ستوونێكی كارەبا لە ناوەندی شەقامێكی رواندز كێشە دروست دەكات

:: AM:11:12:07/12/2017 ‌

ماوەی چەند ساڵێكە ستوونێكی كارەبا لە شەقامێكی شارۆكەی رواندز، ئاستەنگی بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دروست كردووە و قایمقامی شارۆكەكەش بەڵێن دەدات بیگوازێتەوە و لە ناوەندی شەقام لای بدات.
 
سەردار جەبار هاووڵاتییەكی دانیشتووی شارۆكەی رواندزە بە "وشە"ی راگەیاند، "بوونی ئەو تاوەرەی كارەبا لە ناوەڕاستی شەقامی سەرەكیی نێوان گەڕەكی نەورۆز و بەرباخچانی رواندز، دانیشتوانی ناوچەكەی هەراسان كردووە و بەو پێیەی شوفێران ناتوانن بە ئاسوودەیی هاتوچۆ بەو شەقامەدا بكەن .

ئەو هاووڵاتییە دەڵێت لایەنی پێوەندیدار خەمیان لێ نەخواردووە و ناكرێت لە ناوچەیەكی گەشتیاری وەك رواندز، لە سەدەی 21 لەناوجەرگەی شەقام تاوەری كارەبا چەقابێت ! 

 كوێستان ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی رواندز لەوبارەیەوە بە "وشە"ی راگەیاند، "بەشێوەیەكی گشتی تۆڕی كارەبای نیشتمانی لە رواندز پێویستی بە نوێكردنەوە هەیە و بۆ ئەم مەبەستە بە رەسمی فەرمانگەی كارەبای رواندز و بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای سۆرانیان ئاگادار كردووەتەوە .

هەروەها قایمقامی رواندز ئاماژەی دا، ئەو ستوونەی كارەبا لە ناوەندی شەقامێكی رواندز سیمایەكی ناشیرینی بەخشیوە، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدات لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ناو شەقام هەڵیبگرن و بیگوازنەوە.

سۆران/ مورشید برادۆستی










وشە - سلێمان تاشان