یەكێتی لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان لەبارەی پۆستەكانی كەركووك رێك دەكەوێت

:: PM:06:03:21/11/2017 ‌
ئەندامانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕێككەوتنێكیان لەگەڵ عەرەب و توركمانەكانی ئەنجوومەنی پارێزگا كرد و بە پێی ڕێككەوتنەكەیش داوا دەكەن كە پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەن دابنرێت و ئیدارەی شارەكە ڕێك بخرێتەوە.

دوای چەند جارێك شكستهێنانی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە 22 ئەندامەوە و بێ ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجوومەن، كۆبوونەوە و ڕێككەوتنێكیش لە نێوان ئەندامانی یەكێتی لە لیستی برایەتی و عەرەب و توركمانەكان كراوە.

ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەرپەرشتی كۆبوونەوەكەی كرد، كە، بە پێی پێڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەن بۆی نییە سەرپەرشتی كۆبوونەوەكان بكات، وەك ئەوەی پێشتر محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندبوو.

ئەو خاڵانەی كە نوێنەرانی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەری ڕێككەوتوون، سێ‌ خاڵ دەگرێتەوە كە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە تەلاری ئەنجوومەنی پارێزگادا بكرێت و پارێزگار و سەرۆكی نوێی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری بكرێت و لایەنە ئیدارەییەكانی شارەكە ڕێك بخرێتەوە، هاوكات بە پێی ڕێككەوتنەكە بە هەموو شێوەیەك دژایەتی هەڵوەشانەوەی ئەنجوومەنەكە دەكەن.

لەوبارەیەوە ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕاستە ڕێككەوتنێكی لەمشێوەیە كراوە، بەڵام باسی دانانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا نەكراوە و تەنیا باس لە ڕێكخستنەوەی كارەكان كراوە.

ڕوونی كردەوە كە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شەرعی بووە و پێشتر ڕێككەوتن كراوە كە بڕیاردەری ئەنجوومەن كۆبوونەوەكە بەڕێوە ببات.

هاوكات هەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕای گەیاند، ئەو كۆبوونەوەی لە كەركووك و لە ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجام دراوە، هیچ شەرعیەتێكی نییە.

ئەو كۆبوونەوەیە لەكاتێكدایە كە پێشتریش چەند هەواڵێكی تری یەكێتی لە كەركووك شكستی پێ هات و كۆبوونەوە ئەنجام نەدرا سەرباری ئەوەی كە ئێستە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان نیشەجێن.

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی نێو یەكێتی  كە بە ناپاكەكان ناسراون، كەركووك بەبێ‌ پارێزگار ماوەتەوە و خەڵكەكەیشی ئاوارە بوون.

كەركووك دەكەوێتە باشووری هەولێر و یەكێكە لەو ناوچانەی تا ئێستە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا وەك ناوچەیەكی كێشە لەسەر ماوەتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم