فڕەنسا: ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە

:: PM:01:05:16/11/2017 ‌


ئێران دوای دوو ساڵ و چوار مانگ لە رێککەوتنی ناوکیی لەگەڵ وڵاتانی پێنج کۆ یەک، هەڕەشەی ئەوەی لەسەرە سزای زیاتری بەسەردا بسەپێنرێت و رۆژ دوای رۆژیش بەرەی دژی ئێران لە پرسی جێبەجێ نەکردنی رێککەوتنەکە فراوانتر دەبێت. ئێران کە بەلێنی دابوو واز لە چالاکیی ناوکیی بهێنێت و لە مووشەکی بالیستیکیش دوور بکەوێتەوە، دەرکەوتووە "لە چالاکییەکانی خۆی بەردەوام بووە".

وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا ئاشکرای کرد کە بەرنامەی مووشەکیی ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە ناوچەکە, بۆیە پێداگری لەوە کرد پاریس خوازیاری ئەوەیە بە راشکاوی ئەو پرسە چارەسەر بکرێت.

ئێگنس رۆمانت ئیسپاین گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا گوتی, پاریس نیگەرانی ئەوەیە ئێران هێشتا لە بەرنامە ناوکییەکەی بەردەوامە و ئەو بەرنامە و چالاکییەی ئێران بۆ بواری ناوکیی گرتوویەتە بەر، دژی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییه‌ و سەرچاوەی نائارامی و ناسەقامگیرییە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست.

بە گوێرەی "رادیۆ فەردا" بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رێککەوتنی ناوکیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکی پەسند کرد، داوای لە ئێران کردووە لە پەرەپێدانی مووشەکی بالیستیکی دوور بکەوێتەوە کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکیی هەیە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا هەروەها باسی لەوە کردووە کە خوازیاری ئەوەیە سەرجەم بژاردە دیپلۆماسییەکان تاقی بکاتەوە له‌ دۆسیه‌ی ئێراندا.

پێشتر فڕەنسا خوازیاری ئەوە بوو جیا لە رێککەوتنی ناوکیی, دانوستانێکی جیاواز له‌باره‌ی بەرنامەی مووشەکیی ئێران بکات. بەڵام فدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا گوتی "پێویست ناکات بە دەستپێکردنەوەی دانوستانی نوێ، رێککەوتنی ناوکیی بکەوێتە ژێر پرسیارەوە".
لای خۆیه‌وه‌ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فڕەنسا لە میانەی سەردانکردنی بۆ ناوچەکە باسی لە پێویستیی دانوستانی ناوکیی لە گەڵ ئێراندا کردبوو.

لە به‌رامبه‌ردا بەهرام قاسمی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی راگەیاند  کە ئێران سەبارەت بە بەرنامە مووشەکییەکەی لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا دانوستان ناکات. زیاتر گوتی "پێشتر چەندان جار ئەو بۆچوونەی خۆمان بە بەرپرسانی فڕەنسا گەیاندووە، رێککەوتنی ناوکیی چیتر دانوستان هەڵناگرێت و رێگە نادرێت هیچ شتێکی تر بە رێککەوتنەکەوە زیاد بکرێت".

هەندێک سەرچاوی دیپلۆماسی بە "رۆیتەرز"یان گوتووە,‌ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا کە بڕیار بوو تا کۆتای ئەم مانگە سەردانی تاران بکات، بەهۆی ئەوەی کاری تری بۆ هاتووەتە پێش، بەرنامەی سەردانەکەی بۆ تاران دواخستووە. مەبەستی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فڕەنسا بۆ ئێران ئەوە بووە رێگە خۆش بکات لە داهاتوودا سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی سەردانی تاران بکات و سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی سیاسی دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانیدا بکات.

هەموو کێشەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێران رێککەوتنی ناوکیی جێبەجێ نەکردووە. لە تەمووزی ٢٠١٥ دوای 20 مانگ لە دانوستانی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک, دواجار رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەی پرسی ناوکیی ئێران واژۆ کرد.
بەگوێرەی رێکەوتنەکە سەرجەم بڕی یورانیۆمی پیتێندراوی ئێران کە مادەیەکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی، لە ماوەی 15 ساڵی داهاتوودا بە رێژەی 98% کەم دەکرێتەوە و تەنیا 300 کیلۆگرامی لێ دەمێنێتەوە و لەو ماوەیەشدا ئێران بۆی هەیە لە ئاستی 3.67% یورانیۆم بپیتێنێت.

هاوکات لەسەرجەم دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران رێوشوێنی جیاواز دەگیرێتە بەر و کۆمەڵێک مەرج بەسەر ئەو دامەزراوانەدا دەسەپێنرێت تا ساڵی ٢٠٢٣. هەروەها تا ساڵی ٢٠٣٠ ئێران بۆی نییە لە وێستگەی "فردو" یورانیۆم بپیتێنێت. ئەو وێستگەیە دەکرێت بە ناوەندێکی توێژینەوە کە لەناو دڵی چیایەکدا بنیات نراوە و ئەو هەزار و 44 سانتریفوژەی کە لەو وێستگەیە داندراون بە مەبەستی بواری دەرمانی، پیشەسازی و زانستی, سوودیان لێوەردەگیرێت.

لە وێستگەی ئەراک کە لە جۆری ئاوی قورسە و لە پلۆتۆنیۆمی بەرهەمهێنراوی وێستگەکە مەترسی ئەوە هەبوو چەک دروست بکرێت. رۆژئاواییەکان لەسەرەتای دانوستانەکان هەوڵیان دا ئەو وێستگەیە بە تەواوی دابخەن, بەڵام ئێران رازی نەبوو. بەپێی رێککەوتنەکە ئەو وێستگەیە بە هاوکاری وڵاتانی رۆژئاوا بە شێوەیەک نۆژەن دەکرێتەوە کە توانای بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی نەبێت و ئەو سووتەمەنییەی تێیدا بەکار دەهێنرێت بۆ دەرەوەی وڵات دەگوازرێتەوە. هاوکات ئێران تا 15 ساڵی تر بۆی نییە هیچ جۆرە راکتۆرێکی ئاوی قورس بنیات بنێت.

چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی بەردەوام ئێران دەخەنە ژێر چاودێری خۆیان  بۆ ئەوەی تاران بە نهێنی هەنگاوی خراپ نەنێت. ئێران قبووڵی کردووە هەر شوێنێک ئاژانسەکە بیەوێت سەردانی بکات و بیپشکنێت و هەر کاتێک ئێران ئەوەی رەت کردەوە ئەوا لیژنەیەکی دادوەری لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەکات.

ئێران لە ساڵی ٢٠١٥دا 20 هەزار سانتریفوژی هەبوو و بەگوێرەی لێکدانەوەی کۆشکی سپی ئەو ژمارەیە لە ئامێرەکانی پیتاندنی ئورانیۆم دەتوانن لە ماوەی سێ مانگدا  10 بۆمبی ناوکی دروست بکەن و بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئێران هەموو چالاکییەک دەوەستێنێت کە یارمەتی دروستکردنی بۆمبی ناوکیی دەدات.

گەمارۆ ئابوورییەکان کە لە ٢٠١٢ەوە تا ٢٠١٥ زیاتر لە 160 ملیار دۆلار زیانی بە ئێران گەیاند، لەسەر ئێران لادران و ئێران لەو کاتەوە بێ بەربەست نەوتەکەی هەناردە دەکات، هاوکات ئێران دەستی بە 100 ملیار دۆلار گەیشت لەو پارانەی کە لە بانکەکانی دنیا دەستی بەسەردا گیرابوو.
ئێران قبووڵی کرد گەمارۆ و  سزاکان تا ساڵی ٢٠٢٠ لەسەری پێڕەو بکرێن و ئەگەر ئێران بیسەملێنێت کە داواکارییەکانی ئاژانسی جێبەجێ کردووە لەوانەیە زووتر گەمارۆکان لەسەری لابچێت. هاوکات بڕیار درابوو گەمارۆکانی ئێران بۆ سەر مووشەکی بالیستیک تا هەشت ساڵی تر بەردەوام دەبن.

وردەکاری رێککەوتنەکە دەیسەلمێنێت کە ئێران رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە و بە ئاشکرایی پەرەی بە مووشەکی بالیستیک داوە. هەر بۆیەش هەموو هەوڵێکی ئەمەریکا ئەوەیە پێش بە سەرەڕۆییەکانی ئێران بگرێت.






وشە - سلێمان تاشان