیسی دێرەلووك و ئامێدی دەكات، كە بە وردی بە دوای ئەو كەسە بگەڕێن و زانیاری لەبارەی چارەنووسی وەربگرن و بیدۆزنەوە.

گەنجەكە ناوی تەواوی "محەمەد ڕەشید ئیسلام كوردی"یە و خێزاندارە و خاوەنی دوو منداڵە، لە یەكی تەمووز/یۆلیۆ 1978 لەدایك بووە و لە 10ی تەمووز/یۆلیۆی 2017 لە ماڵ چووەتە دەرەوە و تا ئێستە نەگەڕاوەتەوە.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د