پێگەی ئێران لە عێراق كێشەیەكی گەورەیە
ئەمەریكا: هاوكار دەبین لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا

:: PM:12:06:11/12/2017 ‌
باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق ئاشكرای كرد، پێگەی ئێران لە عێراق كێشەیەكی گەورەیە و پێویستە وڵاتانی دراوسێ ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن، دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەمەریكا پشتیوان و هاوكار دەبێ لە چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە ڕێی دایەلۆگ و دانوستاندن لە نێوان هەردوولادا.

دۆگلاس سیلیمان باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق بە "ئەسیۆشەیتدپرێس"ی ڕاگەیاند، واشنتن لە عێراق كار دەكات بۆ پاراستن و بڵاوكردنەوەی ئاشتی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق و دووبارە نۆژەنكردنەوەیان، پێگەی ئێرانیش لە عێراق كێشەیەكی گەورەیە، چونكە تاران سەروەری دراوسێكانی ناپارێزێ، ئێرانییەكان لە شەڕی داعش هاوكاری عێراقیان كردووە، بەڵام نەمانبینیوە هاوكاری مرۆیی پێشكەشی عێراق بكەن و یارمەتی پرۆگرامی چەسپاندنی ئارامی و ئاشتی لە وڵاتەكە بكەن، كە نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێی دەكات.

زیاتر گوتی، دەمانەوێ عێراق ئاوەدان ببێتەوە و پێوەندی باشیشی لەگەڵ دراوسێكانی هەبێ، بەو مەرجەی ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن، هەوڵەكانی ئەم دوایییەی بەغدایش بۆ ئاساییكردنەوە و باشتركردنی پێوەندییەكان لەگەڵ ئوردن و سعوودیە هەنگاوی گرنگ و گەشەسەندنی ڕۆڵی عێراقە لە ناوچەكە و ئەمەریكا بە تەواوی پشتیوانی دەكات.

لەبارەی هەولێر و بەغدا باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق گوتی، دەمانەوێ گرژییەكان كۆتایان بێ و دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن بكرێ لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئێمەیش لەو ڕوانگەوە هاوكاری هەردوولا دەبین بۆ دانیشتن و گفتوگۆكردن و چارەسەركردنی كێشەكان، بە ڕێی گفتوگۆ نەبێ گرژی و تەنگژەكان كۆتایان نایەت.

سەرچاوە/العربیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د