پوتین بە فەرمی خۆی بۆ خولێكی تری سەرۆك كۆماری پاڵاوت

:: AM:09:40:07/12/2017 ‌

ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا بە فەرمی ئاشكرای كرد خۆی بۆ خولێكی تری پۆستی سەرۆك كۆماری دەپاڵێوێت كە بڕیارە چوار مانگی تر لەو وڵاتە بەڕێوە بچێت.

ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ڤلادیمێر پوتین بتوانێت سەركەوتن تۆمار بكات، ئەوا شەش ساڵی تر لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە و تا ساڵی ٢٠٢٤ درێژە بە پۆستەكەی دەدات و بەمەش درێژترین ماوەی دەسەڵات لە مێژووی رووسیا تۆمار دەكات لە دوای جۆزێف ستالین.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" لە چەند رۆژی رابردوودا تا رادەیەك گومان لەسەر ئەوە هەبوو پوتین خۆی بۆ پۆستەكە نەپاڵێوێت و میدیاكانیش بە بایەخەوە ئەو هەواڵەیان گواستەوە، بەڵام بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەوەی كراوە لای كۆشكی كرێملین تەنیا نمایشێكی سیاسی بووە.

بە پێی دوایین لێكۆڵینەوە، هێشتا خەڵكێكی زۆری رووسیا پوتینیان خۆش دەوێت و سەرووی ٨٠%ی خەڵكی رووسیا بە تایبەتی چینی كرێكار و فەرمانبەر، لایەنگری سەرۆكی وڵاتەكەیانن و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بە پوتین دەدەنەوە.

هاوكات "ئەلعەرەبیە" بڵاوی كردەوە، پوتین یەكەم جار لە ساڵی ٢٠٠٠ خۆی بۆ ئەم پۆستە پاڵاوت و توانی لە هەڵبژاردنەكەدا بیباتەوە و ساڵی ٢٠٠٤ دووبارە خۆی پاڵاوتەوە و دیسان تا ساڵی ٢٠٠٨درێژەی بە دسەڵات دا. بە هۆی ئەوەی بەگوێرەی یاسا سەرۆك كۆمار بۆی نییە سێ ساڵی لەدوای یەك لە پۆستدا بمێنێتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٨ دێمیتری مێدڤێدێف كە ئەو كات سەرۆك وەزیران بوو، بۆ سەرۆك كۆماری پاڵێورا و كاتێكیش سەركەوت ڤلادیمێر پوتینی كردە سەرۆك وەزیرانی وڵات. پوتین لە ساڵی ٢٠١٢ دیسان خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری پاڵاوت و جێیەكەی خۆی لەگەڵ مێدڤێدێف گۆڕییەوە. ئەو مۆدێلە لە دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە مۆدێلی "پوتین مێدڤێدێف" ناوبانگی دەركردووە.

بە گشتی چوار هەزار و 953 رۆژ پوتین سەرۆك كۆمار بووە و ١٨ هەزار و ٩٤٤ بەڵگەی رووسی واژوو كردووە و لە روانگەی گۆڤاری تایمیش چوار جاران بووەتە بەهێزترین كەسایەتیی دنیا.



وشە - سلێمان تاشان