كارەبای سلێمانی: پێدانی كارەبای نیشتمانی بۆ چوار سەعات كەم دەبێتەوە

:: PM:07:34:19/11/2017 ‌
 
بەهۆی هاتنی وەزری زستان و زیادبوونی خواست لەسەر كارەبای نیشتمانی، بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی دەڵێت، پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان بۆ چوار سەعات كەم دەبێتەوە و هیچ كەلوپەلێكی یەدەگیشیان نییە لە كۆگاكاندا.
 
سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی ئەمڕۆ یەكشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی دابەش نەكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەكاندا، ئەم زستانە كارەبای نیشتمانی تووشی كێشە دەبێتەوە و پێدانی زۆر كەم دەبێتەوە.
 
زیاتر گوتی، نەبوونی نەوتی سپی وا لە هاووڵاتییان دەكات كە خواستێكی زۆر لەسەر كارەبای نیشتمانی هەبێت و ئامێرە گەرمكەرەوەكان زۆر زیاد بكەن لە ماڵاندا، ئەوەش وا دەكات كارەبای نیشتمانی بەرگەی ئەو پاڵەپەستۆیە زۆرە نەگرێت و كەمبێتەوە.
 
حیسامەدین روونی كردەوە، ماوەی هەفتەیەك دەبێت سەرما دەستی پێكردووە، بەهۆی بەكارهێنانی ئامێری گەرەمكەرەوە، لە ئێستەوە كە هێشتە باران و سەرمای زۆر دەستی پێ نەكردووە، پێدانی كارەبا بۆ 10 سەعات كەمبووەتەوە، لەگەڵ بارینی باران و هاتنی سەرمای زۆر لە وەرزی زستاندا، پێدانی كارەبا بۆ چوار سەعات كەم دەبێتەوە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای سلێمانی دەڵێت، ئەوان هیچ كەلوپەلێكی كارەباییان لە كۆگەكان وەك یەدەگ نییە تا لە كاتی سووتانی محاویلە و ئامێرەكانی تر لە كۆڵان و گەڕەكەكان بیگۆڕن، بۆیە لە وەرزی زستاندا تووشی كێشەی زۆر دەبن لە پێدانی كارەبادا.
 
ئاماژەی دا، لە وەرزی هاوینەوە داوا دەكەن كەلوپەل و پێویستی كارەبا و بودجەیان بۆ دابین بكرێت، بەڵام بۆیان دابین نەكراوە و ئەگەر ئێستە بۆیان دابین بكرێت تا ئەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەی فریای زستان ناكەوێت و كێشەكە بەردەوام دەبێت.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل