حەشدی شەعبی لە تەلەعفەر نزیك دەبێتەوە

:: PM:03:04:14/11/2016 ‌

لە چوارەم هەفتەی جەنگی مووسڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی توانیان چەند گوندێك لە رۆژئاوای مووسڵ ئازاد بكەنەوە و ئەوان ئامادەیی خۆیان بۆ هەڵكوتانە سەر شارۆكەی تەلەعفەر و شارەدێی موحەلەبییە راگەیاند.

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی ئەم مانگە بە بەشداری هێزە ئەمنییەكان و سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستی پێ كرد و تا ئیبَستە توانویانە لە قۆڵی رۆژهەڵات بچنە ناو مووسڵ و 10 گەڕەكی بەری چەپی شارەكە ئازاد بكەنەوە.

عەلی فازل فەرماندە لە حەشدی شەعبی لەو بارەوە رای گەیاند كە هێزەكانیان خەریكە لە شارۆكەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای مووسڵ نزیك دەبنەوە و خۆیان بۆ هەڵكوتانە سەر شارۆكەكە و فڕۆكەخانەكەی ئامادە كردووە.

زیاتر گوتی، هەروەها هێزەكانیان گەیشتوونەتە لێواری شارەدێی موحەلەبییە دوای كۆنترۆلكردنەوەی گوندی رەكراك لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هاوكات لەگەڵ هێرشكردنە سەر گوندی نزارە و ئوم حیجارەی سەروو لە رۆژئاوای مووسڵ.

ئەحمەد ئەسەدی گوتەبێژ بەناوی هێزەكانی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دەست پێ كردنی سێیەم قۆناغی بەشداریكردنی حەشدی شەعبی لە جەنگی مووسڵ راگەیاند كە توانوویانە ئەمڕۆ پێنج كیلۆمەتری تر لە داعش پاك بكەنەوە.

هێزەكانی حەشدی شەعبی لە 29ی تشرینی یەكەمی رابردوو هاتنە ناو جەنگی مووسڵ و لەو ساتەوە چەند گوندێكیان لە داعش پاك كردووەتەوە و دەڵێن كە مەبەستی سەرەكی ئەوان كۆنترۆلكردنەوەی شارۆكەی تەلەعفەرە لە رۆژئاوای مووسڵ، ئەوەش هاوكات دەمارگرتنە بۆ توركیا كە پێشتر رای گەیاندبوو كە ئەگەر حەشدی شەعبی دەست بە كۆنترۆلكردنەوەی تەلەعفەر بكات ئەوە ئەویش دەست بە جموجۆڵی سەربازی دەكات.

سەرچاوە: جمهووریە نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل