وەزارەتی پێشمەرگە: هیچ هێزێكی پێشمەرگە نەگەڕاوەتەوە سنووری خانەقین

:: PM:07:02:18/11/2017 ‌

بەڕێوبەری گشتیی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە هیچ هێزێكی پێشمەرگە نەگەراوەتەوە بۆ سنووری خانەقین و بۆچارەسەركردنی كێشەكانیش چاوەڕێی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا دەكەن.

عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوبەری گشتی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە هێزێكی پێشمەرگە گەراوەتەوە بۆ سنووری خانەقین، دوورە لە راستییەوە و هیچ هێزێك نەگەراوەتەوە، چونكە حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان دەیانەوێت بچنە خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل، جا چۆن رێگە بە گەرانەوەی هێزی پێشمەرگە دەدەن.

زیاتر گوتی، هیچ رێككەوتنێك لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان نەكراوە، بۆ ئەوەی بەشێك لە هێزی پێشمەرگە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانی خانەقین.

لەبارەی دوای وتوێژی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق، حیكمەت گوتی، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەند كۆبوونەوەیەك لە نێوان هەردوو شاندی سەربازی هەرێم و بەغدا كرا و نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك، ئێستە چاوەڕێی ئەوە دەكەین هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا دەست بە گفتوگۆ بكەن و لەسەر هەموو پرسەكان رێككەوتن بكەن، چونكە لەو كاتەوە تا ئێستە هیچ كۆبوونەوەی تر نەكراوە.

ئەو قسانەی بەڕێوبەری گشتی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوو سەركردەكانی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان ئەوەیان بڵاوكردەوە كە هێزێكی پێشمەرگە گەڕاوەتەوە بۆ سنووری خانەقین.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل