بەریتانیا پاڵپشتی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات

:: PM:06:43:19/11/2017 ‌

باڵوێزی نوێی بەریتانی لە عێراق دووپات لەوە دەكاتەوە كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەوان هاوكار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشكەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بە خۆیەوە ببینێتەوە.

ئەمرۆ یەكشەم مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە جۆناتان ویلكس باڵوێزی نوێی بەریتانی لە عێراق و شاندی یاوەری كرد.

لە میانەی دیدارەكەدا چۆنیەتی پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێم و بەریتانیا تاوتوێ كران و باڵوێزی بەریتانیا دووپاتی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی پاڵپشتی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هاوكار دەبن بۆ ئەوەی هەرێم ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و هەرچی زووتر پێشكەوتنی ئابوووری و دارایی و ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێتەوە. 

باڵوێزی بەریتانیا ئاماژەی بە دوا پەرەسەندنی پێوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵوێستی وڵاتەكەی بۆ پاڵپشتی دانوستانێكی ئاشتییانە لە سەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەری گشت كێشەكانی نێوان هەردوولا دووپات كردەوە.

لە بەرامبەردا راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان هیوای سەركەوتنی بۆ باڵوێزی نوێێ بەریتانیا خواست و جەختی لە بەردەوامی و بە هێزتركردنی پێوەندی دوولایەنە كردەوە. لە  بارەی دوا پەرەسەندنی دۆخی ناوچەكەش، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم پێگیریی هەرێمی بە بەشداری لە هاوپەیمانی جەنگی دژ بە تیرۆر دووپات كردەوە و ئاواتی خواست بە چارەسەریی بنەڕەتی كێشەكان و ڕەواندنەوەی گرژییەكان، بتوانرێت زەمینەی سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی لە ناوچەكە لەناو ببردرێت.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش پاڵپشتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەست پێكردنی وتوێژێكی ئاشتییانەی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەولێر و بەغدا لە پێناو چارەسەری كێشەكان بە گرنگ زانی و ئاواتی خواست هەرچی زووتر بەغدا بە ڕێزگرتن لە دەستوور، وەڵامی ئەرێنی بۆ هەوڵەكانی هەرێم لە پێناو دەستپێكردنی گفتوگۆ هەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل