خۆپێشاندانەكانی ئەمەریكا دژی ترەمپ پێی نایە دووەم هەفتەوە

:: AM:10:02:15/11/2016 ‌

ناڕەزایی و خۆپێشاندانەكانی ئەمەریكا دژی كاندیدی هەڵبژێردراوی كۆمارییەكان بۆ سەرۆكی ئەمەریكا دۆناڵد ترەمپ، پێی نایە هەفتەی دووەم و بە هەزاران قوتابی بەردەوام دێنە سەر شەقامەكان و دروشمی "تۆ سەرۆكم نیت" دەڵێنەوە.

ناڕەزایەتییەكان دوای دیاریكردنی ستیڤن بانۆن لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەك گەورە راوێژكار و داڕێژەری ستراتیجی كۆشكی سپی، هێندەی تر توند بووەوە، چونكە ستیڤن بانۆن یەكێكە لە كەسە توندڕەوەكان و زۆرێك لەوە دەترسن بیری نەتەوەپەرستی لە ئەمەریكا قووڵ ببێتەوە، بەهۆی بردنە پێشەوەی زۆرێك لە ناسیۆنالیستانی ئەمەریكا لە حكوومەتی دۆناڵد ترەمپدا.

رێكخراوی قوتابخانە یەكگرتووەكان لە شاری لۆس ئەنجلس كە زیاتر لە چوار هەزار قوتابی ئەندامیەتی ئەمڕۆ هاتنە سەر شەقامەكان و ناڕەزایی دژی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی و بە توندی سەركۆنەی قسەكانی ترەمپیان كرد كە دژی كۆچبەران و دروستكردنی دیوار لە نێوان مەكسیك و ئەمەریكا كردوویەتی.

لەلایەكی ترەوە بەرپرسانی قوتابخانە گشتییەكان لە شاری سیاتل كە ژمارەی قوتابییانیان پێنج هەزار قوتابی دەبێ لە قوتابخانەكان هاتنە دەرەوە و 20 قوتابخانەی ئامادەیی و ناوەندییان جێ هێشت و خوێندنیان تێدا وەستا و رژانە سەر شەقامەكان و دروشمەكانیان دژی دۆناڵد ترەمپ بەرز كردەوە.

لەلایەكی ترەوە  لە شاری پۆرتلاندی ویلایەتی ئۆریگۆن و ناوچەی مۆنتگمری ویلایەتی ماریلاند و ناوچەی كەنداوی سان فرانسیسكۆ بە سەدان گەنج هاتنە سەر شەقام و دژی ترەمپ وەستانەوە.

جێی باسە دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سێشەمی ڕابردوو هەشتی تشرینی دووەم/نۆڤێمبەر بەسەر هیلاری كلینتنی كاندیدی دیموكراتەكان، لە شارەكانی ویلایەتی كالیفۆرنیا بە هەزاران لە لایەنگرانی كلینتن و قوتابییانی زانكۆ رۆژانە سەر شەقامەكان و پەنجەرەی دامەزراوە گشتییەكانیان شكاند و ئاگریان لە نێو شەقامەكان كردەوە، دژ بە دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا.

سەرچاوە/ سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د