دوای خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر تۆڵەكردنەوە لە ناو كەركووك بەردەوامە

:: PM:05:18:07/12/2017 ‌
فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ڕای گەیاند، لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە گرووپە بەخەیانەت گۆشكراوەكە كەركووكیان رادەستی داگیركەران كردووە، شەو و رۆژێك بەبێ چالاكی تۆڵەسەندنەوەی خۆبەخشەكانی شار، تێپەڕ نەبووە.
 
كەمال كەركووكی فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە و ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە و ڕای گەیاند، كەركووك سەرەڕای ئەوەی بە سەختترین دۆخی داگیركاری و چەوسانەوە و جینۆسایددا تیپەڕ بووە، بەڵام هەرگیز بۆ كەس دەستەمۆ نەبووە و ناسنامەی كوردستانیبوونی خۆی پاراستووە.

زیاتر دەڵێ‌، كەركووك لە بەهاری 2003 وە تا خیانەتەكەی 16 ئۆكتوبەری 2017، بە ئازادی و سەربەستی و گشت بەهایەكی مرۆڤایەتی ژیا و ئاڵای كوردستانی بەرز ڕاگرت و گشت پێكهاتەكانیشی بە یەكسانی لە خۆ گرت.

كەمال كەركووكی لەبەشێكی تری نووسینەكەیدا ڕای گەیاندووە، ئەوەی بۆ حكوومەتە زۆردارەكانی پێشووی عێراق نەچووەتە سەر، ئێستە حكوومەتە لەرزۆك و فاشیلەكەی عەبادی بە پشتبەستن بە میلیشیاكانی حەشد و هێزە دەرەكییەكان بە خەیاڵی خاوی خۆیان دەتوانن جێبەجێی بكەن، بەڵام ئەمەی ئێستە كۆمیدیایە.

كەركووكی ڕای گەیاندووە، لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە كە گرووپە بە خەیانەت گۆشكراوەكە كەركوكی رادەستی داگیركەران كردووە، رۆڵەكانی كەركووك نەیانهێشتووە داگیركەرانی ئەمجارەش هەناسەی ئاسوودەیی هەڵكێشن و كەمتر شەو و رۆژی وا بووە بە بێ چالاكی تۆڵەستێنانەی خۆبەخشەكانی شار، تێ پەڕ بووبێ.

بەرپرسەكەی پارتی لە كۆتادا دەڵێ‌، ئەوەی هەیە تەنیا كاتی و مەسەلەی كاتە، كەركووك جارێكی تریش ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە سەر قەڵا دێرینەكەی بە شەكاوەیی دەبینێتەوە.

16 ی ئۆكتۆبەر میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی هێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، لەوكاتەوە تا ئێستە شارەكە بە داگیركراوی ماوەتەوە و خەڵكە كوردەكەیشی لەژێر گوشار و ئاوارەییدان.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم