رۆژانە هەزار ئاوارە خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكەن
74% ئاوارەكانی شەڕی مووسڵ روویان لە كوردستان كردووە

:: PM:03:06:14/11/2016 ‌

ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە راگەیەندراوێكدا ئاماری سەرجەم ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و رای دەگەیەنێت، لە دوای ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ ٣٦ هەزار و ٦٠٩ ئاوارە روویان كردووەتە كوردستان و رۆژانەش زیاتر لە هەزار كەس خۆیان رادەستی پێشمەرگە دەكەن و رەوانەی كەمپەكان دەكرێن.

ئەمڕۆ دووشەم، ١٤ی تشرینی دووەم/نۆڤەمبەر ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان لە وەزارەتی ناوخۆی كوردستان، راگەیەندراوێكی بڵاو كردووەتە و تیایدا ئاماری سەرجەم ئەو ئاوارانەی بڵاو كردووەتەوە كە بەهۆی شەڕەوە لە ساڵی ٢٠١١١ەوە روویان كردووەتە كوردستان.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، "لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سووریا لە ساڵی 2011 و هێرشی داعش بۆ شارەكانی عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014، چەند شەپۆلێكی ئاوارە و پەنابەر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، هاوكات تا ئێستەش هاتنی ئاوارەی ناوخۆیی بەردەوامی هەیە، بەجۆرێك ئێستە لە كوردستاندا ملیۆنێك و 411 هەزار و 314  كەس ئاوارەی ناوخۆی عێراق و 216 هەزار و 860 پەنابەری سووری لە هەرسێ شاری هەولێر و دهۆك و سلێمانی میوانداری كراون".

بەپێی راگەیەندراوەكە، هەرێمی كوردستان پێشوازی لە 40%ی ئاوارەی ناوخۆی عێراق كردووە و 97%ی ئاوارەی سووریای ‌ لە عێراق لە شارەكانی هەرێمی كوردستان نیشتەجێ كراون.

زیاتر روون كراوەتەوە، "لە دەسپێكی ئۆپەراسیۆنی رزرگاركردنی گەیارە لە مانگی ئاداری 2016، زیاتر لە 33 هەزار كەس لە گەیارە و شەرگات و ناوچەكانی حاجی عەلی ئاوارە بوونە و لە كەمپی دیبەگە نیشتەجێ كراون، ئەو ژمارەیەش دەكاتە 84%ی ئاوارەكان. رۆژانەش زیاتر لە 100 كەس ئاوارە دەبن و لەو كەمپە نیشتەجێ دەكرێن".

وەزارەتی ناوخۆی كوردستان ئاشكرای كردووە، "لە سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 تا ئێستە زیاتر لە 36 هەزار و 609 كەس ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و لە كەمپەكانی خازر و حەسەن شام و زێلكان نیشتەجێ كراون كە دەكاتە 78%ی تەواوی ئاوارەكان. رۆژانەش زیاتر لە هەزار كەس خۆیان دەگەیەننە سەنگەرەكانی پێشمەرگە و دواتر دەگوازرێنەوە بۆ ناوچە ئارامەكان و لە كەمپەكان نیشتەجێ دەكرێن".
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان هێمای بۆ ئەوە كردووە كە بەهۆی رووخان و خاپووربوونی ئەو ناوچانەی ئاوارەكانی لێوە هاتوون، ناتوانن بگەڕێنەوە و ئاماژەی بە كۆمەڵێك پێداویستی سەرەتایی داوە بۆ ئەو ئاوارانە و رای دەگەیەنێت، حكوومەت بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە ناتوانێت سەرجەمی ئەو پێداویستییانە دابین بكات.

وەك ئاماژەی پێ دراوە، گرنگترین پێداویستی ئاوارەكان لە ئێستەدا ئەمانەن:
* دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردنی زیاتر، چونكە لە ئێستەدا كە لە سەرەتای پرۆسەی ڕزگاركردنی نەینەواداین بەشێك لە كەمپەكان توانای لەخۆگرتنی ئاوارەیان نەماوە.
* پێداویستی زستانە، بە تایبەت هیتەری نەوتی و نەوت و جلوبەرگ و بەتانی و رایەخ.
* بنكەی تەندروستی، لە ئێستەدا ئاوارەكان پێویستییەكی زۆریان بە بنكەی تەندروستی هەیە لە كەمپەكان.
* پاككردنەوە، بوونی پاشماوە و خاشاكێكی زۆر لە ناوە و دەرەوەی كەمپەكان.
* تەواوكردنی سەنتەری پێشوازی لە ماوەیەكی كورت.
* دابینكردنی ئامێری پشكنینی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێل بەمەبەستی پاراستنی گیانی ئاوارەكان.
* دابینكردنی خواردن بە شێوەیەكی بەردەوام، بەتایبەتی خواردنی منداڵان و شیر و بسكویت و سریلاك و...


وشە - هیدایه‌ت جان