بانگەوازێكی بەپەلە لەسەر كەركووك بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:02:30:12/12/2017 ‌
نووسینگەی كەركووكی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140ـی دەستووی عێراق  ئەمڕۆ سێشەم 12ی كانوونی یەكەم، بانگەوازێكی بڵاو كردەوە و داوا لە حزبەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە زووترین كات خۆیان رێك بخەن و یەكهەڵوێست بن و فریای كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان بكەون.

لە بانگەوازەكەدا كە "وشە" دەقەكەی بڵاو دەكاتەوە، باس لەوەیش كراوە لە پاش 16ـی ئۆكتۆبەر، بارودۆخی پارێزگای كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانی، رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەڕۆن، نائومێدی و ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوكێ باڵی بەسەر خەڵكی ناوچەكاندا كێشاوە و بێزاری و بێتاقەتی خەڵك لە رووخساریاندا دیارە، چاوەڕوانی دەستێكن لەم نەهامەتییانەی بەسەریاندا سەپاوە رزگاریان بكات.

لە بانگەوازەكەدا ڕوون كراوەتەوە كە ئەم بارودۆخەی ئێستە لە بەرژەوەندیی یەك كوردی ئەم ناوچەیەدا نییە و ئەوەی هەیە بووەتە مایەی هەڕەشەی كرداری بۆ سەر ماڵ و حاڵی نەتەوەی كورد لەم ناوچانەدا.

"بۆ جاری دووەم تكاتان لێ دەكەین بە زووترین كات بە دەنگ بانگەوازەكەمانەوە بێن و هەڵوێستەكانتان یەك بخەن و هەڵوێستێكی كەركووكییانە وەرگرن، كە خۆی لە خۆیدا هەڵوێستێكی دڵسۆزانە و خەباتگێڕانەیە لە پێناو دەربازكردنی لەم نەهامەتییەی ئێستە تێی كەوتووە، كە خۆی لە جێبەجێكردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراقدا دەبینێتەوە". بانگەوازەكەی نووسینگەی كەركووكی لیژنەی جێبەجێكردنی مادەی 140 تێیدا هاتووە.

رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی، هێرشیان كردە سەر كەركووك و لەوكاتەوە تا ئێستە ئەو سنوورانە بە داگیركراوی ماونەتەوە.

 








وشە - سه‌رخێڵ هاشم