هەڵبژاردنەكان لە عێراق لە وادەی خۆی بەڕێوە دەچێت؟

:: PM:09:38:18/11/2017 ‌

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق لە وادەی دیاریكراو بەڕێوە دەچێت، دووپاتیشی كردەوە كە هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵی لە دوای جەنگی نەهێشتنی داعش دەست پێ دەكات.

ئەمڕۆ شەموو عەبادی لەكاتی وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدەر لە یەكێك لە بنكەكانی دەنگدان لە بەغدا، رای گەیاند كە داوا لە هاووڵاتییان دەكەم بچن و كارتی دەنگدانی خۆیان وەربگرنەوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا.

زیاتر گوتی، هەڵبژاردنی داهاتوو لە وادەی دیاریكراوی خۆی بەڕێوە دەچێت بە پێچەوانەی ئەوەی ژمارەیەك سیاسەتوانی باسی لێوە دەكەن و روونی كردەوە كە ئەنجوومەنی وەزیران وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دیاری كردووە.

عەبادی دووپاتی كردەوە كە لە دوای كۆتاهاتنی جەنگی نەهێشتنی داعش، هەڵمەتی نەهێشتنی گەندەڵی دەست پێ دەكات، ئەوەش لەو كاتەی كە هەر ئەمڕۆ هەریەك لە فوئاد مەعسووم سەركۆماری عێراق و نووری مالیكی جێگری سەركۆمار داوایان كرد كە هەڵبژاردنەكان لە وادەی خۆی بەڕێوە بچێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 31ی تشرینی یەكەمی 2017 دەنگی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە 15ی ئایاری 2018 دا، ئەو وادەی ژمارەیەك لایەنی سیاسی عێراق رەتی دەكەنەوە و داوای دووبارە دواخستنی دەكەن.

ئەوە لەو كاتەی ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق خەریكی جموجۆڵێكی سیاسین بە مەبەستی دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 15ی ئایاری 2018 بەڕێوە بچێت، لەو كاتەی سیاستەوانان وریایی لە دەستكاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەدەن، كاتێك نووری مالیكی رای گەیاند كە مەترسی دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە مەترسی داعش زیاترە.

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق لەو بارەوە رای گەیاند كە ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پارێزگاكانی باكور و رۆژئاوای عێراق (سوننە)، كە بەم دواییە لە دەستی داعش ئازاد كراونەتەوە، هەوڵی رازیكردنی پەرلەمان دەدەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تا كاتی تەواوبوونی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، ئاماژەی كرد كە ئەو بانگەشە لایەنگری هەیە لە ناو پەرلەماندا، بەڵام هاوكات رووبەڕووی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەبێتەوە بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی كە دواخستنی هەڵبژاردن بە تەواوەتی رەت دەكاتەوە. 

لای خۆیەوە فالح خزعەلی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە دەڵێت، دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتوو مایەپووچبوونێكی سیاسییە و پێشێلكردنی دەستوور و پرەنسیپەكانی كاری دیموكراسییە لە عێراق.

زیاتر گوتی، سەركەوتننەكانی دوایی بەسەر داعش و ئازادكردنەوەی راوە و گەڕانەوەی بەشێك لە ئاوارەكان بۆ ناوچە ئازادكراوەكانیان، رەتی دەكاتەوە كە پاساوێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان هەبێت، بۆیە داوای لە سەرانی بارستە سیاسییەكان كرد بۆ راگەیاندنی هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر پڕۆسەی سیاسی، چونكە دواخستنی هەڵبژاردنەكان لەدژی پڕۆسەی سیاسییە.

لای خۆیەوە نووری مالیكی ئەمڕۆ شەموو رەتی كردەوە كە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دوا بخرێت و لە وتارێكی لە بەغدا رای گەیاند كە پێویستە لە وادەی دیاریكراوی خۆی بێتە جێبەجێكردن، چونكە مەترسی دواخستنی لە مەترسی داعش زیاترە و ئێمەش نامانەوێت بچینە ناو بۆشایی تەناهی و سیاسییەوە.

هەر لەو ناوەدا ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی كردەوە كە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق گۆڕانكاری گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت بەو مەرجەی هەڵبژاردنێكی پاك بێت و رەتیشی كردەوە كە هەر وڵاتێك دەست بخاتە ناو هەڵبژاردنەكانەوە.

لای خۆیەوە ئاراس حەبیب سەرۆكی كۆنگرەی نیشتیمانی عێراق وریایی لە ئەگەری كاری ساختەكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دا و لە بەیاننامەیەكدا جەختی كردەوە كە پێویستە خواستی دەنگدەران بێتە پاراستن لە ساختەكاری لە رێگەی بڵاوكردنەوەی بیری وا كە كار بكاتە ئاراستەی دەنگدەران بۆ بەرژەوەندی چەند لایەنێك كە تا ئێستەش لەسەر داوی رەچەی خەڵك یاری دەكەن نەوەك ئەقڵ لۆجیك.

سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوێنێ هەینی رای گەیاند كە ناكرێت هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆی بێتە سازكردن، ئاماژەی كرد، ناكرێت هەڵبژااردنەكان لە وادەی خۆیاندا بكرێت، ئەگەر نەتوانرێت ئامرازەكانی سەرخستنی دابین بكرێت، ئەگەرچی لەگەڵ ئەوەشداین كە لە وادەی دیاریكراوی خۆی بێتە سازكردن.

جبووری لەبەردەم پەیمانگەی ئاشتی لە واشنتن روونی كردەوە، لە گرنگترین ئەو ئامرازانە گەڕانەوەی ئاوارەكان و دابینكردنی سەقامگیرییە بۆیان بەمەبەستی مسۆگەركردنی بەشداریكردنی فرەوانی پێكهاتەكانی گەلی عێراق لە هەڵبژاردنەكان كە زۆر نەهامەتی چێشت و قوربانی زۆری دا و شایستەی ژیانێكی باشترە لە ئاستی قوربانیدانی.

بەهۆی ئەو دۆخە ناهەمووارەی عێراق و لێكەوتەكانی جەنگی داعش و بوونی چەندان تەنگژەی و ململانێی تایفی لەو وڵاتە كە تا ئێستەش رێگرە لە گەڕانەوەی هەزاران ئاوارە بۆ شوێنی خۆیان، عێراق ناتوانێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆی ئەنجام بدات. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل