سەرۆكی چین و دۆناڵد ترەمپ چی بەیەكتر دەڵێن؟

:: AM:11:35:14/11/2016 ‌

میدیا ڕەسمییەكانی وڵاتی چین بڵاویان كردەوە كە سەرۆكی وڵاتەكەیان شی جین بینگ ئەمڕۆ دووشەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی نوێی ئەمەریكا پێوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجام داوە و پێی گوتووە كە یارمەتیدانی یەكتر تاكە بژاردەیە بۆ پێوەندییەكانی هەردوو وڵات.

دۆناڵد ترەمپی كاندیدی دیموكراتەكان لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هێرشی توندی دەكردە سەر چین و ئاماژەی بەوە دەدا كە لەوكاتەی دەبێتە سەرۆكی ئەمەریكا باج بە رێژەی 45% لەسەر كەلوپەلی چینی دادەنێ كە دێنە ئەمەریكاوە.

هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە بۆ سەرۆكی وڵاتەكەیان و سەركەوتنی بەسەر هیلاری كلینتن، دوای ئەو قسانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەكان كردبووی، جۆرێك لە پەنهانی و ساردی لە پێوەندیی نێوان پەكین و واشنتن دروست كرد، بەڵام سەرۆكی چین بەو پێوەندییە ساردی پێوەندی هەردوو وڵاتی نەهێشت.

چین پێویستی بە ئەمەریكایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئابوورییەكان و داكشانی ئابووری، ئەمەریكا جگەلەوەی بازاڕێكی گەورەی كاڵای چینییە، هاوكات كۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئەمەریكا لە رێی هاوبەشیكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی چین بۆ بەرهەمهێنانی كاڵاكانیان و بەستن و رێكخستنیان لە چین سوودی یەكجار زۆر بە چین دەگەیەنن.

كەناڵی "سی سی تی ڤی" چینی بڵاوی كردەوە،  ترەمپ لە میانەی پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ شی جین بینگ ئاماژەی داوە، كە ڕاستییەكە ئەوەیە هاوكاری و یارمەتیدانی یەكتر تاكە بژاردەی ئاشتییە لە نێوان چین و ویلایەتە یەكگرتووەكان.

دووپاتی كردووەتەوە كە پێویستە هەردوولا هەوڵی زیاتر و هەماهەنگی زیاتریان هەبێ لە گەشەپێدانی ئابووری هەردوو وڵات بەگشتی و ئابووری دنیا.

كەناڵە ڕەسمییەكەی چین بڵاوی كردووەتەوە، كە ترەمپ سەرۆكی چینی ئاگەدار كردووەتەوە كە ئەو ئامادەیە بۆ كاركردن لەگەڵ چین و پەرەپێدانی پێوەندیی ئەمەریكا و چین.

لە كۆتای پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا هەردوولا رێككەوتن كە بەردەوام لە پێوەندیدا بن و لە داهاتوویەكی نزیكیش بەیەكەوە كۆ ببنەوە و بۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات ئاڵوگۆڕ بكەن.

كۆماری میللی چین، یەكێكە لە گەورەترین وڵاتانی دنیا لە ڕووی ڕووبەرەوە، هاوكات لە رووی دانیشتووانەوەش زیاتر لە ملیارێك و 338 ملیۆن كەس لەو وڵاتە دادەنیشن، سیستەمی سیاسی لەو تاك حزبی و شیوعیەتە و لە یەكی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 1949 كۆماری چینی میللی دامەزراوە.

سەرچاوە/ سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د