ترەمپ سەرۆكی پارتی كۆماری دەكاتە سكرتێری كۆشكی سپی

:: AM:09:14:14/11/2016 ‌

سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ شەوی ڕابردوو ئاشكرای كرد، كە سەرۆكی حزبی كۆمارییەكان "رێنس بریبۆس"ی وەك سكرتێری گشتی كۆشكی سپی دیاری كردووە و ستیڤ بانۆنی سەرۆكی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی وەك گەورە پلاندانەر و داڕێژەری ستراتیجی و سەرۆكی راوێژكارەكان لە كۆشكی سپی دادەمەزرێنێت.

نووسینگەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، كە خۆشحاڵە تیمە سەركەوتووەكەی لەگەڵی دەبن لە سەرۆكایەتیكردنی وڵاتەكەیدا، ستێڤ و رێنس دوو سەركردەی زۆر لێهاتوون و لەكاتی هەڵمەتەكاندا زۆر كاریان كرد تا سەركەوتین، بۆیە هەردووكیان لەگەڵم دەبن لە كۆشكی سپی تا دووبارە مەزنیەتی بۆ ئەمەریكا بگەڕێنینەوە.

لە بەرامبەر دیاریكردنیشی وەك سكرتێری گشتیی كۆشكی سپی، رێنس بریبۆس لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، بەڵێن دەدەین كە كاری مەزن بكەین بۆ بووژانەوەی ئابووری و پاراستنی سنوور و دووبارە داڕشتنەوەی سیستەمی تەندروستی و ڕیشەكێشكردنی تیرۆر و توندڕەوی.

لەلایەكی ترەوە ستێڤ بانۆن كە پۆستی گەورە راوێژكاری كۆشكی سپی وەردەگرێ ڕوونی كردەوە، كە لەگەڵ بریبۆس بە هاوبەشی كار دەكەن لە پێناوی جێبەجێكردنی بەرنامەی سەرۆكی هەڵبژێردراوی وڵاتەكەمان.

بریبۆس یەكێك دەبێ لە كەسە گرنگەكانی تیمی دۆناڵد ترەمپ، چونكە ئەو پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ سەرجەم حزب و كەسایەتییەكان هەیە، دەتوانێ یارمەتی گەورەی دۆناڵد ترەمپ بدات.

رۆژی هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2016، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هەڵبژاردن بۆ 45ەمین سەرۆكی وڵات ئەنجام دراَ و كاندیدی هەردوو پارتی كۆمار و دیموكراتە‌كان دوای ململانێیەكی توند، لە كۆتادا كاندیدی كۆمارییەكان توانی سەركەوتنێكی چاوەڕواننەكراو بەدەست بهێنێت.

دیموكراتەكان هیلاری كلینتن هاوسەری 42ەمین سەرۆكی ئەمەریكا بێڵ كلینتن كاندیدیان بوو، كە لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆبامادا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بووە، بەڵام لە هەڵبژاردنەكان نەیتوانی سەركەوتوو بێ و هەرزوو دانی بەشكستی خۆیدانا.

كۆمارییەكان، دۆناڵد ترەمپی بەڕەگەز ئەڵمانی كاندیدیانە، ئەو بە لێدوانە سەیرەكانی هەمووانی شۆك كردبوو و زۆرێك لە سەركردەكانی حزبەكەی خۆی داوایان لێ دەكرد دەست لە كاندیدبوونی بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا بكێشێتەوە، بەڵام بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ترەمپ هەمووانی تووشی شۆك كرد و توانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت و ببێتە 45ەمین سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، وڵاتێكی كۆماری دەستووری سەرۆكایەتی فیدراڵییە و لە 50 ویلایەت و پایتەختێكی فیدراڵی پێك دێت، ڕووبەڕووی وڵاتەكە نۆ ملیۆن و 83 كیلۆمەتر دووجایە و ژمارەی دانیشتووانی 320 ملیۆن كەس دەبێ بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2015، لە رۆژی چواری تەمووز/یۆلیۆی ساڵی 1776 سەربەخۆیی ڕاگەیاندووە و پێش ئەو كاتە لەلایەن بەریتانیاوە داگیر كراوە، لە سێی ئەیلوول/سێپتێمبەری 1783 بەڕەسمی دانی پێدا نراوە و لە 21 حوزەیران/یۆنیۆی 1788 دەستووری وڵاتەكە خراوەتە كارەوە و تا ئێستەش بەردەوامە.

سەرچاوە/ ئەلعەرەبیە.






وشە - باز ئه‌حمه‌د