رێكس تیله‌رسن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا رای گه‌یاند كه سزاى سه‌ر رووسیا به‌رده‌وام ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ى هێزه‌كانى له نیوچه دوورگه‌ى كریما ده‌كشێته‌وه.
تیله‌رسن له میانى به‌شداربوونى له خولى رێكخراوى ئاسایش و هاریكارى ئه‌وروپى له ڤیه‌ننا رای گه‌یاند كه سزاكانى واشنتن بۆ سه‌ر رووسیا به‌نده به مانه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى رووسیا له نیوچه دوورگه‌ى كریما، بۆیه سزاكانى پێوه‌ست به كریما تا ئه‌وكاته كار ده‌كات كه رووسیاى به ته‌واوه‌تى ده‌سه‌ڵاته‌كه بۆ ئۆكراینا ده‌گێڕێته‌وه، جگه له‌مه‌ش گوتی، له‌باره‌ى رۆژهه‌ڵاتى ئۆكرایناوه ئێمه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه ئه‌وروپییه‌كانمان به‌رده‌وام ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ى پارێزگارى له سزاكان بكرێت، تا رووسیا له دونباس ده‌كشێته‌وه و پابه‌ند ده‌بێت به رێككه‌وتنى مینسك.
هه‌رێمى كریما تا سه‌ده‌ى 18 هه‌رێمێكى سه‌ر به رووسیا بوو، به‌ڵام له سه‌ده‌ى بیسته‌مدا ده‌سه‌ڵاتێكى خۆبه‌ڕێوه‌بردنى هه‌بوو، تا له ساڵى 1991 كه‌وته سنوورى ئۆكراینا. له ساڵى 2014 هێزه‌كانى رووسیا چوونه ئه‌م هه‌رێمه له ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئۆكراینایان ده‌رهێنا، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى لێ كه‌وته‌وه، كه له نێویاندا كۆمه‌ڵێك سزا له دژى رووسیا به‌كار هات.