ڤیان خۆشەویستەکەی جێی دێڵێت و شوو بە پیاوێکی خاوەن شەش منداڵ دەکات

:: PM:04:06:05/12/2017 ‌

کچێک لە سلێمانی، دوای ئەوەی ماوەی نۆ ساڵ پێوەندی لەگەڵ کوڕێکدا دەبێت، بەهۆیی ڕەتکردنەوەی کچەکە لەلایەن ماڵی کوڕەکەوە، خۆشەویستەکەی بەجێ دەهێڵێت. ئەو کچە کە هەموو خێزانەکەی ئاگاداری ئەو پێوەندیەن، ئێسته‌ هەڕەشەی لەسەرە بەوەی یان دەبێت ئەو کوڕە بچێته‌ داوای و هاوسەرگیری لەگەڵ بکات، یان بۆ کڕینەوەی ئابڕوویان، هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی خزمیان بکات کە خاوەنی شەش منداڵە و ژنەکەی کۆچی دوایی کردووە.

ڤیان، خاوەنی سێ خوشک و سێ برایە، دەڵێت لەسەرەتا هەموو بڕوایەکم بەخۆشەویستەکەم هەبوو، هەمووکات ئەو دڵنیایەیی دەدامێ کە هەرکات بمەوێت بێتە داخوازیم، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و لە کەمتەرخەمی خۆیی و نارازیی بوونی ماڵی باوکی ژیانی منیان فەوتاند بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ من و  دوا ڕۆژی من بکرێت.

به‌هۆی نه‌هامه‌تییه‌كانییه‌وه‌، دەیەوێت ژیانی لە کتێبێکدا بنووسێتەوە. ئەو دەڵێت، دەزانم زۆر کەس هەن زیاتر لە منیان بەسەر هاتووە و توندوتیژی جیاوازیان بەرانبەر کراوە، بەڵام ئەوەی کە لە ماوەی نۆ ساڵدا بەرانبەر بە کچێتی و هەست و کەسایەتیی من کراوە، زۆر گەرەترە لەوەی ژنێک پێاوەکەی لێی دەدات  یان باوکی ڕیاگای نادات بە ئازادی بڕوات و بێت و بپۆشێت، ڤیان بۆ "وشە"  باسی بەشێک لە ئازارەکانی دەرونی دەکات و دەڵیت هەندێک برین هەن لەناخی مرۆڤدان نابینینرێن بەڵکو هەست پێدەکرێن، ئەو برینانەی منیش کە ساڕێژ نابن تەنیا خۆم هەست بە ئازارەکانیان دەکەم.

ڤیان سه‌ره‌تای پێوه‌ندییه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌: لە زانکۆ کوڕیکم ناسی لە هەمان گرووپدا بووین لە بەشی دەروونناسی، ناوی "ڕامان" بوو، لە سەرەتای زانکۆوە زۆر یەکمان بەدڵ بوو، یەکەم هاوڕیم ئەوه‌ بوو لە زانکۆ، دوای چەند مانگێک پێوەندیەکەمان لە هاوڕێیەتی بوو بە خۆشەویستی، خۆشەویستییەکی جوان لە نێوانمان هەبوو. سەرەتای ژیانی گەنجیمان بە خۆشی تێ پەڕاند. ئەو کەسێکی زۆر گۆشەگیر بوو هەمیشە وا خۆیی نیشان دەدا زۆر لەهەمووان جیاوازە و هەموو شتێکی پێچەوانەی هەموو قوتابیەکان بوو، بەڵام من هەموو جیاوازیەکانیشم خۆشویشت و بروام وابوو دەیگۆڕم.

زیاتر دەڵێت، بەهۆیی ئەو لە زانکۆ نەمدەتوانی هاوڕییەتی کەس بکەم، من زۆر کۆمەڵایەتی بووم، بەڵام کەسایەتی ئەو کەسایەتی منی کوشتبوو، هەموو زانکۆ بە پەیوەندی من و ئەویان دەزانی کار گەشتە ئەوی خەبەر درا بەباوکم و مامەکانم.

چەند کەسێک لەناو زانکۆ کە ناکۆکیان لەگەڵ ڕامان هەیە، هەربۆیە هەوڵی ئاشکرا کردنی پەیوەندیەکەیان دەدەن، هەواڵ بۆ باوک و براو مامەکانی ڤیان دەنێرن کە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کوڕەدا هەیەو زانکۆ هەموو بەو بابەتە دەزانێت.

ڤیان باس لەوە دەکات کە لە چارەسەرکردنی ئەو بابەتەدا بە تەنیا بووە و هەرخۆیی بەهەموو شێوەیەک هەوڵی داوە کە بڕوایان پێبهێنێت تەنیا هاوڕین، ئاماژه بەوە دەکات کە ڕامان هیچ خۆیی تێکەڵی ئەو کارە نەکردووە وەک بڵێی ئەو هۆکار نەبوبێت، دوای چارەسەرکردنی کێشەکەش پێی گوتووە با لەناو زانکۆ بەیەکەوە نەبین بۆ ئەوەی توشی گرفتی زیاتر نەبین.

چەندان کێشەی جۆراو جۆر بەژیانی ڤیان بەهۆی ڕامیارەوە تێدەپەڕێت و لەهەموو شیاندا خۆیی چارەسەریان دەکات، هەموو کاتێک دوای چارەسەرکردنی کێشەکان منی بە هۆکاری دروستبوونی کێشەکان دەدانا ئەوە، ڤیان دەڵیت هەموو کچێک لە پاداشتی چارەسەرکردنی کێشەدا سوپاس دەکرێت، من تاوانبار دەکراموو چەندین ڕۆژیش سەرزەنشت دەکرام.

ڤیان نایشارێتەوە کە هەموو کەمتەرخەمی و هەڵوێستە نەشیاو نابەرپرسەکانی رامانی جوانی دیووە بەڵام لەبەر ئەوەی ماوەیەکی دوورو درێژ پەیوەندی لەگەڵیدا هەبووە و خەڵکی زۆر زانیویەتی بۆیە ویستوویەتی بە هاوسەرگیری ئەو بابەتە کۆتایی بێت.

دوای پێنج ساڵ لە تەواوکردنی زانکۆ و رەتکردنەوەی چەندین داواکاری لەلایەن ڤیانەوە ماڵەوەیان گومانی خراپی پێدەبەن، ڤیان دەڵێت باوکم و براکانم چەندین جار زۆر بەتونی قسەیان لگەڵدا کردم ولێیاندام بۆئەوەی هۆکاری ئەوە بزانن بۆ نامەوێ هاوسەرگیری بکەم، بۆیە ناچار بووم ڕاستی بڵێم کە پەیوەندیم لەگەڵ کوڕیکدا هیەو چاوەڕانی باشبوونی بارودۆخ دەیکن بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵدا بکەم.

ئەو بابەتە تا نزیک چەند مانگێک وەکو ئاگر لەماڵی ڤیان دەبێت، هەر لەو کاتەشدا ڕامان بە ڤیان دەڵێت ماڵەوەیان ڕازی نین بەوەی کە هاوسەرگیری لەگەڵ ڤیان بکات، بۆیە وازی لێدەهێنێت و پێی دەڵێت کوردستانیش جێ دەهێڵم، ڤیان دەلێت بەجۆرێکی وا نامردانە جێی هێشتم و لەبەرچاوی ماڵەوە و خزموو هاوڕیکانمەوە منی زۆر خراپ شکاند، من ئێشتا تەنیا لەبەردەم ئەوەدام کە داواکاری ماڵەوە قبوڵ بکەموو هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو پیاوەدا بکەم کە دوو تەمەنی منی هەیەو ببم بە دایەنی شەش منداڵێ.

ڤیان لەکۆتایدا گوتی، من قوربانی دەستی کوڕێکی بێ هەستم، کوڕێک تەمەنی گەنجی و خۆشەویستی و کەرامەت و کەسایەتیم دایە دەستی بەڵام بەئاسانی خستییە ژێر پێیەکانی و بیباکانە جیی هێشتم، من بەهەموو کچان دەڵیم کاتێک کەسێک قەدری کەسایەتی و بوونی بەرزی کچێنیەتیتان ناگرێت بێ ئەوەی بیر بکەنەوە جێی بهێڵن و ئاوڕیشی بۆ مەدەنەوە.

تێبینی/ ڤیان، ناوێكی خوازراوه‌، خۆی ویستی به‌م ناوه‌ زانیارییه‌كانی بڵاو بكه‌ینه‌وه‌.

وشە/ ئیڤان عەبدوڕەحمان


وشە - كوردۆ شابان