سەفین دزەیی: دەبێت هە‌موو ئە‌و ڕێكارانە هە‌ڵبوە‌شێنرێنەوە كە دژی هە‌رێم گیراونەتە بەر

:: PM:08:18:23/11/2017 ‌
سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ ناردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە نەنراوە، ئەوان تەنانەت ئامادە نین لیستی بایۆمەتریی مووچەخۆرانیش لە هەرێم وەربگرن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەم، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی ڕاگەیاندووە، بە پشتبەستن بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق لە 20/11/2017، دەبێت هە‌موو ئە‌و ڕێكار و دە‌ر‌‌ە‌نجام و لێكە‌وتە ناڕەوایانە هە‌ڵبوە‌شێنرێنەوە كە‌ تەنیا لە كاردانە‌وە‌ی ڕیفراندۆمدا دژی هە‌رێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵ و پەرلەمانی عێراقەوە گیراونەتە بەر، وە‌ك كە‌مكردنە‌وە‌ی بە‌شە‌ بودجە‌ی هە‌رێمی كوردستان، سزادانی نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داخستنی فڕۆكە‌خانە‌كان و هە‌موو ئە‌و بڕیارانە‌ی تریش كە‌ ڕۆژی 27/9/2017 تەنانەت بەر لە دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵیش، وەك كاردانە‌وە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دژی خەڵك و هە‌رێمی كوردستان دە‌ركراون.

لەبارەی پێشمەرگەوە دزەیی گوتی، پێشمە‌رگە‌ هێزێكی دانپێدانراوی دە‌ستوورییە‌، لە‌ شكاندنی داعش و پاراستنی وڵاتدا لە‌گە‌ڵ هێزە‌ عێراقییە‌كان لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵدا ڕۆڵی سە‌رە‌كی بینیوە، پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا هەزار و 802  شەهید و 10 هەزار و 233  بریندار و 62 ونبووی هەیە، بۆیە دەبێ مافە‌ دە‌ستوورییە‌كانی دابین بكە‌ن، كە تا ئێستە حكوومەتی فیدراڵ هیچ ساڵێك مووچەكانی نەداوە، لە كاتێكدا بە پێی دەستوور پێشمەرگە بەشێكە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و دەبێ مووچە و شایستە داراییەكانی لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە دابین بكرێت.

سەبارەت بە پرسی ناردنی مووچەش بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، كە چەندین جار لەلایەن عەبادییەوە باس كراوە، گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە، عەبادی چەندین جار گوتوویەتی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دە‌نێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەمیشە دووپاتی كردووەتەوە كە ئامادە‌یە بۆ ئە‌م مەبەستە هەموو هاوئاهەنگییەكی پێویست بكات، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ ئەم مەبەستە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵەوە نەنراوە، ئەوان تەنانەت ئامادە نین لیستی بایۆمەتریی مووچەخۆرانیش لە هەرێم وەربگرن، بۆیە ئیتر خەڵكی كوردستان گە‌یشتووەتە ئەو بڕوایەی كە بابەتی ناردنی مووچە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بە هیچ شێوەیەك ڕژد نییە، بەڵكو تەنیا قسەیە و هیچی تر.

لە كۆتاییدا لەبارەی ناوهێنانی هەرێمی كوردستان بە پارێزگاكانی باكوری عێراق و ناوە‌كانی ترەوە لەلایەن عەبادییەوە، دزەیی ڕای گەیاند، ناوهێنانی هە‌رێمی كوردستان بە هەر ناوێكی تری داتاشراو، بە ئاشكرا نادەستوورییە و ڕە‌تی دە‌كە‌ینە‌وە، گەلی كوردستانیش بە هەموو لایەن و پێكهاتەكانییەوە، هاودەنگن لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی كوردستان و قەت سازشی لەسەر ناكرێت.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم