حكوومه‌تى عێراق بڕیاری دامه‌زراندنى 38 باڵوێز ده‌دات و له ناویاندا شه‌شیان كوردن و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر 28یان دراوه، به‌ڵام لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه له په‌رله‌مان تێبینى له‌سه‌ریان هه‌یه. ئه‌ندامێكى كوردیش ده‌ڵێ، پێوه‌ری فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بۆ ده‌نگدان به لیسته‌كه ئه‌وه‌یه پشكى كورد پارێزراو بێت و كاندیده‌كانیش پیشه‌یی و كه‌سانى پاك بن.
وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق لیستێكى 38 كه‌سایه‌تیى بۆ په‌رله‌مانى عێراق ده‌نێرێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ریان تا پله‌یان بۆ باڵوێز به‌رز بكرێنه‌وه و له به‌شه‌كانى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه له ناوه‌وه‌ى عێراق و ده‌ره‌وه‌ى عێراق كار بكه‌ن.
لیسته‌كه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراق واژوو له‌سه‌ر ده‌ست به‌كاربوونى 28 ئه‌ندامیان كراوه، به‌ڵام ده‌بێت لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق ده‌بێ ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر لیسته‌كه نیشان بدات تا بخرێته كارنامه‌ى دانیشتنى په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ریان.
ئه‌ندامانی لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى عێراق، به‌تایبه‌ت هێزه سوننه‌كان، تێبینییان له‌سه‌ر لیسته‌كه هه‌یه و داوای گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه و پێیان وایه له دانانى ناوه‌كان پرس و راوێژ به لیژنه‌كه نه‌كراوه.
موسه‌ننا ئه‌مین سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتووى ئیسلامى له په‌رله‌مانى عێراق و ئه‌ندامى لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه ده‌ڵێ، له‌و لیسته‌ى بۆ په‌رله‌مان ره‌وانه كراوه، پێنج تا شه‌ش كه‌سیان كوردن و پله‌یان بۆ باڵوێز به‌رز كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه تێبینى له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و كه‌سایه‌تییانه هه‌یه.
موسه‌ننا بۆ "وشه" ئاماژه‌ى به تێبینییه‌كانى لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه كرد كه به‌شێك له ئه‌ندامان پێیان وایه ده‌بێ حزبه سیاسییه‌كان پشكیان هه‌بێت له ده‌ستنیشانكردنى باڵوێزه‌كان، به‌و پێیه‌ى باڵوێز پۆستێكى سه‌روه‌ری و سیاسییه و نماینده‌ى سیاسه‌تى عێراق ده‌كات، بۆیه گرنگه كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان ئه‌و پۆستانه وه‌ربگرن.
ئه‌وه‌شى خسته ڕوو ئه‌وانه‌ى ناویان له لیسته‌كه‌دا هه‌یه، پێشتر له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه كاریان كردووه به پله‌ى جیاواز، به‌ڵام لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه پێی وایه هه‌ندێكیان شایانى ئه‌وه نین ببن به باڵوێز، چونكه پێشتر كه پله‌كانیان به‌رز كراوه‌ته‌وه شایانى ئه‌و پله‌یه نه‌بوونه.
گوتى "پرسى ده‌ستنیشانكردنى باڵوێز رێكارێكى ئاڵۆزی هه‌یه، ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌بێته باڵوێز، كه‌سێكى پیشه‌یی و پاك بێت و پشكى كوردیش ده‌بێت پارێزراو بێت، ئه‌مانه پێوه‌رن لاى فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان بۆ په‌سندكردنى لیسته‌كه". زیاتر گوتى "كۆمه‌ڵێك تێبینیی لاى لیژنه‌ى ده‌ره‌وه هه‌یه، یه‌كێك له‌وانه پشك هه‌بێت بۆ حزبه سیاسییه‌كان نه‌ك ته‌نیا وه‌زاره‌ت به‌و كاره هه‌ڵسێت، جگه له‌مه ئه‌وانه‌ى ناویان هاتووه بۆ په‌رله‌مان مه‌رج نییه پیشه‌یی بن، بۆیه لیژنه بڕیاری داوه لێكۆڵینه‌وه له سی ڤییه‌كان بكات".
حكوومه‌تى عێراق 64 باڵوێزخانه‌ى له پایته‌خته‌كانى وڵاتانى دنیادا هه‌یه، له‌و ژماره‌یه‌دا 15 كورد باڵوێزى عێراقن له‌و وڵاتانه‌دا، ئه‌مه جگه له ده‌یان باڵوێز و فه‌رمانبه‌ری تری كورد كه له‌ناو به‌شه‌كانى تری وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كار ده‌كه‌ن.
ده‌ستنیشانكردنى باڵوێز پێویستى به ره‌زامه‌ندی لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان هه‌یه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پله‌ى فه‌رمانبه‌ریه‌تى بریكاری وه‌زیره و پله‌یه‌كى سه‌روه‌رییه، ده‌بێت په‌رله‌مانى عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر نیشان بدات و ده‌نگی پێ بدات.
ناردنى لیستێكى نوێ له باڵوێزان بۆ په‌رله‌مانى عێراق، هاوكاته له‌گه‌ڵ لادانى نزیكه‌ى 40 باڵوێز له پۆسته‌كانیان كه له ماوه‌ى رابردوودا وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه به نووسراوێك لای دابوون، له كاتێكدایه وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق پێویستى به ده‌یان باڵوێز هه‌یه تا له‌ناو عێراق و ده‌ره‌وه‌ى عێراق كار بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌ندامه كورده‌كه‌ى لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه ده‌ڵێ، له‌و لیسته‌ی لا دراون هیچ كوردێكى تێدا نه‌بووه، به‌ڵام هاوپه‌یمانى هێزه سوننه‌كان نیگه‌رانن له لادانى باڵوێزه‌كان و پێیان وایه لادانى باڵوێزه‌كانى به مه‌به‌ست بووه.
محه‌مه‌د كه‌ربولى سه‌رۆكى فراكسیۆنى هێزه سوننه‌كان ده‌ڵێ، ده‌بێت ره‌وشه‌كه به دیالۆگ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه ئێسته كاتى لێپرسینه‌وه نییه له وه‌زیره‌كان، به‌ڵام ده‌بێت ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى عێراق دڵنیایی بدات به هاوپه‌یمانى هێزه سوننه‌كان كه پێداچوونه ده‌كات له گۆڕانكارییه‌كانى ئه‌نجامی داون.
لاى خۆیه‌وه زافر غانی له فراكسیۆنى هێزه سوننه‌كان ده‌ڵێ، له‌ناو لیژنه‌ى كاروباری ده‌ره‌وه له په‌رله‌مان تێبینى له‌سه‌ر لیستى ناوه‌كان هه‌یه و ده‌ستنیشانكردن و هه‌ڵبژاردنى كه‌سایه‌تییه‌كان بێ وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندی لیژنه‌ى په‌رله‌مانى بووه و ته‌نانه‌ت پێوه‌ره‌كانى ده‌ستنیشانكردنیشیان بابه‌تى نه‌بوونه.
زافر ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه به‌شێك له‌وانه‌ى ناویان له لیسته‌كه‌دا هه‌یه، هیچ شاره‌زایییه‌كی دیپلۆماسی‌یان نییه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان زمانى تر نازانن.
گوتى "هاوپه‌یمانى هێزه سوننه‌كان تێبینى له‌سه‌ر لیسته‌كه هه‌یه و پێی وایه دادپه‌روه‌ری له دانانى ناوه‌كان نه‌كراوه و پشكى سوننه وه‌ك پێویست نییه، بۆیه ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه ده‌ستكاری لیسته‌كه بكه‌ین"، زیاتر گوتى "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باڵوێز پۆستێكى سیاسی و سه‌روه‌رییه و پله‌ى بریكاری وه‌زیری هه‌یه، ده‌بێت حزبه‌كان پشكیان هه‌بێت و پۆسته‌كان به هاوسه‌نگی دابه‌ش بكرێت".