له هه‌ولێر خانه‌یه‌ك هه‌یه بۆ به‌ساڵاچووان، پڕ خزمه‌تگوزاری و دوور له هه‌ست، تێیدا ٨٧ ڕووخساری جۆراوجۆر له هه‌ڵگرانی خه‌می قووڵ و قووڵتر له ژن و پیاو ده‌ژین. هه‌ریه‌ك له‌وان ڕۆژگارێك خێزانێكیان هه‌بووه و چه‌ند منداڵێكیان په‌روه‌رده كردووه، به‌ڵام ئێسته هیچ منداڵێك له ده‌وریان نابینن، هه‌ر ئه‌و كۆرپانه‌ی به‌ده‌سته‌كانی خۆیان په‌روه‌رده‌یان كردوون، هه‌ر ئه‌وانیش به‌ده‌ستی خۆیان هێناویانن بۆ لانه‌یه‌كی سارد و بێ سۆز و زۆربه‌شیان لێیان ناپرسنه‌وه، به‌رپرسانی خانه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن كه "كه‌سوكار ته‌نانه‌ت له دوای مردنیشیان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌یشیان ناڕۆنه‌وه".
ئه‌م خانه‌یه ساڵی ١٩٧٩ له هه‌ولێر كراوه‌ته‌وه، له دوو به‌ش پێك دێت "به‌شی به‌ساڵاچووی ئاسایی و به‌ساڵاچووی په‌ككه‌وته"، له هه‌ردوو به‌شه‌كه‌دا ئێسته ٨٧ به‌ساڵاچوو ده‌ژین كه ٢٦ ژن و ٦١ پیاون، له‌ناو ئه‌وانه‌شدا هه‌شت ژن و ٣٥ پیاوی به‌ساڵاچووی په‌ككه‌وته هه‌یه.
خانه‌ی به‌ساڵاچووان چه‌ندان ته‌رمی بێنازی لێ براوه‌ته ده‌ره‌وه كه به‌ر له بینینی ئازیزه‌كانیان، به یه‌كجاری چاویان له ژیان داخستووه، دیار نییه چه‌ندی تریش به هیوای سه‌ردانیكردن و بینینی كه‌سوكار سه‌ر ده‌نێنه‌وه، به‌ڵام به گشتیی وه‌ك خێزانی گه‌وره‌ی به‌ساڵاچوو پێكه‌وه ده‌ژین و كاتی خۆیان ده‌گوزه‌رێنن.
ئیبراهیم محه‌مه‌د پێش هه‌موو ئه‌وانی تر له خانه‌ی به ساڵاچووان جێی گرتووه. ئه‌و له ساڵی ١٩٩٣وه له‌وێ ده‌ژی، ڕووخسارێكی میهره‌بانی هه‌یه، به‌ڵام جیاواز له‌وانیتر دوو خه‌می قووڵ دایگرتووه، جارێك خه‌می دووری كه‌سوكار و سه‌ردان نه‌كردنی له‌و ماوه دوور و درێژه‌دا، خه‌مه‌كه‌ی تری گیان له ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كه‌یه‌تی.
ئیبراهیم بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "بیرم نایه‌ته‌وه چه‌ند ساڵه كه‌س هاتوچۆی نه‌كردووم، نازانم كه‌سوكارم ماون یا نا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی لێره‌ن كه‌سی منن، حه‌وت ساڵ به‌ر له ئێسته هاوسه‌رگیریم له‌گه‌ڵ ژنێكی خانه‌كه‌دا كرد، چه‌ند ساڵێك به‌خۆشی لێره له ژوورێكی ته‌نیایی خانه‌كدا ژیاین و هه‌ستم به‌گه‌رمی خێزان كرد، به‌ڵام كاتێك كۆچی دوایی كرد، خه‌مه‌كه‌م بوو به‌دووان و ته‌نیا كه‌وتمه‌وه، ئێسته‌یش ته‌نیا چه‌ند هاوته‌مه‌نێك و خۆم چاوه‌ڕوانی مردن ده‌كه‌ین وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵیان دانیشتووم و بۆ به‌یانی یه‌كێكمان كه‌م ده‌بێته‌وه و كه‌سێكی تر دێته شوێنمان".
له‌ناو به‌شی ژنانی خانه‌ی به‌ساڵاچووانی هه‌ولێر، كۆمه‌ڵه ژنێك له شێوه‌زاری جیاواز و كولتووری جیاواز و ته‌مه‌نی جیاوازدا ده‌ژین، هه‌ریه‌كه و كێشه‌یه‌ك به‌و شوێنه‌ی گه‌یاندوون، به‌ڵام هه‌موویان له خاڵێكدا ئازاره‌كانیان كۆ ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش دووربوونه له كه‌سوكار و به‌خشینه‌وه‌ی سۆزی دایكایه‌تی به ده‌وروبه‌ر یان نه‌وه‌كانیان.
سه‌فیه‌ی ته‌مه‌ن ٧٥ ساڵ، ژنێكی پشت چه‌ماوه‌ی كه‌م ددانی پرچ سپی، ڕووخسارێكی پڕ خه‌می چه‌ند ساڵه‌ی هه‌یه، ماوه‌ی دوو ساڵه له‌و خانه‌یه‌یه و هیچ كه‌س سه‌ردانی نه‌كردووه، هه‌ر كاتێك كه‌سێك ده‌بینێت ده‌چێته ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه باوه‌شی بۆ ده‌كاته‌وه و داوای لێ ده‌كات بیبات بۆ لای ئه‌و برایه‌ی هێناویه‌تی بۆ خانه‌كه.
وه‌ك كارمه‌نده‌كانی خانه‌ی به‌ساڵاچووان باسی ده‌كه‌ن، سه‌فیه شه‌و و ڕۆژ به ناوبردنی ئه‌و برایه‌ی به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌و كه خوشكێك و سێ برای هه‌یه و له هه‌ولێر ده‌ژین، به به‌رده‌وام به ده‌نگه نه‌رمه‌كه‌ی داوا ده‌كات بیبه‌نه لای خوشك و براكانی، توێژه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی خانه‌كه ده‌ڵێن، كه‌سوكاری زیاتر له چه‌ند جارێك ئاگادار كراون بێنه سه‌ردانی، یاخۆ ناونیشانی ماڵیان بده‌ن بۆ چه‌ند سه‌عاتێك بچێت بیانبینێت، به‌ڵام ناونیشانه‌كه‌یش ناده‌ن و هه‌ر به‌ڵێن ده‌ده‌ن كه له خانه سه‌ردانی بكه‌ن، به‌ڵام نایه‌ن، ته‌نانه‌ت ژماره‌ی ته‌له‌فۆنی كۆمه‌ڵگه‌كه و هه‌موو ستافه‌كه‌ش وه‌ڵام ناده‌نه‌وه.
ئامانج عومه‌ر كه ماوه‌ی ١٧ ساڵه له كۆمه‌ڵگه‌ی به‌ساڵاچووانی هه‌ولێر توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه، بۆ "وشه" باس له ده‌روونی ئه‌و به‌ساڵاچووانه ده‌كات كه ده‌برێن بۆ خانه‌كه و روونی ده‌كاته‌وه، كاتێك كه‌سێك ده‌هێنرێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان، سه‌ره‌تا وه‌ك توێژه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ن بزانین هۆی هێنانی چییه، ئه‌گه‌ر زانییان ئه‌و به‌ساڵاچووه ده‌توانێت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت، هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ده‌ن، به‌ڵام كه زانییان سوودی نییه و لای ئه‌وان پارێزراوتره، شوێنی بۆ دابین ده‌كه‌ن و ده‌یهێڵنه‌وه.
ئه‌و توێژه‌ره باسی له‌وه كرد كه هه‌موو كه‌سوكاره‌كان له كاتی هێنانی به‌ساڵاچوودا به‌ڵێنی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه سه‌ردانیان ده‌كه‌نه‌وه و ئاگاداریان ده‌بن، به‌ڵام دواتر وه‌ڵامی پێوه‌ندییه‌كانیش ناده‌نه‌وه. دووپاتی كرده‌وه كه "زۆربه‌یان بۆ بردنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌یشیان نایه‌نه‌وه كاتێك ده‌مرن و ده‌ڵێن خۆتان بینێژن، ئێمه‌ش له‌ڕێی پزیشكی داده‌وه هه‌موو ڕێوڕه‌سمی ناشتنیان به‌بێ كه‌سوكاره‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌ین”.
ئامانج تێبینییه‌كی سه‌یری كردووه له‌و خانه‌یه‌دا و ئاماژه به به‌رژه‌وه‌ندی دارایی ده‌دات لای خه‌ڵك و رای ده‌گه‌یه‌نێت، "ته‌نیا ئه‌و به‌ساڵاچووانه سه‌ردانكه‌ریان هه‌یه كه خاوه‌نی موڵكن و له دوای خۆیان میراتیان جێ دێڵن".
وه‌رگرتنی به‌ساڵاچووان له كوردستاندا چه‌ند مه‌رجێكی هه‌یه، به‌ڵام له خانه‌كاندا هه‌موو مه‌رجه‌كان ڕه‌چاو ناكرێن، یه‌كێك له مه‌رجه‌كان ئه‌وه‌یه كه پێویسته به‌ساڵاچووی ڕه‌گه‌زی نێر ته‌مه‌نی له سه‌رووی ٦٥ ساڵ بێت و به‌ساڵاچووی مێ ٥٥ ساڵ، به‌ڵام به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌بوونی شوێن، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌كه‌دان، ته‌مه‌نیان كه‌متره له‌و ساڵانه‌ی دیاری كراوه. سه‌رپه‌رشتیارانی كۆمه‌ڵگه‌كه ده‌ڵێن، بۆ له‌خۆگرتنی به‌ساڵاچوو ناچارن لایه‌نی مرۆیی بخه‌نه پێش مه‌رجی یاسایی، به‌گوته‌ی خۆیان "كه‌مترین ته‌مه‌ن له‌و خانه‌یه ژنێكی ٤٥ ساڵه كه به‌هۆیی كێشه‌ی خێزانییه‌وه له‌وێیه، له ڕه‌گه‌زی نێریشدا پیاوێكی ٥٠ ساڵ كه له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه هاتووه و له بێشوێنیدا له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه گیرساوه‌ته‌وه".
ته‌نگژه‌ی ئابووری كوردستان به‌پێچه‌وانه‌ی داوده‌زگه حكوومییه‌كانی تر، كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر خانه‌ی به‌ساڵاچووان نه‌بووه، هه‌رچه‌نده ژماره‌یان له دوای ته‌نگژه‌كه ڕووی له زیادبوون كردووه .
كامه‌ران تۆفیق به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌ی به‌ساڵاچووانی هه‌ولێر بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئێمه له ناهه‌موارترین دۆخی ئابووری وڵات‌دا، به باشترین قۆناغدا تێپه‌ڕ ده‌بین". هه‌رچه‌نده ته‌نگژه‌ی دارایی و كه‌میی مووچه ئه‌وانیشی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌زگه خێرخوازییه‌كان ئه‌و بۆشایییانه‌یان پڕ كردووه‌ته‌وه كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بۆیان دروست بووه.
له‌باره‌ی چۆنیه‌تیی خزمه‌تكردنی ئه‌و به‌ساڵاچووانه، به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵگه‌كه ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه "كارمه‌ندی تایبه‌ت به هه‌ردوو به‌شی به‌ساڵاچووان هه‌یه و به‌شێوه‌ی چوار شه‌فت كار ده‌كه‌ن، خواردن و خواردنه‌وه‌یان به پێی ڕێنوێنی پزیشكی له‌گه‌ڵ وه‌رزه‌كاندا به‌پێی خشته بۆ داده‌نرێت و له هۆڵی تایبه‌تیدا هه‌رسێ ژه‌مه‌كه‌یان پێ ده‌درێت".
زیاتر گوتی، "ئێمه دڵنیاین ئه‌و به‌ساڵاچووانه‌ی لێره ده‌ژین، زۆر ئاسووده‌تر و پڕ خزمه‌تترن له زۆربه‌ی ئه‌و به‌ساڵاچووانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كه‌دان، ته‌نیا ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌ساڵاچووانه لێی بێبه‌شن، سۆزی خێزان و كه‌سوكاریانه كه زۆربه‌یان هیچ كه‌س سه‌ردانیان ناكات و ئه‌و بۆشایییه‌ش به ئێمه پڕ ناكرێته‌وه".
كامه‌ران تۆفیق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه خانه‌كه‌یان كێشه‌ی شوێنی نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی له چۆنیه‌تیی بیناكه‌دا هه‌یه كه بۆ به‌ساڵاچوو دروست نه‌كراوه، "بۆیه چاومان له‌وه‌یه دوای باشبوونی بارودۆخی ئابووری كوردستان، شوێنێكی تایبه‌ت و گونجاو دوور له شار بۆ به‌ساڵاچووان دابین بكرێت، ئه‌و بینایه‌ش كه نۆ ساڵه بووه به ماڵی سه‌تان به‌ساڵاچوو، له‌لایه‌ن ده‌زگه‌ی خێرخوازی بارزانییه‌وه دابین كراوه و ساڵانه‌یش هه‌ر خۆیان نۆژه‌نی ده‌كه‌نه‌وه و هه‌شت كارمه‌ندی كارگوزاریشیان له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆیان بۆ خزمه‌تكردنی به‌ساڵاچووان بۆ دابین كردووه".
له هه‌رێمی كوردستاندا ته‌نیا له شاری هه‌ولێر و سلێمانی خانه‌ی به‌ساڵاچووان هه‌یه، كه به‌ساڵاچووی هه‌موو كوردستان بۆ ئه‌و دوو خانه‌یه ده‌نێردرێن، له خانه‌ی به‌ساڵاچووانی هه‌ولێردا ٨٧ به‌ساڵاچوو هه‌یه و له خانه‌ی به‌ساڵاچووانی سلێمانیدا نزیكه‌ی ٤٠ به ساڵاچوو ده‌ژین.
وشه/ هه‌ولێر-ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان