پێنج كەس بەناوی سەرۆكی وڵاتێك پیرۆزبایی لە ترەمپ دەكەن

:: PM:03:59:13/11/2016 ‌

سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا كە رۆژی هەشتی ئەم مانگە بەڕێوە چوو و تێیدا ترەمپ زۆرینەی ئەندامانی كۆمەڵگەی هەڵبژاردنی بردەوە و بووە 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، دوای بردنەوەی زۆربەی سەرۆكی وڵاتانی دنیا برووسكەی پیرۆزبایی سەركەوتنیان ئاراستەی ترەمپ كرد و پێنج كەسیش بەناوی سەرۆكی یەمەنەوە پیرۆزبایییان بۆ سەرۆكی نوێی ئەمەریكا نارد.

كۆماری یەمەن یەكێكە لە وڵاتانی عەرەبی و دەكەوێتە باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی، لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی پەرەسەندنەكانی بەهاری عەرەبی لە وڵاتانی عەرەبدا، گڕی بەهاری عەرەبی وڵاتی یەمەنیشی گرتەوە و خەڵكی رژانە سەر شەقامەكان حكوومەتی عەلی عەبدوڵا ساڵحیان ڕووخاند كە لە ساڵی 1978ەوە حوكمی یەمەنی دەكرد، دواتر شەڕ لە نێوان حكوومەتی هەڵبژێردراو و حووسییەكان دەستی پێ كرد تا لە 21 ئەیلوول/سێپتێمبەری 2014 چەكدارانی حووسی توانییان دەست بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا بگرن و هەریەك لە حووسیییەكان و حكوومەتی هەڵبژێردراوی یەمەن و رژێمی پێشووی یەمەن، هەریەكەیان حكوومەتێكیان پێك هێناوە و خۆیان بە نوێنەری یەمەن دەناسێنن، تا ئێستەش شەڕێكی سەختی خوێناوی لە نێوان لایەن و هۆزەكانی ناوخۆی وڵاتەكە بوونی هەیە.

لە میانەی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی دنیا بۆ سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ وەك 45ەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا، سێ كەس بەناوی سەرۆكی یەمەن و دوو كەسیش بەناوی سەرۆك وەزیرانی یەمەن پیرۆزبایییان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد، كە سەرجەمیان دەكاتە پێنج سەرۆك كە لە وڵاتێكدا بوونیان هەیە و بەناوی وڵاتەكەوە پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی وڵاتێكی تر دەكەن.

لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ئەم كارەی یەمەنییەكان بووەتە جێگەی باس و گاڵتەیەكی زۆر بەو وڵاتە دەكرێ و ئەوەی جێگەی باسیشە ئەو پێنج كەسە سێیان ناویان "عەلی"یە و دووی تریش ناویان "عەبد"ە، بۆیە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەكەن كە سێ عەلی و دوو عەبد بەناوی یەمەن و بە مۆری سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە برووسكەی پیرۆزبایییان ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد.
 
نووسینگەی راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ بڵاوی كردەوە، دوای بردنەوەی دۆناڵد ترەمپ تا چوار رۆژ دوای ئەوە هەریەك لە "عەلی ناسر محەمەد، عەلی عەبدوڵا ساڵح، عەلی ساڵح بەس، عەبد ڕەبە مەنسوور، عەبد ئەلمەلیك حووسی" بەناوی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی یەمەن پیرۆزبایییان ئاراستەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا كردووە.

ماوەی  چوار ساڵە حكوومەتی یەمەن  دوای دەست لەكاركێشانەوەی عەلی عەبدوڵا ساڵح لەژێر فشاری جەماوەر دەكەن و چەند شەڕێكی خوێناوی ئەم ووڵاتەی گرتووەتەوە و چەندین حزب و هۆز شەڕی دەسەڵات دەكەن و خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، لە ساڵی 2015 جارێكی عەلی عەبدوڵا ساڵح هاتەوە یەمەن و خۆی وەك سەرۆك ناساندەوە شەڕ و كێشكەكانی ئەم وڵاتە بەردەوامی هەیە .


وشە - رامیار جەواد