ئەمڕۆ ئێوارە ١٢ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧، گەنجێک لە ناو بازاڕی ئیسکان بە دەمانچە گولەیەکی لە سەری خۆی دا و گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێ كە بریندار بووە و گیانی لەدەست نەداوە.
هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ئەم گەنجە لە ناو بازاڕی ئیسکانی شاری هەولێر بە دەمانچە گولەیەکی لە سەری خۆی داوە و ئێستە لە نەخۆشخانەیە."
زیاتر گوتی: "زانیاری تەواومان لەسەر بابەتەکە وەرنەگرتووە و خەریکی لێکۆڵینەوەین و بە وردی لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین."
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستی "وشە" کەوتووە، ئەم گەنجە نەخۆشی دەروونی هەیە، بۆیە بە دەمانچە ئەم ئێوارەیە، گولـەیەکی بە سەری خۆیەوە ناوە.
شایەنی باسكردنە بەهۆی كێشەكانی دارایی و دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بەگشتی، تا دێت رووداوەكان زیاتر دەبن بەتایبەتی هەوڵی خۆكوشتن و توندوتیژی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان و هیتریش.