كێشه‌ی قودس له‌سه‌ر چییه‌؟

ئۆرشەلیم یان قودس، ئه‌م شاره‌ گرنگییەكى زۆرى هەیە لە ڕووى ئاینى و ئابوورییەوە و قورسایی خۆیى هه‌یه‌ له‌ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و به‌ درێژایى مێژووى مرۆڤایه‌تى.

ئه‌م شاره‌ پایتەختی فەڵەستینە لە زمانى عەرەبى بە چەندین ناوى تر دەناسرێت وەك: بیت المقدس، القدس الشریف، وأولى القبلتین وە لەلاى جولەكەش بە فه‌رمی پێى دەگوترێت (ئۆرشەلیم).

قودس مێژووییەکى كۆنى هەیە و لە هەندێك سەرچاوە باس لەوە كراوە كە لە دەورووبەرى ساڵى سێ هه‌زار پێش هاتنى مه‌سیح بۆ یەكەمجار ژمارەیەك خەڵكى لێ نیشتەجێ بووە و دەتوانین بڵێین ئەوە سەرەتای دروستبوونی قودسە.

قودس گرنگییەكى زۆرى هەیە بۆ هەرسێ ئاینەكە، ئه‌وانیش ئاینه‌كانى "جوو - مەسیح - ئیسلام"ن، بۆ جووكان گرنگییەكەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كاتەى كە پێغەمبەر داود ڕزگارى ئەكات و دەیكات بە پایتەختى شانشینى ئیسرائیل لە دەورووبەرى سالى هه‌زار پێش هاتنى مه‌سیح و پاشانیش سولێمانى كوڕى یەكەم پەرستگاى جووی بنیات دەنێت له‌و شاره‌.

بە بیرواڕاى جووه‌کان گەنجیەنە و سەروەت سامانێك زۆر لە ژێریدا حەشار دراوە لە هەندێک بەڵگەدا باس لەوە كراوە کە لە کاتی هێرشەکانیان هەندێک لە خاچپەرستان، ئەم گەنجینەیەیان دۆزیوەتەوە و پاشان بردوویانە بۆ ئەوروپا و ناوى خۆیان ناوە سوارچاكەكانى پەرستگه‌ و پاشانیش بەو گەنجینەیە توانیان خۆیان بگەیه‌نن بە دەسەڵاتێکی بێ پایان.

بۆ مەسیحیه‌كانیش گرنگییەكەى دەگه‌ڕێتەوە بۆ ئەوەى كە بەپێى ئینجیلی پێغەمبەر عیسا، لەسەر گردى كالاڤارى نزیك قودسى كۆن لە خاچ دراوە و بەرزبووه‌تەوە بۆ ئاسمان پاشان بەپێى ئەوە لە پەیمانى نوێ باس كراوە، سانت هێلانە ئەو خاچە دەدۆزێتەوە لە نێو قودس پاش 300 ساڵ.

بۆ مووسڵمانانیش گرنگییەكەى دەگەڕێتەوە بۆ ئەوى كە پێغەمبەر محه‌مه‌د لەو شاره‌وه‌ لەگەڵ جبرایل ڕۆیشتووە بۆ ئاسمان و دواتر گەڕاوەتەوە.

هه‌ر به‌و پێیه‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانى بوارى ئاینى ئیسلام ده‌ڵێن، ناوه‌ڕاستى ئاسمان شارى قودسه‌ له‌ فه‌ڵه‌ستین و ناوه‌ڕاستى زه‌وى شارى مه‌كه‌یه‌ له‌ سعودیه‌.

گرنگترین شوێنەكانى شارى قودس بریتین لە مزگەوتى ئەقسا و قوبهی‌ صه‌خره‌ و كەنیسەى گۆڕى پیرۆز.

له‌ مێژوودا قودس دوو جار ڕووخێنراوە و 23 جار ئابڵووقە دراوە و 52 جار ڕووبەرووى هێرش بووه‌تەوە و 43 جار دەستى بەسەردا گیراوە.

بەپێى ئەوەى لە تەوراتى جووه‌كاندا هاتووه‌، باس كراوە ئەم قودسه‌ لەلایه‌ن شامى كوڕى نوح بنیات نراوە و پاشان خەڵكى لێ نیشتەجێ بووە.

پاش مردنى سلیمان، شانشینی ئیسرائیل دابەش دەبێت بۆ دوو بەش، بەشى باشوور و بەشی باكور كە قودس دەبێت بە پایتەختى بەشى باشوور و پاشان لەلایەن بابلیەكانەوە بە سەركردایەتى (نه‌بوخز نه‌سڕ)، داگیر دەكرێت و قودس دەڕووخێنن و جووه‌كانیان ئاوارە دەبن و زۆربەشیان دەبن بە كۆیلە، هه‌ر ئه‌و كات به‌ بڕیارێك قودس لەگەڵ زەوی تەخت دەکرێ و لەو هێرشەدا گومان دەکرێ کە ئەو 10 لەوحەی موسا دیارنەمابن کە یاساکانی بۆ جوو تیا نووسی بوو پاش چەندین ساڵ لە بابل لە لایەن 70 حاخامى جوو كتێبى تەلموود نووسرا و جوو دەستى كرد بە ئیشكردن بە تەلموود و پشتگوێخستنى پەیامى ڕاستى خودا، پاش 50 ساڵ پاشای هەخامەنشی کۆرشی گەورە دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆریەتی هەخامەنشی، ڕێگه‌ى دا بە جووه‌كانى بابل كه‌ بگەڕێنەوە بۆ قودس و دەست بكەن بە بنیاتنانەوەى شارەکە، پاشان قودس دووبارە چەندین جار تووشى داگیركارى بووەوە لەلاین ڕۆمانییەكانەوە، پاش ڕووخانى ئیمپراتۆریەتى ڕۆما و دابەشبوونى قودس بەسه‌ر بەشى ڕۆماى ڕۆژهەڵات دەكەوێت، واتا ئیمپراتۆرى بیزەنتى و لەو کاتەدا بە تەواوی بووبوو بە مۆڕکی مەسیحیەت.

بەڵام دواتر لە لاین فارسەكانەوە داگیر دەكرێت و لە ژێر دەستى ڕۆم دەرى دەهێنن، پاش 15 ساڵ جارێكى تر دەكەوێتە دەستى ڕۆم و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە تاكو ڕزگاركردنى لەلاین ئیسلامەوە. 

قودس ئەكەوێتە ناوه‌ڕاستى فەڵەستینەوە و لە پاش دامەزراندنى دەوڵەتى ئیسرائیل بەشێكى كەوتووتە بەر ئسرائیل و تا ئێسته‌ش ئەم كێشەیە چارەسەر نەكراوە و بووه‌تە هۆى ململانێى بەردەوامى ئاینەكان تێیدا، كە هەر یەكەیان هەوڵ دەدات دەسەڵاتى خۆى زیاتر بێت لە قودس، شارى قودس نزیكەى 60 كم دوورە لە دەریاى ناوه‌ڕاستەوە و لەسەر بانێکە لە بنەڕەتادا شێوەى قەڵایەكى وەرگرتبوو وە لە چوار گەڕەك پێك هاتبوو و دیوارێكیش بەدەوریدا، بەڵام كەم كەم دەست كراوه‌ بە فره‌وانبوونى، لە كۆندا قودس دەورووبەرى دارستان بووە، بەڵام بەهۆى شەڕ و داگیركارییەوە هەمووى لەناو چووە.

به‌پێى دوایه‌مین ئامار ئێسته‌ دانیشتوانەكه‌ى نزیكەى 850 هەزار كەس دەبن و زۆرینەى جووە و پاش جووش مووسڵمانە.

ناو شاری قودس دابەش کراوە بۆ چوار بەشی سەرەکی، ئەویش باشوور و باکور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، قودس شارێکە پڕە لە شوێنەوار و بینای گرنگ وەک: نەخۆشخانەی گەورەی haddassah لە ڕۆژئاوا، و باخچەی ئاژەڵانی biblical لە بەشی باشوور و شوێنی دروستکردنی پەیکەر، بەڵام ئەمانە و چەند شوێنێکی زۆری تر گرنگییەکی زۆری پێ نادرێ، چونکە گرنگترین بەشی شوێنی شارەکە لە بەشی ڕۆژهەڵاتە، ئەویش کە بریتیە لە شورایەک کە جێگه‌ی کۆبوونەوەی ئاینەکانە و بۆ هەر یەکێک لە ئاینەکە گرنگترین جێگه‌ی لێیە.

بۆ موسوڵمانان مزگەوتی ئەقسا و گومەز بەردینی لێیە وە بۆ مەسیحییەکان کڵێسای st.anne و کڵێسای گۆڕی پیرۆز و کڵێسای redeemer لێیه‌، و بۆ جووەکان hahura syng لێیه‌.

وە ساڵانە سەدان کەس سەردانی ئەم شارە گرنگە دەکەن، هاوکات ئەم شارە یەکێکە لەو شارانەی کە لە سەرەتای مێژووەوە ناکۆکییەکی زۆری لەسەرە.

شوێنی ئاینی و گەشتیارییەکان قودس ئه‌مانه‌ن: (مزگەوتی قوبە سەخرە- مزگەوتی قەبلی- کڵێسای قیامە- دیواری بەڵاق یان دیواری ڕۆژئاوا- تاوەری قەڵا- دەرگه‌ی عەموود یان دەرگه‌ی دیمەشق- مزگەوتی عومەری کوڕی خەتاب- دەرگه‌ی ئەسبات- کنێستی ئۆرشەلیمی گەورە- دەرگه‌ی ساھرە- کڵێسای مریەم مەجدەلیە- دەرگه‌ی خەلیل).

دوێنێ چوارشەم 6ى كانوونى یه‌كه‌م، دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری دا كە باڵوێزخانەی وڵاتەكەی لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس بگوازێتەوە، بەوەش هەنگاوێكی گەورەی بۆ بەرژەوەندی ئیسرائیل هاوێشت، هاوكات بۆ فەڵەستین كارەسات بوو، لەو ناوەدا كونسوڵخانەی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر بڕیارەكەی بە دوژمنكارانە لە بەرانبەر گەلی فەڵەستین دانا، وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئیسلامى به‌ تووندى له‌دژى بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا وه‌ستانه‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند وڵاتێكى ئه‌وروپا كه‌ بڕیاره‌كه‌یان به‌ باش نه‌زانیووه‌.

سه‌رچاوه‌: wikipedia - aljazeera


وشە - محەمەد میران


PM:09:02:07/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 2405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌