ئه‌كره‌م ساڵح به‌رپرسی لقی 22ی گه‌رمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، به وردی باس له رووداوه‌كانی خورماتوو ده‌كات و ره‌تی ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌كشایه‌ته‌وه به‌و پیلانه‌ی دانرابوو، خه‌ڵكی خورماتوو تووشی ئه‌و كاره‌ساته بووایه كه ئێسته ئه‌و به "كاره‌ساتیی مرۆیی" ناوی ده‌بات.
ساڵح كه خۆی له رووداوه‌كانی پێشتری خورماتوو و ناوچه‌كانی دیاله‌دا ئاماده‌یی هه‌بووه، له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ "وشه"دا ئاماژه به‌وه ده‌دات كه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری به په‌له نه‌دۆزرێته‌وه، حكوومه‌تی عێراق پیلانه مێژوویییه‌كه‌ی ته‌واو ده‌كات كه گۆڕینی ناسنامه‌ی ناوچه‌كانی كوردستانه و داهاتووی كورد به ته‌واوی ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
ره‌وشی خورماتوو ئێسته چۆنه و زیانه‌كانی كورد چی بوون له‌و شارۆكه‌یه؟
شارۆكه‌ی خورماتوو له دوای په‌لاماری چه‌كدارانی حشدی شه‌عبی له ١٦ی ئۆكتوبه‌ر، تووشی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی سیاسی و مرۆیی بووه, چونكه چه‌ند ساڵێكه له خورماتوو به‌پێی پلانێكی تایفی هه‌وڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه ده‌درێت. حه‌شدی شه‌عبی كه زۆرینه‌ی توركمانی شیعه‌ی شاره‌كه‌ن، سه‌ره‌تا و له ماوه‌ی شه‌ڕی داعشدا به كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ركردنی عه‌ره‌بی سوننه ده‌ستیان پێ كرد، دواتر ده‌ستیان كرد به فشارخستنه سه‌ر كورد، به‌و هۆیه‌وه چه‌ند جارێك شه‌ڕ له نێوان كورد و توركمانی شیعه‌ی سه‌ربه حه‌شد كه له‌لایه‌ن عێراق و ئێرانه‌وه پشتگیری ده‌كرێن، ڕووی دا. به‌ڵام به‌هۆی ئازایه‌تی و دڵسۆزی دانیشتوانی كوردی خورماتوو و به‌رگری قاره‌مانانه‌ی خه‌ڵك و پێشمه‌رگه، له ناسنامه‌ی كوردستانیه‌تی خورماتوو، هه‌وڵه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو .
به‌ڵام دوای خیانه‌تی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر و كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه له سنووركه, ده‌رفه‌ت بۆ حه‌شد شه‌عبی ره‌خسا پلانه‌كه‌یان جێبه‌جێ بكه‌ن و تۆڵه له كوردی شاره‌كه بكه‌نه‌وه، بۆیه ئێسته خه‌ڵكی خورماتوو ڕووبه‌ڕووی كاره‌ساتی مرۆیی گه‌وره بوونه‌ته‌وه و ته‌واوی كوردی شاره‌كه ئاواره بوونه، به سه‌تان خانوویان ته‌قێنراونه‌ته‌وه و نزیكه‌ی دوو هه‌زار ماڵ و دووكان تاڵان كراون یاخۆ سووتێنراون، هاوكات ده‌ستدرێژی كراوه‌ته سه‌ر ژماره‌یه‌ك خێزان و چه‌ندان كه‌س كوژراون و ته‌واوی گه‌ڕه‌كه كوردییه‌كانی خورماتوو ژیانیان تێدا نه‌ماوه.
له خورماتوو به ژماره چه‌ند كه‌س ئاواره بوون؟
به‌پێی زانیاری، نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار خێزانی كورد ئاواره بوون، ئێسته له شار و شارۆكه‌كان بڵاو بوونه‌ته‌وه به‌تایبه‌ت له ناوچه‌ی گه‌رمیان و هه‌ردوو پارێزگای هولێر و سلێمانی.
ئایا ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر كورد هات له خورماتوو تۆمار كراوه وه‌ك دۆكیۆمێنتی یاسایی؟
ناڵێم به ته‌واوی تاوانه‌كان دۆكیۆمێنت كراون، به‌ڵام هه‌وڵی باش دراوه، چه‌ندان به‌ڵگه‌ی زیندوو كۆ كراونه‌ته‌وه و هه‌وڵه‌كان له چه‌ند لایه‌كه‌وه به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو تاوانه‌كان به دۆكیۆمێنت بكرێن و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێ ئاگادار بكرێته‌وه.
ئێوه ئه‌زموونتان هه‌یه له خورماتوو، پێشتر چه‌ند جارێك شه‌ڕی حه‌شد و كورد رووی داوه، ئایا كورد توانای به‌رگری نه‌بوو وه‌ك هه‌ندێك له به‌رپرسانی خیانه‌تكار باسی ده‌كه‌ن كه به‌هۆی بێ توانایی پێشمه‌رگه شاره‌كه‌یان جێ هێشتووه؟
ته‌نیا پێشمه‌رگه له سنووره‌كه پاشه‌كشه‌ی نه‌كردایه به‌هۆی ئه‌و پیلانه هه‌رێمی و ناوخۆیییه، هه‌رگیز ئه‌و بارودۆخه ڕووی نه‌ده‌دا، چونكه رابردووی دوور و نزیكی خه‌ڵكی خورماتوو شاهیدی خۆڕاگری و به‌رگریی قاره‌مانانه‌ی كوردی ئه‌و شاره‌ن.
ئاواره‌كان له دۆخێكی خراپدان وه‌ك خۆیان باسی ده‌كه‌ن، چیتان كردووه و چی ده‌كه‌ن له كاتێكدا زستان نزیكه؟
به‌داخه‌وه به‌هۆی په‌لاماره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌و بارودۆخه ناله‌باره‌ی له دوای ١٦ی ئۆكتوبه‌ر هاته ئاراوه، زیاتر له ١٢٠ هه‌زار كه‌س به‌هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیان و كه‌رامه‌تیان له ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ئاواره بوون، بۆ ئه‌مه‌ش حكوومه‌تی هه‌رێم له هه‌وڵی بێ وچاندایه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و چۆنیه‌تیی نیشته‌جێكردنی ئاواره‌كان به‌هاوكاری ئاژانسه‌كانی سه‌ربه UN رێكخراوه‌كانی خێرخوازی. بێگومان كۆمه‌ك و هاوكاری خه‌ڵكی كوردستان جێی پێزانینه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانا نییه هه‌موو شت كراوه، به‌ڵكو هێشتا ئاواره‌كان له ره‌وشێكی ناجێگیردان و پێوستیان به ئاوڕدانه‌وه و هاوكاری زیاتر و به‌په‌له هه‌یه، به تایبه‌ت كه وه‌رزی زستان له سه‌ره‌تادایه. ئه‌وه‌ی ئێمه ئاگادارین حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ رێكخراوه مرۆیییه‌كان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
ئایا دۆخی ئه‌و ناوچانه چیی به‌سه‌ر دێت و ئه‌م خه‌ڵكه تا كه‌ی ئاوا له ئاواره‌ییدا ده‌مێننه‌وه؟
به‌بڕوای من دۆخی ئه‌م ناوچانه پێویستی به چاره‌سه‌ری به په‌له‌یه له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا، له قۆناغی یه‌كه‌مدا پێوسته له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا به چاودێری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان لێكتێگه‌شتن ئه‌نجام بدرێت، داوا بكرێت چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی پاشه‌كشه بكه‌ن و سوپا بچێته ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و ئیداره‌یه‌كی مه‌ده‌نیی هاوبه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ناوچه‌كان به‌ڕێوه ببات و دۆسیه‌ی ئاسایش راده‌ستی پۆلیس بكرێت. پاشان هه‌وڵه‌كان چڕ بكرێته‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠.
به‌ڵام بارودۆخی خورماتوو جیاوازه، چونكه هه‌وڵی سه‌پاندنی ناسنامه‌ی تایفی شیعی و پاكتاوی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر كوردانی خورماتوو هه‌یه. بۆیه كێشه‌ی خورماتوو ئاڵۆزه و پێكه‌وه‌ژیان تێیدا ئاسان نییه و دۆخی شارۆكه‌كه پێوستی به چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی هه‌یه، به بڕوای من ئه‌گه‌ر شارۆكه‌كه نه‌یه‌ته داماڵین له چه‌ك و هێزیكی بێلایه‌ن یان ئاشتیپارێز ئاسایشی شارۆكه‌كه نه‌گرنه ئه‌ستۆ، شه‌ڕ و كێشه كۆتای نایه‌ت و خه‌ڵكه‌كه‌ش به ئاسانی ناگه‌ڕێنه‌وه ماڵی خۆیان.
به‌گشتی به‌رپرسیارێتی مێژوویی ئه‌و كاره‌ساته‌ی خورماتوو له ئه‌ستۆی كێدایه؟
به‌گشتی ئه‌م كاره‌ساته هێنده گه‌وره‌یه، مه‌گه‌ر مێژوو خوێندنه‌وه‌ی دروستی بۆ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئاشكرایه فاكته‌ری روودانی ئه‌م رووداوانه له ئه‌ستۆی ئه‌و گرووپه‌دایه كه ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبی و وڵاتانی ناوچه‌كه رێك كه‌وتبوون كه بێ شه‌ڕ ناوچه‌كه به‌ده‌سته‌وه بده‌ن.
ئه‌ی دۆخی ناوچه‌كانی جه‌له‌ولا و سه‌عدیه و جه‌باره چۆنه؟ كه‌متر باس له‌و شوێنانه ده‌كرێ، هی ئه‌وه‌یه زیانیان نه‌بووه یان مامه‌ڵه‌ی حه‌شد له‌و ناوچانه باشتره له‌گه‌ڵ خه‌ڵك؟
ره‌وشی ئه‌و شاره‌دێ و شارۆكانه‌یش هێنده باش نییه و سیاسه‌تی ته‌عریب ورده ورده ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام كێشه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌م ناوچانه كه‌متره، بۆیه ئارامتر ده‌رده‌كه‌ون، هه‌رچه‌نده ئه‌مه به‌و مانایه نییه كێشه‌ی تێدا نه‌بێت.
ئێسته كه مانگێكه حه‌شد و هێزه‌كانی تری عێراق له‌و ناوچانه‌دان، به‌پێی زانیاریتان دۆخه‌كه چۆنه؟
حكوومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت له قۆناغی یه‌كه‌مدا بارودۆخه‌كه هێمن بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له ڕووی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه فشاره‌كان كه‌م بكاته‌وه و له‌وه زیاتر چاوی نه‌خرێته سه‌ر. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بارودۆخی ئه‌م ناوچانه بۆ دانیشتووانه كورده‌كه‌ی نائارامه، هاووڵاتی كورد هه‌ست به دڵنیایی ناكه‌ن و له دۆخێكی سایكۆلۆجی ناجێگیردان و رۆژانه حاڵه‌تی گرتن و دزی و تاڵانی و پشكنین و ئیستفزازكردنی كورد هه‌یه. هاوكات حكوومه‌تی به‌غدا ده‌ستی كردووه به گۆڕینی ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌رپرسانی كورد و دانانی عه‌ره‌ب و توركمانی شیعه له جێیان. پرۆسه‌ی ته‌عریب ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ی له چوارچێوه‌ی ماده‌ی ١٤٠ ناوچه‌كه‌یان جێ هیشتووه، داوایان لێ كردوون بگه‌ڕێنه‌وه، هه‌ر عه‌ره‌بێك بیه‌وێ له شاره‌كانی عێراقه‌وه نفووس بگوازێته‌وه بۆ كه‌ركووك و ناوچه‌كانی تر، ده‌ستبه‌جێ بۆی جێبه‌جێ ده‌كرێت.
به‌گشتی ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕه‌وشه به‌خێرایی چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، له داهاتووی نزیكدا دۆخی كورد له‌م ناوچانه رووبه‌ڕووی مه‌ترسی گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه. چونكه به‌رده‌وام كورد ناوچه‌كه جێ دێڵێ و عه‌ره‌ب ڕووی تێ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش ته‌واوكردنی ئه‌و ستراتیجه‌یه كه ده‌یان ساڵه حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ گۆڕینی ناسنامه‌ی كوردستانیه‌تی ئه‌و ناوچانه .
وشه/ كه‌لار- سه‌بری هۆرینی