له كاتێكدا عێراق سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعش راگه‌یاند، به‌ڵام تا ئێسته به فه‌رمى زیانه‌كانى سێ ساڵه‌ى شه‌ڕی داعشی رانه‌گه‌یاندووه كه ماوه‌ى هه‌زار و 276 رۆژى خایاند.
زیانه‌كانى هه‌زار و 276 رۆژ له نێوان ده‌ستپێكى شه‌ڕ و راگه‌یاندنى سه‌ركه‌وتن
له 13ى مانگى حوزه‌یرانى 2014، هه‌واڵی كتوپڕى كه‌وتنى دووه‌مین گه‌وره‌ترین شاری عێراق مووسڵ، له‌سه‌ر ده‌ستى سه‌تان چه‌كداری داعش راگه‌یه‌نرا. ئه‌و چه‌كدارانه توانییان مووسڵ به كه‌متر له 48 سه‌عات داگیر بكه‌ن و له ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك ده‌ست به‌سه‌ر 40%ى خاكی عێراقدا بگرن.
شه‌ڕى داعش ماوه‌ى هه‌زار و 276 رۆژى خایاند و كاریگه‌ریی شه‌ڕه‌كه به‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كانى ژیان له عێراقدا هه‌بوو، هه‌ر له مرۆڤه‌وه تا به‌ردیش!
زیانه مرۆیییه‌كان
به‌پێ راپۆرتى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه ساڵى 2016 رای گه‌یاندووه، زیانه مرۆیییه‌كان له ساڵى 2014 و 2015 پێوه‌ست به شه‌ڕى داعش بووه‌ته هۆى كوژرانى 18 هه‌زار و 802 كه‌س و برینداربوونى زیاتر له 37 هه‌زار كه‌سی تر. هه‌ر به‌هۆى شه‌ڕى داعش، سێ ملیۆن و 200 هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكى شاره‌كانى مووسڵ، ئه‌نبار، سه‌ڵاحه‌دین، كه‌ركووك و دیاله و هه‌ندێك ناوچه‌ى ده‌وروبه‌ری به‌غدا ئاواره بوون.
به‌ڵام له ساڵى 2016، به پێى ئاماره‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه رۆژنامه‌ى ئیندیپێندنت بڵاوى كردووه‌ته‌وه، ژماره‌ى قوربانییه‌كان شه‌ش هه‌زار و 878 كه‌س بوونه. ئه‌و ژماره‌یه باسی كوژران و برینداربوونى ئه‌و كه‌سانه‌ى نه‌كردووه كه به ناراسته‌وخۆ به‌هۆى شه‌ڕى داعش گیانیان له ده‌ست داوه یان بریندار بوونه، یانیش به هۆكاری خراپی باری ته‌ندروستى و برسیه‌تى مردوون، به پێى ئاماره‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق، سێ هه‌زار و 229 كه‌س به‌و هۆكاره‌ی ناراسته‌وخۆ پێوه‌ند به شه‌ڕى داعش كوژراون.
هه‌موو ئه‌و ژمارانه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ژماره‌كانى ماڵپه‌ڕی ((Iraq body count بڵاوى كردووه‌ته‌وه كه تایبه‌تمه‌نده به ئه‌ژماركردنى ژماره‌ى قوربانییه سڤیله‌كان له عێراق له ده‌رئه‌نجامى توندوتیژی، ساڵى 2016 ژماره‌ى قوربانییه سڤیله‌كان 16 هه‌زار و 393 كه‌س بووه، ئه‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه له‌گه‌ڵ ژماره‌ى كوژراوه‌كانى ساڵى 2015 كه 17 هه‌زار و 578 كه‌سی سڤیل بووه و ساڵى 2014ش دوو هه‌زار و 18 كه‌سی سڤیل كوژراون.
جه‌نگی مووسڵ.. قورسترین قۆناغی شه‌ڕی دژ به داعش
ژماره‌كانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له عێراق له‌سه‌ر زیانه مرۆیییه‌كانى شه‌ڕى مووسڵ له‌گه‌ڵ ئاماره‌كانى پێشتر بڵاوى كردوونه‌ته‌وه جیاوازن و یه‌ك ناگرنه‌وه.
به‌پێى رۆژنامه‌ى ئیندپندنتی به‌ریتانى كه زانیارییه‌كانى له سه‌رچاوه هه‌واڵگرییه كوردییه‌كان وه‌رگرتووه، ژماره‌ى كوژراوانى هاووڵاتییانى سڤیل گه‌یشتووه‌ته 40 هه‌زار كه‌س و ژماره‌ى برینداره‌كانیش زۆر له‌و ژماره‌یه زیاتره كه به‌شی زۆریان به‌هۆى هێرشه ئاسمانییه‌كانه‌وه بووه، ئه‌مه جگه له ژماره‌یه‌كى زۆری هاووڵاتیی سڤیل كه داعش كوشتوونى كاتێك هه‌وڵیان داوه را بكه‌ن.
به‌پێى هه‌ندێ راپۆرتى تر له ده‌ستپێكى شه‌ڕی دژ به داعش تا كۆتاهاتنى ته‌نیا 16 هه‌زار هاووڵاتیی سڤیل كوژراون، به‌ڵام حكوومه‌تى عێراق ته‌واوى ئه‌و ژمارانه ره‌ت ده‌كاته‌وه و پێی وایه، زیاده‌ڕه‌ویى تێدا كراوه. به پێى راپۆرته‌كانى حكوومه‌تى عێراق ژماره‌ى كوژراوانى هاووڵاتییانى سڤیل چوار هه‌زاری تێپه‌ڕ نه‌كردووه.
هێشتا دووكه‌ڵ له شاره كۆنه‌كه‌ى مووسڵ به‌رز ده‌بێته‌وه
به‌پێى به‌دواداچوونه رۆژنامه‌وانییه‌كان، پێ ده‌چێت ژماره‌كانى له راپۆرته‌كه‌ى ئیندپندنت له باره‌ى ژماره‌ى قوربانی هاووڵاتییانى سڤیل نزیك بێت له راستى، به تایبه‌ت كاتێك ئاماره‌كانى به‌رگریی شارستانى مووسڵ ئاشكراى ده‌كه‌ن، ته‌نیا له شاری كۆنى مووسڵ كه ده‌كه‌وێته لاى راستی شاره‌كه، هه‌زار و 900 كه‌س ته‌رمه‌كانیان به مردوویی له ژێر داڕووخانى خانووه‌كانیان ده‌رهێنراون.
قوربانییه‌كانى سوپاى عێراق
به‌پێى هه‌ندێك راپۆرت، ژماره‌ى سه‌ربازه كوژراوه‌كانى سوپاى عێراق تا كۆتای مانگی نیسانى ئه‌مساڵ، زیاتر له هه‌شت هه‌زار چه‌كدار بوونه، ئه‌مه جگه له ژماره‌ى كوژراوانى میلیشیاكانى حه‌شد. له‌و ژماره‌یه‌شدا پۆلیسی فیدڕاڵ زۆرترین كوژراوى هه‌یه، پاشان سوپاى عێراق و دواتریش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر، ئه‌مه جگه له كوژراوانى شه‌ڕى فه‌لووجه كه به‌پێى راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان سوپاى عێراق له شه‌ڕی فه‌لووجه له 2016 دژ به داعش 900 سه‌ربازی لێ كوژراوه.
به‌پێى لێدوانێكى ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی گوته‌بێژى میلیشیاكانى حه‌شد له كانوونى دووه‌می 2016، شه‌ش هه‌زار كوژراو و 17 هه‌زار بریندار له ریزی میلیشیاكانى حه‌شد هه‌بوونه.
ئه‌و ژمارانه له كاتێكدایه وه‌زاره‌تى به‌رگری و ناوخۆى عێراق و ده‌سته‌ى حه‌شدی شه‌عبی تا ئێسته به فه‌رمی ئاماری ژماره‌ى كوژراو و بریندارانیان رانه‌گه‌یاندووه.
له‌باره‌ی ژماره‌ى شه‌هید و بریندارانى هێزی پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رای گه‌یاند هه‌زار و 745 شه‌هید و زیاتر له 10 هه‌زار بریندار هه‌ن.
ژماره‌ى ئاواره‌كان
به‌هۆى شه‌ڕى داعش و شه‌ڕ و ململانێ تایفییه‌كان، هه‌میشه خه‌ڵك له عێراق ئاواره بوونه. به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق له سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانى 2014 تا مانگی تشرینى دووه‌می 2017، نزیكه‌ى پێنج ملیۆن كه‌س ئاواره بوونه كه به‌شێكیان چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ى وڵات. وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران ده‌ڵێ، 42%ى ئاواره‌كان گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زێدی خۆیان، به‌مه‌ش ده‌رده‌كه‌وێت كه نزیكه‌ى سێ ملیۆن و 200 هه‌زار ئاواره له كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین یان چوونه‌ته ده‌ره‌وه‌ى عێراق.
ملیاران دۆلار خه‌رجی جه‌نگ
جه‌نگی دژ به داعش، جه‌نگێكی هه‌روا ئاسان نه‌بوو بۆ عێراق و عێراقییه‌كان، كاتێك هه‌ر چركه‌یه‌ك عێراق ملیۆنان دۆلاری زیان لێ ده‌كه‌وت. به كۆتاهاتنى شه‌ڕی دژ به داعش، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق زیانه ئابوورییه‌كانى شه‌ڕى داعشی به 100 ملیار دۆلار خه‌مڵاند. ئه‌و ژماره‌یه ته‌نیا تێچووى شه‌ڕ و كاولكارییه له رووی ئابووری و ژێرخانه‌وه له‌و ناوچانه‌ى داعش كۆنتڕۆڵی كردبوون. ئه‌و ژماره‌یه باسی زیانه سه‌ربازییه‌كان و تێچووی كڕینی چه‌ك و كه‌لوپه‌ل ناكات كه له ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا سوپاى عێراق دژ به داعش به‌كاری هێناوه.
خه‌رجییه سه‌ربازییه‌كان
له باره‌ى خه‌رجیی سه‌ربازی له كڕینی چه‌ك و كه‌لوپه‌ل، به‌لیخ ئه‌بو كلل گوته‌بێژى هاوپه‌یمانى فراكسیۆنى مواتن ده‌ڵێ، خه‌رجی جه‌نگی عێراق دژ به داعش گه‌یشتووه‌ته 100 ملیار دۆلار، له‌و ژماره‌یه 100 ملیاری بۆ كڕینى چه‌ك و كه‌لوپه‌ل و هێرشه ئاسمانییه‌كان خه‌رج كراوه.
جگه له‌مه یه‌ك ملیار دۆلار زیانى به‌جێهێشتنى ئۆتۆمبێلى سه‌ربازی هێمفی بوو له مووسڵ كه حه‌یده‌ر عه‌بادی ئاشكرای كرد ژماره‌ى ئۆتۆمبێله هێمفییه جێماوه‌كان له مووسڵ، دوو هه‌زار و 300 ئۆتۆمبێل بووه و به‌هاكه‌ى ملیارێك دۆلار بووه، ئه‌مه جگه له هه‌زاران پارچه چه‌كی تر.
هه‌زاران خانوو وێران بوونه
به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كان له نێوان 80 بۆ 100 یه‌كه‌ى نیشته‌جێبوون له پارێزگاكانى كه‌ركووك، ئه‌نبار، تكریت، بێجی، دیالى و ده‌وروبه‌ری به‌غدا به ته‌واوه‌تى داڕووخاون. به‌ڵام ماڵپه‌ڕی (ستارز ئاند سترایبس)ی ئه‌مه‌ریكى له راپۆرتێكیدا ئاشكرای ده‌كات، ته‌نیا له لای راستى مووسڵ كه شاره كۆنه‌كه‌ی مووسڵیش ده‌گرێته‌وه، 32 هه‌زار خانوو به ته‌واوى داڕووخاون، 200 كیلۆمه‌تر جاده‌ى قیرتاو تێكچووه، فڕۆكه‌خانه‌ى مووسڵ وێران بووه، زانكۆی مووسڵ، وێستگه‌ى شه‌مه‌نده‌فه‌ر، پرده‌كان و نه‌خۆشخانه‌كان هه‌موویان داڕووخاون، كه هه‌موو ئه‌وانه له ده‌رئه‌نجامى مووشه‌كی هێرشه ئاسمانییه‌كانى فڕۆكه‌ى هاوپه‌یمانان یان بۆمبڕێژكردنى بووه له‌لایه‌ن داعش.
هاوكات پێگه‌ى (UN HABITAT)ى سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، زانیاری له‌سه‌ر خانووه رووخاوه‌كان داوه له ماوه‌ى نێوان 18ى حوزه‌یرانی 2017 تا هه‌شتى ته‌مووزی 2017، پێنج هه‌زار و 393 خانوو له شاری مووسڵى كۆن له‌لای راستی مووسڵ رووخاون كه رووبه‌ره‌كه‌یان ده‌كاته 504 دۆنم یان 126 هیكتار.
گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان
ئه‌وه‌ى ئێسته به‌لاى عێراقییه‌كان جێی بایه‌خ و گرنگییه، دۆزینه‌وه‌ى كه‌سه ونبووه‌كانیان نین، به‌ڵكو دۆزینه‌وه‌ى گۆڕى به كۆمه‌ڵه كه هیواى ئه‌وه ده‌خوازن ته‌رمی كه‌سوكاریان تێدا بێت.
داعش له ماوه‌ى سێ ساڵى حوكمی له ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا، سه‌تان گۆڕى به كۆمه‌ڵى جێ هێشتووه و سه‌تان خه‌ڵكیشی به كۆمه‌ڵك كوشتووه و له گۆڕى به كۆمه‌ڵى ناون، له‌وانه له سێداره‌دانى هه‌زار و 700 سه‌رباز له بنكه‌ى سه‌ربازی سپایكه‌ری ئاسمانى نزیك شاری تكریت. مانگی رابردوو تیمی پزیشكى عێراقی توانى پشكنینى (DNA) بۆ 584 رووفات بكات و بیانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ كه‌سوكاریان.
جگه له‌وه‌ى سپایكه‌ر، عه‌لى به‌یاتى گوته‌بێژى كۆمسیۆنى مافی مرۆڤی عێراق ده‌ڵێ، ژماره‌ى ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵانه‌ى تا ئێسته ئاشكرا كراون، 74 گۆڕى به كۆمه‌ڵ بوون.
عه‌لى به‌یاتى گوتى، "له‌گه‌ڵ گه‌ڕان و پشكنینى زیاتر ئه‌و ژماره‌یه زیاتر ده‌بێت. گۆڕى به كۆمه‌ڵى خسفه له باشووری مووسڵ و سپایكه‌ر له پارێزگاى سه‌ڵاحه‌دین دوو گه‌وره‌ترین گۆڕى به كۆمه‌ڵن تا ئێسته دۆزراونه‌ته‌وه".
لاى خۆیه‌وه حاجی كندور په‌رله‌مانتاری ئێزیدی له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێ، ته‌نیا له گوندی كۆجۆ 11 گۆڕى به كۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه و پێنج گۆڕی به كۆمه‌ڵى تر له گوندی حه‌ردان كه تا ئێسته به‌هۆى نه‌بوونى تواناى مرۆیی و كه‌ره‌سته‌ى پێویست هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه.
به‌ڵام به‌گوێره‌ى ئاماره‌كانى نووسینگه‌ى دۆزینه‌وه و هێنانه‌وه‌ى ئێزیدییه‌كانی سه‌ر به حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، تا ئێسته 39 گۆڕى به كۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆى نه‌بوونى تواناى مرۆیی و كه‌ره‌سته‌ى پێویست بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌یان و به دیكۆمێنتكردنیان، ئه‌و گۆڕانه هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه.
ئاماره‌كانى نووسینگه‌ی دۆزینه‌وه و هێنانه‌وه‌ى ژنان و كچانى ئێزیدی به هۆى هاتنى داعش بۆ ناوچه‌كانى ئێزیدینشین له شنگال و ده‌وروبه‌ری، سێ هه‌زار و 100 كه‌س ئێزیدی گیانیان له ده‌ست داوه، شه‌ش هه‌زار و 800 ژن و منداڵ و پیاوی ئێزیدی رفێنراون و له‌و ژماره‌یه سێ هه‌زار و 140یان رزگار كراون.
هه‌ر به‌هۆى شه‌ڕى داعش، 400 هه‌زار ئێزیدی ئاواره بوونه و له‌و ژماره‌یه‌ش نزیكه‌ى 100 هه‌زاریان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى وڵات رۆیشتوون.