دوو كچی ئێزیدیی تەمەن 16 ساڵ و 11 ساڵ ڕزگار كران

:: AM:09:02:02/12/2017 ‌
نووسینگەی هێنانەوە و ڕزگاركردنی كچانی ئێزیدی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ئێوارەی دوێنێ‌ دوو كچی ترمان ئازاد كردووە كە تەمەنیان 16 و 11 ساڵن و خەڵكی شنگالن.

حوسێن قائیدی بەرپرسی هێنانەوە و ڕزگاركردنی كچانی ئێزیدی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ‌ هەینی توانیمان دوو كەسی تری كوردانی ئێزیدی كە خەڵكی ناوچەكانی كۆچۆ و تەل عوزێری سەر بە شارۆكەی شنگالن رزگار بكەین.

بەرپرسی هێنانەوە و ڕزگاركردنی كچانی ئێزیدی دەڵێت، كچە ڕزگاركراوەكان یەكێكیان تەمەن 11 ساڵە و ئەوەی تریش 16 ساڵە، پاش وەرگرتنی زانیاریی دروست، لە سووریا لە چنگی داعش ڕزگار كراون.

ئەو بەرپرسەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، تا ئێستە سێ‌ هەزار و 210 كەس لە رفێنراوانی كوردانی ئێزیدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كراون، پرۆسەكە بەردەوامە و گەڕان بەدوای ونبووان و ڕفێنراوان بەردەوامە تا بە كەسوكاریان شاد ببنەوە، هەروەها دوێنێ‌ سێ‌ كچی تری ئێزیدی ڕزگار كران.

ڕۆژی سێی ئابی ساڵی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شارۆكەی شنگال و دەوروبەری، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیی ئێزیدییان كوشت و ژن و منداڵەكانیشیان بەدیل برد.



وشە - رامیار جەواد