هەرێمی فلاندەرز ناڕەزایی بەرانبەر بەغدا بەهۆی بڕیارەكانی لەدژی هەرێم دەردەبڕێت

:: PM:05:12:07/12/2017 ‌
نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی كاروباری دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی فلاندەرز، نامەیەكی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی پێگەیشت كە ئاراستەی باڵوێزی عێراق لە وڵاتی بەلجیكا كراوە و تیایدا ناڕەزایەتی دژی ئەو بڕیارانە دەخاتە ڕوو  كە عێراق دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی كاروباری دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی فلاندەرز لە بەلجیكا، وێنەی نامەیەكی (خێرت بۆرژوا)، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی پێ گەیشت كە ئاراستەی جەواد ئەلهنداوی، باڵوێزی عێراق لە وڵاتی بەلجیكا كراوە.
 
لە نامەكەدا سەرۆك وەزیرانی فلاندەرز هاتووە، دڵگرانی خۆی بەرامبەر بە كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2018 لە لایەن حكوومەتی حەیدەر عەبادی و داخستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستان دەردەبڕێ و ئەم هەنگاوانە كاریگەریی زۆریان لە سەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و ناردنی هاوكارییە مرۆییەكانە بۆ یەك ملیۆن و نیو ئاوارەی ناوخۆ كە لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن، دەبێت.

لە كۆتایی ناڕەزایینامەكەیدا هاتووە، خێرت بۆرژوا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی فلاندەرز داوا دەكات كە حكوومەتی عێراق پێداچوونەوە بەو ڕێوشوێنانەدا بكات.

دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەوروپا سوپاس و پێزانینی دەبڕی بەرامبەر هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیكا كە بەردەوام پشتگیری لە ڕووی سیاسی و مرۆیییەوە لە هەرێمی كوردستان كردووە و ژمارەیەك پێشمەرگەی برینداری لە نەخۆشخانەكانی فلاندەرز چارەسەر كردووە.

دوای ڕووداوەكانی 16ـی تشرینی یەكەم ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی سنوورە ناوچە جێناكۆكەكان ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون و لەچەند شار و شارۆكەیەك لە كەمپ و پڕۆژە تەواو نەكراوەكان نیشتەجێ بوونە، حكوومەتی عێراقیش بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.



وشە - رامیار جەواد